١ئەی گەلی من، گوێ بدەنە فێرکردنم، گوێ شل بکەن بۆ قسەکانی دەمم.
٢بە نموونە دەمم دەکەمەوە، مەتەڵی ڕۆژگاری کۆن ڕادەگەیەنم.
٣ئەو شتانەی بیستوومانە و زانیومانە، ئەوەی باوباپیرانمان پێیان گوتووین.
٤ئەو شتانە لە منداڵەکانیان ناشارینەوە، بەڵکو بە نەوەی داهاتوو، ستایشی یەزدان ڕادەگەیەنین، هێزی و کارە سەرسوڕهێنەرەکانی کە کردوویەتی.
٥لەناو بنەماڵەی یاقوب شەریعەتی دامەزراند، لەناو ئیسرائیل تەورات، کە باوباپیرانی ئێمەی ڕاسپارد کە فێری منداڵانی خۆیانی بکەن،
٦بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو بیانزانێت، ئەو منداڵانەی لەدایک دەبن، ئەوانیش هەستن و بۆ منداڵانی خۆیانی باس بکەن.
٧ئینجا هیوایان بە خودا دەبێت، کردارەکانی خودایان لە یاد ناچێ، بەڵکو ڕاسپاردەکانی بەجێدەگەیەنن،
٨بۆ ئەوەی وەک باوباپیرانیان نەبن، نەوەیەکی یاخی و کەللەڕەق، نەوەیەک جگەرسۆز نەبوو بۆ خودا، ڕۆحیشیان دڵسۆزی ئەو نەبوو.
٩ئەفرایمییەکان کە چەکیان تیروکەوان بوو، لە ڕۆژی جەنگدا گەڕانەوە.
١٠پەیمانی خودایان شکاند، بەپێی فێرکردنی نەجوڵانەوە.
١١کردارەکانی خودایان لەبیر کرد، ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کە پیشانی دابوون.
١٢لەبەرچاوی باوباپیرانیان پەرجووی کرد، لە خاکی میسر، لە وڵاتی چۆعەن.
١٣دەریای شەقکرد و پەڕاندنیەوە، وەک بەربەست ئاوی ڕاگرت.
١٤بە ڕۆژ بەهۆی هەورەوە ڕێبەری کردن، بە درێژایی شەویش بە ڕووناکی ئاگر.
١٥لە بیابان تاشەبەردی شەقکرد و ئاوی پێدان، ئەوەندە زۆر وەک لە دەریاوە بێت.
١٦جۆگەی لەناو تاشەبەرد هەڵقوڵاند، وەک ڕووبار ئاوی بەردایەوە.
١٧بەڵام بەردەوام بوون لە گوناهکردن لە دژی، لە یاخیبوون لە دژی خودای هەرەبەرز لە بیابان.
١٨لە دڵی خۆیاندا خودایان تاقی کردەوە بە داواکردنی ئەو خواردنەی دڵیان پێوەی بوو.
١٩لە دژی خودا دوان و گوتیان: «ئایا خودا دەتوانێت لە چۆڵەوانی مێزێک بڕازێنێتەوە؟
٢٠ڕاستە، لە تاشەبەردەکەی دا و ئاوی لێ هێنا، جۆگەکان ئاویان لێ ڕژا! بەڵام ئایا دەتوانێت نانیش بدات و گۆشت بۆ گەلەکەی دابین بکات؟»
٢١کە یەزدان ئەمەی بیست زۆر تووڕە بوو، ئاگری داگیرسا لە دژی یاقوب، هەروەها تووڕەیی هەستا لە ئیسرائیل،
٢٢چونکە بڕوایان بە خودا نەهێنا و پشتیان بە ڕزگاریی ئەو نەبەست.
٢٣جا فەرمانی دا بە هەورەکان لە بەرزایی، دەرگای ئاسمانی کردەوە،
٢٤مەنی بەسەریاندا باراند بۆ خواردن و دانەوێڵەی ئاسمانی پێدان.
٢٥مرۆڤ نانی فریشتەکانیان خوارد، ئازووقەی بۆ ناردن هەتا تێربوون.
٢٦لە ئاسمانەوە بای ڕۆژهەڵاتی هەڵکرد، بە هێزیشی بای باشووری بەرەو پێش برد.
٢٧وەک خۆڵ گۆشتی بەسەریاندا باراند، وەک لمی دەریاکان پەلەوەری باڵدار.
٢٨باراندییە ناو ئۆردوگاکەیان، لە دەوروبەری چادرەکانیان.
٢٩خواردیان و زۆر تێر بوون، ئەوەی دڵیان پێوەی بوو بۆی هێنان.
٣٠بەڵام بەر لەوەی ئەوەی حەزیان لێی بوو بەجێی بهێڵن، هێشتا خواردنەکەیان لەناو دەم بوو،
٣١تووڕەیی خودا لێیان هەستا، هەرە بەهێزەکانی کوشتن و باشترین گەنجەکانی ئیسرائیلی خست.
٣٢لەگەڵ ئەمەشدا گوناهیان کردەوە، بڕوایان بە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی نەکرد.
٣٣بە فووێک ڕۆژگاری لەناوبردن، بە تۆقاندن ساڵانیان.
٣٤هەر کاتێک لێیان بکوژێت بەدوای دەکەون، بە پەرۆشەوە دەگەڕێنەوە لای.
٣٥بەبیریان دێتەوە کە خودا تاشەبەردیانە، خودای هەرەبەرزیشە کە دەیانکڕێتەوە.
٣٦بەڵام بە دەم فێڵ دەکەن، بە زمان درۆی لەگەڵ دەکەن.
٣٧دڵیان لەلای ناچەسپێت، دڵسۆز نین لەگەڵ پەیمانەکەی.
٣٨ئەویش بەزەییداره و لە گوناه خۆشدەبێت و نافەوتێنێت. زۆر جار تووڕەیی خۆی دەگێڕێتەوە، هەموو هەڵچوونی خۆی دەرنابڕێت.
٣٩بەبیری دێتەوە ئەمانە مرۆڤن، بایەکن هەڵدەکەن و ناگەڕێنەوە.
٤٠چەند جار لە چۆڵەوانی لێی یاخیبوون، لە بیابان دڵتەنگیان کرد.
٤١جار لەدوای جار خودایان تاقی کردەوە، خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلیان تووڕە کرد.
٤٢دەستی ئەویان لەبیرچوو، ئەو ڕۆژەی ئەوانی لە دوژمن کڕییەوە.
٤٣ئەو ڕۆژەی لە میسر نیشانەی پیشاندا، لە وڵاتی چۆعەن پەرجووی کرد.
٤٤ڕووبار و جۆگەکانیانی گۆڕی بۆ خوێن، بۆ ئەوەی نەخۆنەوە.
٤٥مێشومەگەزی نارد پێوەیان دان، بۆقی نارد بۆگەنیان کردن.
٤٦بەروبوومی ئەوانی دا بە سن، بەری ماندووبوونیان بە کوللە.
٤٧بە تەرزە ڕەزەمێوەکانی کوتان و بە زوقم دار هەنجیرەکانی وشککردن.
٤٨گاوگۆتاڵی ئەوانی خستنە بەر تەرزە و ئاژەڵی ماڵی دانە بەر بروسکە.
٤٩گڕی هەڵچوونی خۆی ڕژاندە سەریان، تووڕەیی و تۆڵە و بەڵا، بە فریشتەی لەناوبەر ناردی.
٥٠ڕێگای بۆ تووڕەیی خۆی خۆشکرد، مردنی لێ نەگێڕانەوە، ژیانیانی تووشی دەرد کرد.
٥١لە هەموو نۆبەرەکانی میسری دا، یەکەمین بەرهەمی پیاوەتی وڵاتی حام.
٥٢ئینجا وەک مەڕ گەلەکەی بەپێشدا، وەک ڕان لە چۆڵەوانی ڕابەرایەتی کردن.
٥٣بە ئاسوودەیی ڕێنمایی کردن، ئیتر بێ ترس بوون، بەڵام دەریا دوژمنەکانی داپۆشین.
٥٤بردنی بۆ سنووری خاکی پیرۆز، ئەو ناوچە شاخاوییەی بە دەستی ڕاستی بەدەستیهێنا.
٥٥نەتەوەکانی لەبەردەم دەرکردن، میراتی بە گوریس بۆ دابەش کردن، هۆزەکانی ئیسرائیلی لە خێوەتەکانیان نیشتەجێ کرد.
٥٦بەڵام خودای هەرەبەرزیان تاقی کردەوە و یاخی بوون، یاساکانی ئەویان پەیڕەو نەکرد.
٥٧هەڵگەڕانەوە و فێڵبازییان کرد، وەک باپیرانیان لەڕێ لایاندا، وەک کەوانێکی ناڕێک.
٥٨بە نزرگەکانیان لەسەر بەرزاییەکان پەستیان کرد، بە بتەکانیان ئیرەیی ئەویان جۆشاند.
٥٩خودا ئەمەی بیست، پڕ تووڕەیی بوو، بە تەواوی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە.
٦٠چادری پەرستنی شیلۆی بەجێهێشت، ئەو چادرەی لەناو مرۆڤ هەڵیدابوو.
٦١سندوقی پەیمانی خۆی دایە دەست، هێمای هێز و شکۆی خۆی دایە دەست ناحەزەکانی.
٦٢گەلی خۆی خستە بەردەمی شمشێر، لە میراتەکەی تووڕە بوو.
٦٣گەنجەکانیان ئاگر هەڵیلووشین، کچەکانیان هەلهەلەیان لێ نەدا.
٦٤کاهینەکانیان بە شمشێر کەوتن، بێوەژنەکانیان شیوەنیان نەگێڕا.
٦٥ئەوسا پەروەردگار هەستا وەک ئەو کەسەی لە خەو بەئاگا دێتەوە، وەک ئەو پاڵەوانەی لە سەرخۆشی بەهۆش دێتەوە.
٦٦لە دوژمنەکانی دا بۆ دواوە، کردنی بە ڕیسوایی هەمیشەیی.
٦٧خێوەتەکانی یوسفی ڕەتکردەوە، هۆزی ئەفرایمی هەڵنەبژارد،
٦٨بەڵکو هۆزی یەهودای هەڵبژارد، کێوی سییۆن کە خۆشی دەوێت.
٦٩وەک بەرزاییەکان پیرۆزگای خۆی بنیاد نا، وەک زەوی هەتاهەتایە چەسپاندی.
٧٠داودی بە خزمەتکاری خۆی هەڵبژارد و لەناو پشتیری مەڕ دەریهێنا.
٧١لەدوای مەڕە شیردەرەکانەوە هێنای، بۆ ئەوەی ببێتە شوانی یاقوبی گەلی خۆی، ئیسرائیلی میراتگری خۆی.
٧٢داودیش بە دڵپاکییەوە شوانایەتی کردن، بە دەستێکی کارامە ئاراستەی کردن.