کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٧٧

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە، هاوار دەکەم، دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە بۆ ئەوەی گوێی لێم بێت.

٢لە ڕۆژی تەنگانەم ڕوو لە پەروەردگار دەکەم، بە درێژایی شەو دەست پان دەکەمەوە، بێ ئەوەی سڕبێت. گیانم نەوازش ڕەت دەکاتەوە.

٣بیر لە خودا دەکەمەوە و دەناڵێنم، ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەبوورێتەوە.

٤پێڵووی چاوەکانمت گرت، شپرزە بووم، قسەم پێ نەکرا.

٥بیر لە ڕۆژگاری دێرین دەکەمەوە، ساڵانی ڕابردوو.

٦شەوانە لە دڵی خۆم بیر لە ئاوازەکانم دەکەمەوە، ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەگەڕێت:

٧«ئایا هەتاهەتایە پەروەردگار ڕەتمان دەکاتەوە؟ چیتر لێمان ڕازی نابێتەوە؟

٨ئایا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتایە نەماوە؟ ئایا بەڵێنەکانی بۆ نەوە دوای نەوە دواییان هاتووە؟

٩ئایا خودا میهرەبانی لەبیر کردووە؟ یان لە تووڕەیی بەزەیی خۆی داخستووە؟»

١٠ئینجا دەڵێم: «ئەمە دەردی منە: دەستە ڕاستەی خودای هەرەبەرز گۆڕاوە.»

١١کردارەکانی یەزدان دێنمەوە یادم، بێگومان پەرجووەکانی تۆم لەبیرە کە لە کۆنەوەیە.

١٢لە هەموو کارەکانت ورد دەبمەوە و بیر لە کردەوە مەزنەکانت دەکەمەوە.

١٣ئەی خودایە، ڕێگات پیرۆزە. چ خودایەک وەک خودا مەزنە؟

١٤تۆ ئەو خودایەی کە پەرجووت کردووە و هێزی خۆتت لەنێو خەڵک دەرخستووە.

١٥بە بازووی خۆت گەلی خۆتت کڕییەوە، نەوەی یاقوب و یوسف.

١٦ئەی خودایە، کە ئاوەکان تۆیان بینی، کە ئاوەکان تۆیان بینی ترسان، بگرە قووڵاییەکان هەژان.

١٧هەورەکان ئاویان ڕشت، هەورەتریشقەکان دەنگیان دایەوە، هەروەها تیرەکانت بریسکانەوە.

١٨گرمەی هەورەتریشقەی تۆ لە گەردەلوول، بروسکەکان دنیایان ڕووناک کردەوە، زەوی لەرزی و هەژا.

١٩ڕێگات بە ناو دەریادایە، ڕێچکەکانت بە ناو ئاوە زۆرەکانە، شوێن پێیەکانت نەزانران.

٢٠لەسەر دەستی موسا و هارون، وەک مێگەلە مەڕ ڕێنمایی گەلی خۆتت کرد.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.