١لە یەهودا خودا ناسراوە، لە ئیسرائیلدا ناوی گەورەیە!
٢کەپری لە شالیمە، هەواری لە سییۆنە.
٣لەوێ تیرە گڕدارەکان و قەڵغان و شمشێر و جەنگەکانی تێکشکاند.
٤تۆ ڕەوشەنی، لە چیای نێچیرەکان شکۆدارتری.
٥قارەمانەکان ماڵیان بە تاڵان چوو، دوایین خەوی خۆیان نوستن، هیچ جەنگاوەرێک نەیتوانی دەست بکاتەوە.
٦ئەی خودای یاقوب، بە سەرزەنشتی تۆ، ئەسپ و سوار پێکەوە کەوتنە خەوێکی قووڵەوە!
٧تۆ خۆت بەسامیت! لە کاتی تووڕەییت، کێ لەبەردەمت ڕادەوەستێت؟
٨لە ئاسمان حوکمت بیسترا، زەوی ترسا و کپ بوو،
٩بە هەستانی خودا بۆ دادوەری، بۆ ڕزگارکردنی هەموو ستەملێکراوانی زەوی.
١٠بێگومان تووڕەیی مرۆڤ ستایشت دەکات، خۆتت بە پاشماوەی تووڕەیی چەکدار کردووە.
١١نەزر بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن و بەجێی بهێنن. ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوریدان، دیاری پێشکەش بە سامناک بکەن.
١٢ئەوەی ڕۆحی میرەکان دەشکێنێت، سامناکە بۆ پاشاکانی سەر زەوی.