کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٧٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی خودایە، ستایشت دەکەین، ستایشت دەکەین، چونکە ناوت نزیکە، خەڵکی باسی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەکەن.

٢تۆ دەفەرمووی: «کات دیار دەکەم، بە ڕاستی دادوەری دەکەم.

٣کە زەوی و هەموو دانیشتووانەکەی دەلەرزن، منم کۆڵەکەکانی دەچەسپێنم.

٤بە لووتبەرزان دەڵێم: ”لووتبەرز مەبن،“ بە خراپەکاران: ”هێزتان دەرمەخەن.

٥هێزتان بەرەو ئاسمان دەرمەخەن، بە کەللەڕەقی مەدوێن.“»

٦نە لە ڕۆژهەڵات و نە لە ڕۆژئاوا، نە لە بیابان کەس ناتوانێ مرۆڤ بەرز بکاتەوە،

٧بەڵکو خودایە دادپەروەری دەکات، ئەم نزم دەکات و ئەو بەرز دەکاتەوە.

٨جام بەدەستی یەزدانەوەیە، پڕە لە مەی ترشاو و تێکەڵ بە داوودەرمان، لەمە تێدەکات، هەموو بەدکارانی سەر زەوی لێی بخۆنەوە و هەتا خڵتەکەی بەتاڵی بکەن.

٩بەڵام من هەتاهەتایە ئەمە ڕادەگەیەنم، گۆرانی بۆ خودای یاقوب دەڵێم، کە دەفەرموێت:

١٠«هێزی هەموو بەدکارەکان دەڕووخێنم، هێزی ڕاستودروستانیش زیاد دەکەم.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.