کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٧٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی خودایە، بۆچی هەتاهەتایە ڕەتت کردینەوە؟ بۆچی تووڕەییت دووکەڵ دەکات بەسەر مەڕی لەوەڕگاکەتدا؟

٢کۆمەڵی خۆت لەبیر بێت، کە لە کۆنەوە بەدەستت هێناوە، هۆزی میراتی خۆتت کڕییەوە، ئەم کێوی سییۆنە کە تێیدا نیشتەجێ بوویت.

٣هەنگاو هەڵبڕە بەرەو وێرانگای هەمیشەیی، هەموو ئەو وێرانکارییەی کە دوژمن بە پیرۆزگای کرد.

٤ناحەزەکانت لە ناوەڕاستی شوێنی چاوپێکەوتنی تۆدا نەڕاندیان، ئاڵاکانیان وەک نیشانە چەقاند.

٥لەوانە دەچوون کە تەورەکانیان بەرزکردووەتەوە، لەسەر داری دارستانەکان.

٦بە تەور و چەکوش تێکیان شکاند، هەموو نەخشێنراوەکان.

٧ئاگریان لە پیرۆزگاکەت بەردا، ئەو شوێنەی کە ناوی تۆی تێدا نیشتەجێیە گڵاویان کرد.

٨لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «بە تەواوی بەسەریاندا زاڵ دەبین!» هەموو نزرگەیەکی خودایان لەسەر زەوی سووتاند.

٩پەرجووەکانمان نابینین و هیچ پێغەمبەرێک نەماوە، کەسیشمان نازانێت تاکو کەیە.

١٠ئەی خودایە، هەتا کەی ناحەزان جنێو بدەن؟ ئایا دوژمن هەتاهەتایە بێزیان لە ناوی تۆ بێتەوە؟

١١بۆچی دەستت دەگەڕێنیتەوە؟ دەستی ڕاستت لە باخەڵت دەربهێنە و لەناویان ببە!

١٢بەڵام خودایە، تۆ هەر لە ئەزەلەوە پاشای منی، دروستکەری ڕزگاریت لە ناوەڕاستی زەوی.

١٣تۆ بە هێزی خۆت دەریات شەقکرد، سەری ئەژدیهاکانی دەریات لەسەر ئاو پانکردەوە.

١٤تۆ سەرەکانی لیڤیاتانت وردوخاش کرد، کردت بە خۆراکی دڕندە بیابانییەکان.

١٥تۆ کانی و جۆگەکانت تەقاندەوە، تۆ ڕووبارە هەمیشە ڕۆیشتووەکانت وشککرد.

١٦ڕۆژ هی تۆیە و شەویش هی تۆیە، تۆ ڕووناکی و خۆرت دامەزراند.

١٧هەموو سنوورەکانی زەوی تۆ دیارت کردوون، تۆ هاوین و زستانت داهێناوە.

١٨ئەی یەزدان، ئەمەت لەبیر بێت، ناحەزان سووکایەتییان پێت کرد، گەلێکی گێل بێزیان لە ناوی تۆ کردەوە.

١٩گیانی کۆترەکەت مەکە نێچیری دڕندەکان، هەرگیز ژیانی گەلە چەوسێنراوەکەت لەبیر مەکە.

٢٠پەیمانی خۆت لەبیر بێت، چونکە هەموو شوێنە تاریکەکانی زەوی بوونە لانەی توندوتیژی.

٢١ڕێ مەدە کەسی تێکشکاو بە شەرمەزاری بگەڕێتەوە. با هەژار و کڵۆڵان ستایشی ناوت بکەن.

٢٢ئەی خودایە، ڕاپەڕە، بەرگری لە مافی خۆت بکە! لەبیرت بێت چۆن گێلەکان بە درێژایی ڕۆژ گاڵتەیان پێت دەکرد.

٢٣قسەی دژەکانت لەبیر مەکە، ژاوەژاوی نەیارانت کە بەردەوام لە زیادبوونە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.