کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٧٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١بێگومان خودا چاکە بۆ ئیسرائیل، بۆ دڵپاکەکان.

٢بەڵام من خەریک بوو پێم بخزێت و زۆری نەمابوو هەنگاوم بخلیسکێت،

٣چونکە بەغیلیم بە لووتبەرزەکان برد، کە ئاسوودەیی بەدکارانم دی.

٤ترسیان لە مردن نییە، جەستەیان تەندروست و قەڵەوە.

٥لە ڕەنجکێشانی مرۆڤ بەدەرن، وەک خەڵکی تێناکەون.

٦بۆیە لووتبەرزییان وەک ملوانکە لە مل کردووە و بەرگی توندوتیژییان پۆشیوە.

٧خراپە لە دڵی بێ بەزەییانەوە دێت، لێکدانەوەی دڵیان بێ سنوورە.

٨گاڵتەجاڕی دەکەن و بە خراپە دەدوێن، بە لووتبەرزییەوە باسی ستەم دەکەن.

٩ڕووی دەمیان لە ئاسمان کردووە، زمانیشیان بەسەر زەویدا دەگێڕن.

١٠بۆیە خەڵکی خۆیان دێنە لایان و باوەڕ بە قسەکانیان دەکەن.

١١دەڵێن: «چۆن خودا دەزانێت؟ ئایا لەلای هەرەبەرز زانیاری هەیە؟»

١٢ئەوەتا ئەمانە بەدکارن، هەمیشە لە خۆشیدان و سامانیان لە زیادبووندایە.

١٣بێگومان بە بێهوودە دڵی خۆمم بە پاکی ڕاگرتووە، دەستیشم بە بێگەردی شوشتووە.

١٤بە درێژایی ڕۆژ لێم قەومابوو، هەتا بەرەبەیان تەمبێ کرابووم.

١٥ئەگەر بە ڕاشکاوی قسەم دەکرد، ئەوا لەگەڵ منداڵەکانت ناپاک دەبووم.

١٦کاتێک ویستم لەمە تێبگەم، بە ئەرکێکی سەختم بینی،

١٧هەتا چوومە ناو پیرۆزگای خودا، ئەوسا لە چارەنووسیان تێگەیشتم.

١٨بە ڕاستی لە جێگایەکی خلیسک داتناون، تووشی وێرانیت کردوون.

١٩چۆن بە چاوتروکانێک وێران بوون، لە ترسان بە تەواوی لەناوچوون!

٢٠ئەی پەروەردگار، وەک خەون کاتی بەئاگا هاتنەوە، لە کاتی بەئاگایی وەک خەون ڕیسوایان دەکەیت.

٢١کاتێک دڵم تەنگ بوو، وەک شمشێر هەناومی بڕی،

٢٢گێل و نەزان بووم، لەلای تۆ وەک ئاژەڵم لێهات.

٢٣لەگەڵ ئەوەشدا، من هەمیشە لەلای تۆم، دەستی ڕاستی منت گرت.

٢٤بە ئامۆژگاریت ڕێنماییم دەکەیت، پاشان بۆ شکۆمەندیم دەبەیت.

٢٥بێجگە لە تۆ لە ئاسمان کێم هەیە؟ ئەگەر لەگەڵ تۆ بم، لەسەر زەویش هیچ نییە ئارەزووی بکەم.

٢٦جەسته و دڵم کۆتاییان پێدێت، بەڵام هەتاهەتایە هێزی دڵ و بەشی من خودایە.

٢٧ئەوەتا ئەوانەی لە تۆ دوورن وێڵ دەبن، ئەوانەی ناپاکیت لەگەڵ بکەن دوایان دەبڕیتەوە.

٢٨بەڵام نزیکبوونەوە لە خودا بۆ من باشە، یەزدانی باڵادەستم کرد بە پەناگام، هەتا باسی هەموو کردەوەکانت بکەم.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.