کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٧٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی خودایە، دادپەروەری خۆت بدە بە پاشا، ڕاستودروستیت بە کوڕی پاشا.

٢با بە ڕاستودروستی حوکمی گەلەکەت بکات، بە دادپەروەریش هەژارەکانت.

٣با چیاکان ئاشتی بۆ گەل دابین بکەن، گردەکان ڕاستودروستی.

٤با دادوەری کڵۆڵانی گەل بکات، کوڕی نەداران ڕزگار بکات، زۆرداران وردوخاش بکات.

٥با وەک خۆر بمێنێت، وەک مانگ بە درێژایی نەوەکان.

٦وەک باران بەسەر گیادا ببارێت، وەک هەور زەوی ئاو بدات،

٧ڕاستودروستان لە سەردەمی ئەو شکۆفە دەکەن، ئاشتییەکی زۆر دەبێت هەتا فەوتانی مانگ.

٨لە دەریاوە هەتا دەریا حوکم دەکات، لە ڕووباری فوراتەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی.

٩بیاباننشینەکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و ناحەزانی تۆز دەلێسنەوە.

١٠پاشاکانی تەرشیش و دوورگە دوورەکان سەرانە دەنێرن، پاشاکانی شەبا و سەبا دیاری بۆ دێنن.

١١هەموو پاشاکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و هەموو نەتەوەکان خزمەتی دەکەن.

١٢لەبەر ئەوەی نەدار کە هاواری بۆ دەبات، دەربازی دەکات، چەوسێنراویش کە یارمەتیدەری نییە.

١٣بەزەیی بە لاواز و نەداردا دێتەوە، گیانی نەدارەکان ڕزگار دەکات،

١٤گیانیان لە ستەم و توندوتیژی دەکڕێتەوە، خوێنی ئەوان لەلای بەنرخە.

١٥تەمەن درێژ بێت! با لە زێڕی شەبای پێبدرێت، با هەمیشە خەڵک نزای بۆ بکەن، با بە درێژایی ڕۆژ داوای بەرەکەتی بۆ بکەن.

١٦با دانەوێڵەیەکی زۆر لەسەر زەوی بێت، لەسەر لووتکەی گردەکان، بەرهەمی وەک لوبنان بشەکێتەوە، با ئەوانەی لە شارەکانن وەک گیای کێڵگە چرۆ بکەن.

١٧با هەتاهەتایە ناوی بمێنێت، هەتا خۆر مابێت ناوی بەردەوام بێت. هەموو نەتەوەکان لەوەوە بەرەکەتدار بن، هەمووان خۆزگەی پێ بخوازن.

١٨ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگار، خودای ئیسرائیل، بە تەنها ئەوە کاری سەرسوڕهێنەر دەکات.

١٩هەتاهەتایە ستایش بۆ ناوی شکۆداری، با شکۆمەندییەکەی هەموو جیهان پڕ بکات. ئامین و ئامین.

٢٠لێرەدا نوێژەکانی داودی کوڕی یەسا تەواو بوون.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.