١ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ، با هەرگیز شەرمەزار نەبم،
٢بە ڕاستودروستی خۆت فریام بکەوە و دەربازم بکە. گوێم بۆ ڕاگرە و ڕزگارم بکە.
٣بۆم ببە بە تاشەبەردی پەنا، هەمیشە پەنای بۆ ببەم. فەرمانی ڕزگاریی من بدە، چونکە تۆ تاشەبەردی منیت، تۆ قەڵای منیت.
٤ئەی خودای من، لە دەستی بەدکاران، لە چەپۆکی خراپەکاران و زۆرداران دەربازم بکە.
٥ئەی یەزدانی باڵادەستم، تۆ هیوای منیت، لە گەنجییەوە پشتوپەنای منیت.
٦لە سکی دایکمەوە پشتم بە تۆ بەستووە، تۆ بووی لە هەناوی دایکمەوە دەرتهێنام، ستایشم هەمیشە بۆ تۆیە.
٧بووم بە پەند لەلای زۆر کەس، بەڵام تۆ پەناگای بەهێزی منیت.
٨دەمم پڕە لە ستایشی تۆ، لە شکۆدارکردنت بە درێژایی ڕۆژ.
٩لە کاتی پیری فڕێممەدە، کە هێزم لەبەر نەما وازم لێ مەهێنە،
١٠چونکە دوژمنەکانم قسەم لەسەر دەکەن، ئەوانەی چاوەڕێی کوشتنم دەکەن، پێکەوە تەگبیر دەکەن.
١١دەڵێن: «خودا وازی لێ هێناوە، ڕاوی بنێن و بیگرن، چونکە دەربازکەری نییە.»
١٢خودایە، لێم دوور مەکەوە، ئەی خودای من، زوو بگە فریام.
١٣با شەرمەزار بن و لەناوبچن، ئەوانەی سکاڵام لێ دەکەن، با بە ڕیسوایی و سووکایەتی بپۆشرێن، ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.
١٤بەڵام من هەمیشە هیوادارم، هەتا دێت زیاتر ستایشت دەکەم.
١٥دەمم باسی ڕاستودروستیت دەکات، بە درێژایی ڕۆژ باسی ڕزگاریت دەکات، هەرچەندە پێوانەکەی نازانم.
١٦دان بە پاڵەوانیێتی یەزدانی باڵادەستم دەنێم، تەنها ڕاستودروستی تۆ دەهێنمەوە یاد.
١٧خودایە، لە سەردەمی گەنجییەوە فێرت کردووم، هەتا ئێستا کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.
١٨خودایە، تەنانەت لە پیری و ڕیش سپیێتیشم، وازم لێ مەهێنە، هەتا توانات بۆ نەوەی داهاتوو ڕابگەیەنم، هێزت بۆ هەموو ئەوانەی دێن.
١٩خودایە، ڕاستودروستیت هەتا بەرزاییە، کردارەکانت زۆر مەزنن. ئەی خودایە، کێ وەک تۆیە؟
٢٠تۆ تەنگانەی زۆر و تاڵت پیشاندام، بەڵام دەگەڕێیتەوە و زیندووم دەکەیتەوە، لە ناخی زەوییەوە دووبارە بەرزم دەکەیتەوە.
٢١مەزنێتیم زیاتر دەکەیت، دەگەڕێیتەوە و دڵنەواییم دەکەیت.
٢٢ئەی خودای من، لە پێناوی دڵسۆزیت بە ساز ستایشت دەکەم، ئەی پیرۆزەکەی ئیسرائیل، بە قیسارەوە مۆسیقات بۆ دەژەنم.
٢٣لێوەکانم هەلهەلە لێدەدەن، کە گۆرانیت بۆ دەڵێم، هەروەها گیانم، ئەوەی کە کڕیتەوە.
٢٤زمانیشم بە درێژایی ڕۆژ باسی ڕاستودروستیت دەکات، چونکە شەرمەزار و سووک بوون، ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.