١ئەی یەزدان، تۆ لە زەوی خۆت ڕازیت، دیلەکانی یاقوبت گێڕاوەتەوە.
٢لە تاوانەکانی گەلەکەت خۆشبوویت، هەموو گوناهەکانیت داپۆشیوە.
٣هەموو تووڕەیی خۆتت گرتەوە، لە جۆشانی تووڕەییت گەڕایتەوە.
٤ئەی خودای ڕزگاریمان، بمانگەڕێنەوە، تووڕەیی خۆتمان لەسەر لابدە.
٥ئایا هەتاهەتایە لێمان تووڕە دەبیت؟ نەوە دوای نەوە درێژە بە تووڕەییت دەدەیت؟
٦ئایا تۆ ناگەڕێیتەوە هەتا زیندوومان بکەیتەوە، بۆ ئەوەی گەلەکەت پێت شاد بێت؟
٧ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتمان پیشان بدە، ڕزگاریی خۆتمان پێ ببەخشە.
٨ئەوەی خودای پەروەردگار دەیڵێت، گوێی لێ دەگرم، چونکە بەڵێنی ئاشتی دەدات بە گەلەکەی و بە خۆشەویستانی، بەڵام با نەگەڕێنەوە سەر گێلایەتی.
٩بێگومان ڕزگارییەکەی لەو کەسانە نزیکە کە لێی دەترسن، بۆ ئەوەی شکۆمەندییەکەی لە خاکی ئێمەدا نیشتەجێ بێت.
١٠خۆشەویستی نەگۆڕ و ڕاستی بە یەک گەیشتوون، ڕاستودروستی و ئاشتی یەکتری ماچ دەکەن.
١١ڕاستی لە زەوییەوە دەڕوێت و ڕاستودروستی لە ئاسمانەوە سەر دەردێنێت.
١٢هەروەها یەزدان چاکە دەبەخشێت و زەوی ئێمەش دەغڵودان دەدات.
١٣ڕاستودروستی لەپێشی دەڕوات، ڕێگای بۆ خۆش دەکات.