کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٨٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی یەزدانی سوپاسالار، ماڵەکەت چەند خۆشە!

٢گیانم شەیدایە، تەنانەت تامەزرۆی چوونە ناو حەوشەی ماڵی یەزدانە. لەش و دڵم هەلهەلە لێدەدەن بۆ خودای زیندوو.

٣تەنانەت پاساریش ماڵی دەست دەکەوێت و پەڕەسێلکەش هێلانە، بۆ ئەوەی بێچووەکانی تێدا دابنێت، لە نزیک قوربانگای تۆ، ئەی یەزدانی سوپاسالار، پاشا و خودام.

٤خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە لە ماڵی تۆدا نیشتەجێن، هەمیشە ستایشی تۆ دەکەن.

٥خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هێزیان لە تۆوەیە، ڕێگاکانت لەناو دڵیاندایە،

٦کە بە دۆڵی فرمێسک تێدەپەڕن، دەیکەنە کانیاو، پاییزە بارانیش پڕ بەرەکەتی دەکات.

٧لە هێزێکەوە دەچنە هێزێکی دیکە، هەتا هەریەک لەبەردەم خودا لە سییۆن دەربکەوێت.

٨ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، گوێت لە نوێژم بێت، خودای یاقوب، گوێ شل بکە.

٩ئەی خودایە، بڕوانە قەڵغانەکەمان، سەیری ڕوخساری دەستنیشانکراوەکەت بکە.

١٠یەک ڕۆژ لە حەوشەی ماڵی تۆ لە هەزار ڕۆژ لە شوێنێکی دیکە باشترە. ڕاوەستان لە بەردەرگای ماڵی خودای خۆمم هەڵبژارد، نەک نیشتەجێی نێو ڕەشماڵی بەدکاران،

١١لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگار خۆر و قەڵغانە، یەزدان میهرەبانی و شکۆ دەبەخشێت، ڕێ لە چاکە ناگرێت بۆ ئەوانەی ڕێگایان تەواوە.

١٢ئەی یەزدانی سوپاسالار، خۆزگە بەوە دەخوازرێ کە پشت بە تۆ دەبەستێت.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.