١ئەی خودایە، بێدەنگ مەبە، کپ مەبە، خودایە، هێدی مەبە.
٢ئەوەتا دوژمنانت هەرایانە، ناحەزانت لە دژت ڕاپەڕیون.
٣ڕاوێژ دەکەن لە دژی گەلەکەت، پیلان دەگێڕن لە دژی ئەوانەی تۆ پەنات داون.
٤دەڵێن: «با لەناو نەتەوەکان بیانسڕینەوە، لەمەودوا ناوی ئیسرائیل باس نەکرێت.»
٥بە هاوبیری پێکەوە پیلان دەگێڕن، لە دژی تۆ پەیمانیان بەستووە.
٦خێوەتەکانی ئەدۆم و ئیسماعیلییەکان، مۆئاب و هاجەرییەکان،
٧جوبەیل و عەمۆن و عەمالێق، فەلەستیە لەگەڵ دانیشتووی سور.
٨هەروەها ئاشوریش چووەتە پاڵیان، بوونە بازووی بەهێزی نەوەی لوت.
٩هەروەک چیت لە میدیان کرد ئاوایان لێ بکە، هەروەک چیت لە سیسرا و یاڤین کرد لە ڕووباری قیشۆن،
١٠کە لە کانی دۆر فەوتان، بوون بە زبڵ بۆ زەوی.
١١گەورەکانیان وەک عۆرێڤ و زئێڤ لێ بکە، هەموو میرەکانیان وەک زەڤەح و زەلموناع،
١٢ئەوانەی گوتیان: «لەوەڕگاکانی خودا دەکەینە موڵکی خۆمان.»
١٣ئەی خودای من، بیانکە بە تەپوتۆز، وەک کای دەم بایان لێ بکە.
١٤وەک چۆن ئاگر دارستان دەسووتێنێت، وەک گڕ چیا دەسووتێنێت،
١٥ئاوا بە ڕەشەبای خۆت ڕاویان بنێ، بە گەردەلوولی خۆت هوڕیان بکە.
١٦ئەی یەزدان، ڕوویان بە شەرمەزاریی داپۆشە، تاکو بەدوای ناوتدا بگەڕێن.
١٧هەتاهەتایە شەرمەزار و پەرێشانن، ڕیسوا دەبن و دەفەوتێن.
١٨با بزانن کە تۆ، ئەوەی ناوت یەزدانە، لەسەر هەموو زەوی تەنها تۆ هەرەبەرزیت!