کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٨٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی یەزدان، خودای ڕزگاریم، شەو و ڕۆژ بەرامبەر بە تۆ هاوارم کرد.

٢با نوێژەکانم بگاتە بەردەمت، گوێ بۆ هاوارم شل بکە.

٣گیانم پڕ خراپە بووە و ژیانم لە جیهانی مردووان نزیک بووەتەوە.

٤وەک ئەوانە دانراوم کە دەچنە نێو جیهانی مردووان، وەک پیاوێکم لێهاتووە هێزی لەبەربڕابێت.

٥لەناو مردووان وازلێهێنراو، وەک کوژراوەکانی ناو گۆڕ ڕاکشاو، ئەوانەی ئیتر یادیان ناکەیتەوە، ئەوانەی دەستت لێیان شوشتووە.

٦لەناو قووڵترین گۆڕ داتناوم، لەناو جەرگەی تاریکی، لە قووڵایی.

٧تووڕەییت قورسە بەسەرمەوە، شەپۆلەکانت ڕامدەماڵن.

٨ناسیاوەکانمت لێ دوورخستمەوە، قێزم لێ دەکەنەوە. گیراوم و دەربازبوونم بۆ نییە،

٩بەهۆی ژێردەستەیی چاوم لە کزبوونە. ئەی یەزدان، بە درێژایی ڕۆژ هاوار بۆ تۆ دەکەم، دەستم لە تۆ پان دەکەمەوە.

١٠ئایا کاری سەرسوڕهێنەر بۆ مردووان دەکەیت؟ یان ڕۆحەکان هەڵدەستنەوە ستایشت بکەن؟

١١ئایا لەناو گۆڕ باسی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەکرێت، یان لە لەناوچوون باسی دڵسۆزییەکەت؟

١٢ئایا لە تاریکایی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەناسرێت، یان لە خاکی لەبیرچوون ڕاستودروستیت؟

١٣ئەی یەزدان، هاوار بۆ تۆ دەهێنم، بەیانییان نوێژم بەرەو ڕووت دێت.

١٤ئەی یەزدان، بۆچی گیانم ڕەت دەکەیتەوە، ڕووی خۆتم لێ دەشاریتەوە؟

١٥من لە منداڵییەوە کڵۆڵم و نزیکە مەرگم، بەرگەی ترسەکانی تۆم گرت و سەرم لێ شێوا.

١٦تووڕەیی تۆ بەسەر مندا تێپەڕی، ترسی بەڵاکانی تۆ وێرانی کردم.

١٧وەک لافاو بە درێژایی ڕۆژ دەوری داوم، لە هەموو لایەکەوە دەوری گرتووم.

١٨دۆست و خۆشەویستەکانت لێ دوورخستمەوە، تاریکی بووە بە نزیکترین هاوڕێم.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.