کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٨٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١هەتاهەتایە گۆرانی بەسەر خۆشەویستی نەگۆڕی یەزداندا دەڵێم، نەوە دوای نەوە بە دەمم دڵسۆزیت ڕادەگەیەنم.

٢هەروەک گوتم، هەتاهەتایە خۆشەویستی نەگۆڕ بنیاد دەنرێت، لە ئاسمان دڵسۆزیت چەسپاوە.

٣فەرمووت: «پەیمانم لەگەڵ هەڵبژاردەی خۆم بەستووە، سوێندم بۆ داودی بەندەم خواردووە،

٤”هەتاهەتایە وەچەکەت دەچەسپێنم، نەوە دوای نەوە تەختت بنیاد دەنێم.“»

٥ئەی یەزدان، ئاسمان ستایشی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەکات، هەروەها لەناو کۆڕی پیرۆزانیش دڵسۆزیت.

٦لەناو هەورەکان کێ هاوتای یەزدانە؟ لەنێو فریشتەکانی ئاسمان کامەیان لە یەزدان دەچێت؟

٧خودا لەنێو ئەنجومەنی پیرۆزان زۆر سامناکە، لە هەموو ئەوانەی دەوروبەری ترسناکترە.

٨ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، کێ وەک تۆ وایە؟ تۆ بەهێزیت، ئەی یەزدان، دڵسۆزیشت دەوری داویت.

٩دەسەڵاتت بەسەر هەڵچوونی دەریادا هەیە، کە شەپۆلەکانی بەرز دەبنەوە، هێمنیان دەکەیتەوە.

١٠وەک بریندارێکی سەخت ڕاهەبت پان کردەوە، بە هێزی بازووت دوژمنەکانت پەرتەوازە کرد.

١١ئاسمان هی تۆیە، هەروەها زەویش، گەردوون و هەرچی تێیدایە تۆ داتمەزراندووە.

١٢باکوور و باشوور تۆ بەدیت هێناون، تابۆر و حەرمۆن بۆ ناوی تۆ هەلهەلە لێدەدەن.

١٣بازووت هەیە لەگەڵ توانا، دەستت بەهێزە، دەستی ڕاستت بەرزە.

١٤ڕاستودروستی و دادپەروەری بناغەی تەختی تۆن، خۆشەویستی نەگۆڕ و ڕاستی لەبەردەمی تۆ دەڕۆن.

١٥خۆزگە بەو گەلە دەخوازرێ کە دەزانن چۆن پڕ بە دەنگیان هاواری شادی بکەن، ئەی یەزدان، بە ڕووناکی ڕوخساری تۆ ڕێ دەکەن.

١٦بەهۆی ناوی تۆوە بە درێژایی ڕۆژ شادمان دەبن، بە ڕاستودروستی تۆ بەرز دەبنەوە،

١٧چونکە تۆ شکۆمەندی و هێزی ئەوانیت، ئێمە بە ڕەزامەندی تۆ بەهێز دەبین.

١٨بێگومان قەڵغانمان هی یەزدانە، پاشامان هی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلە.

١٩جارێکیان لە بینینێکدا قسەت کرد، بە خۆشەویستانی خۆتت فەرموو: «هێزم بە پاڵەوانێک بەخشی، لەنێو گەل گەنجێکم بەرزکردەوە.

٢٠داودی بەندەی خۆمم دۆزییەوە، بە ڕۆنی پیرۆزم دەستنیشانم کرد.

٢١ئەوەی دەستم پێوەی دەچەسپێت، هەروەها بازووم بەهێزی دەکات.

٢٢دوژمن بەسەریدا زاڵ نابێت، نابێتە ژێر دەستەی کوڕی زۆردار.

٢٣لەبەردەمی خۆی دوژمنانی تێکدەشکێنم، ناحەزانی تووشی بەڵا دەکەم.

٢٤دڵسۆزی و خۆشەویستی نەگۆڕی منی لەگەڵدایە، بە ناوی منەوە بەهێز دەبێت.

٢٥وا دەکەم دەستی بەسەر دەریاوە بێت، دەستی ڕاستی بەسەر ڕووبارەکان.

٢٦هاوارم بۆ دەکات: ”تۆ باوکمی، خودای منی، تاشەبەردی ڕزگاریی منیت.“

٢٧منیش دەیکەمە نۆبەرەی خۆم، بەرزترین لە پاشایانی زەوی.

٢٨هەتاهەتایە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆمی بۆ دەپارێزم، پەیمانی من بۆ ئەو دەچەسپێت.

٢٩هەتاهەتایە وەچەکەی دەچەسپێنم، تەختیشی بەقەد ڕۆژگاری ئاسمان بێت.

٣٠«ئەگەر کوڕانی واز لە فێرکردنم بهێنن، ڕێگای یاساکانی من نەگرنەبەر،

٣١ئەگەر سەرپێچی فەرزەکانم بکەن، ڕاسپاردەکانم بەجێنەگەیەنن،

٣٢لەسەر یاخیبوونەکانیان بە دار سزایان دەدەم، بە لێدان گوناهەکانیان،

٣٣بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی خۆمی لێ ناکەمەوە، درۆ ناکەم دەربارەی دڵسۆزییەکەم.

٣٤پەیمانی خۆم ناشکێنم و قسەی خۆم ناگۆڕم.

٣٥جارێک سوێندم بە پیرۆزی خۆم خوارد، درۆ لەگەڵ داود ناکەم.

٣٦هەتاهەتایە نەوەی داود دەمێنێت و تەختی وەک خۆر لەبەردەممە،

٣٧هەمیشە وەک مانگ دەچەسپێت، ئەو شایەتەی لە ئاسمانیشە دڵسۆزە.»

٣٨بەڵام تۆ ڕەتت کردەوە و وازت لێی هێنا، لە دەستنیشانکراوەکەت تووڕەبوویت.

٣٩پەیمانەکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت شکاند و تاجەکەی ئەوت لە خۆڵ وەردا و گڵاوت کرد.

٤٠هەموو شووراکانیت ڕووخاند، قەڵاکانیت کردە کاولگە.

٤١هەموو ئەوانەی تێدەپەڕن تاڵانیان کرد، لەلای دراوسێکانی ڕیسوا بوو.

٤٢دەستی ڕاستی دوژمنەکانیت بەرزکردەوە، هەموو ناحەزەکانیت دڵشاد کرد.

٤٣دەمی شمشێرەکەیت هەڵگێڕایەوە و لە جەنگدا سەرتنەخست.

٤٤شکۆمەندییەکەیت پووچەڵ کردەوە، تەختی ئەوت فڕێدایە سەر زەوی.

٤٥ڕۆژگاری گەنجیت کورت کردەوە و بەرگی شەرمەزاریت کردە بەری.

٤٦ئەی یەزدان، هەتا کەی؟ ئایا بە تەواوی خۆت دەشاریتەوە؟ هەتا کەی تووڕەییت وەک ئاگر دادەگیرسێت؟

٤٧لەبیرت بێت تەمەنم چەند کورتە. ئادەمیزادت بۆ چ مەبەستێکی پووچ بەدیهێناوە؟

٤٨ئایا پیاو هەیە بژیێت و مردن نەبینێت؟ یان گیانی خۆی لە دەست جیهانی مردووان دەرباز بکات؟

٤٩ئەی پەروەردگار، کوا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی جارانت، کە بە دڵسۆزی خۆت سوێندت بۆ داود خوارد؟

٥٠پەروەردگار، شورەیی خزمەتکاری خۆت لەبیر بێت، چۆن هی هەموو گەلانم لە باوەشی خۆم گرتووە،

٥١ئەو سووکایەتییەی دوژمنەکانت، ئەی یەزدان، ئەوەی بە ڕاستی بە نەوەکانی دەستنیشانکراوەکەت کرا.

٥٢هەر ستایش بۆ یەزدان، هەتاهەتایە. ئامین و ئامین.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.