کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٩٠

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی پەروەردگار، نەوە دوای نەوە تۆ پەناگامان بوویت.

٢بەر لەوەی چیاکان پەیدا ببن، یان زەوی و جیهان دروستببن، لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە، تۆ خودایت.

٣تۆ مرۆڤ دەکەیتەوە بە تۆز، دەفەرموویت: «ئادەمیزادینە، بگەڕێنەوە بۆ تۆز.»

٤لەلای تۆ، هەزار ساڵ وەک دوێنێ وایە کە تێپەڕیوە، وەک بەشێکی شەو وایە.

٥مرۆڤ وەک خەون ڕادەماڵیت، وەک ئەو گیایەی سەر لە بەیانی نوێ دەبێتەوە،

٦سەر لە بەیانی دەبووژێتەوە و نوێ دەبێتەوە، بۆ ئێوارە سیس دەبێت و دەفەوتێت.

٧بە هەڵچوونی تۆ لەناوچووین، بە تووڕەیی تۆ تۆقین.

٨گوناهەکانی ئێمەت لەبەردەمی خۆت داناوە، شتە شاراوەکانمان لەبەر ڕووناکی ڕوخسارت.

٩هەموو ڕۆژگارمان بە تووڕەیی تۆ بەسەرچوو، ساڵانی تەمەنمان وەک هەناسەیەک بەسەربرد.

١٠ساڵانی تەمەنمان حەفتا ساڵە، یان هەشتا ساڵ ئەگەر بە هێزەوە بێت، ئەوەی مایەی شانازیش بێت ڕەنج و ناخۆشییە، چونکە بە پەلە دەڕەوێتەوە و ئێمە باڵدەگرین.

١١کێ هێزی تووڕەیی تۆ دەزانێت؟ لەبەر ئەوەی تووڕەیی تۆ ترسێکی زۆر دەهێنێ.

١٢ئیتر فێرمان بکە ڕۆژانمان بژمێرین، بۆ ئەوەی دڵێکی پڕ داناییمان هەبێت.

١٣ئەی یەزدان، تووڕەییەکەت دابمرکێنەوە! هەتا کەی؟ لەگەڵ خزمەتکارەکانت میهرەبان بە.

١٤سەر لە بەیانی لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت تێرمان بکە، تاکو هەموو ڕۆژانی ژیانمان هەلهەلە لێبدەین و دڵشاد ببین.

١٥دڵشادمان بکە ئەوەندەی بۆ ئەو ڕۆژانەی تووشی ناخۆشیت کردین، ئەو ساڵانەی کە خراپەمان بینی.

١٦کردەوە مەزنەکانت بۆ خزمەتکارەکانت دەربخە، شکۆمەندیت بەسەر منداڵەکانیان.

١٧با نیعمەتی خودای پەروەردگارمان بەسەرمانەوە بێت، کردەوەکانی دەستمان بۆ بچەسپێنە، بەڵێ، کردەوەکانی دەستمان بچەسپێنە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.