کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٩١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەوەی لە پەناگای هەرەبەرز دادەنیشێت، ئەوەی لە سێبەری خودای هەرە بەتوانا دەمێنێتەوە،

٢بە یەزدان دەڵێ: «تۆ پەناگامی، قەڵامی، خودای منی، پشتت پێ دەبەستم.»

٣بێگومان لە تۆڕی ڕاوچی دەربازت دەکات، لە دەرد و بەڵای کوشندە.

٤بە باڵی خۆی داتدەپۆشێت، لەژێر باڵەکانی پەنا دەگریت و دڵسۆزییەکەی قەڵغان و شوورایە.

٥نە لە تۆقینی شەو دەترسیت و نە لەو تیرەی بە ڕۆژ دەهاوێژرێت،

٦نە لەو دەردەی کە لە تاریکی دێت، نە لەو ئافاتەی بە ڕۆژی نیوەڕۆ زیان دەبەخشێت.

٧هەزار کەس لەتەنیشتت بەردەبنەوە، دە هەزار لەلای دەستی ڕاستت، بەڵام لە تۆ نزیک ناکەوێتەوە.

٨بەڵکو تەنها بە چاوی خۆت سەیر دەکەیت و سزای بەدکاران دەبینیت.

٩ئەگەر یەزدانت کرد بە پەناگات، هەرەبەرزت کرد بە لانەی خۆت،

١٠هیچ خراپەت بەسەرنایەت و هیچ بەڵایەک لە ماڵت نزیک ناکەوێتەوە.

١١لەبەر ئەوەی سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات، بۆ ئەوەی لە هەموو هەنگاوێکت بتپارێزن،

١٢لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن، تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.

١٣پێ بە شێر و ماری کۆبرادا دەنێیت، بەچکە شێر و ئەژدیها پێشێل دەکەیت.

١٤یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی دڵی بە منەوە بەندە، ڕزگاری دەکەم، دەیپارێزم، چونکە من دەناسێت.

١٥نزام بۆ دەکات، وەڵامی دەدەمەوە، لە تەنگانە لەگەڵیدام، دەربازی دەکەم و ڕێزداری دەکەم.

١٦بە ڕۆژگاری درێژ تێری دەکەم، ڕزگاریی خۆمی نیشان دەدەم.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.