١وەرن، هەلهەلە بۆ یەزدان لێبدەین، هاواری شادی بکەین بۆ تاشەبەردی ڕزگاریمان.
٢بە ستایشەوە بچینە بەردەمی، بە مۆسیقاوە هاواری شادی بۆ بکەین.
٣لەبەر ئەوەی یەزدان خودایەکی گەورەیە، پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە.
٤قووڵاییەکانی زەوی بە دەستە و لووتکەی شاخەکان هی ئەون.
٥دەریا هی ئەوە و ئەو دروستی کردووە، بە دەستی خۆی شێوەی وشکانیی پێکهێنا.
٦وەرن، کڕنۆشی بۆ ببەین و بیپەرستین، لەبەردەم یەزدانی دروستکەرمان چۆک دابدەین،
٧چونکە ئەو خودامانە و ئێمە گەلی لەوەڕگاکەی ئەوین، مەڕی دەستی ئەوین. ئەگەر ئەمڕۆ گوێتان لە فەرمایشتی یەزدان بێت کە دەفەرموێت:
٨«دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە مەریبا ڕوویدا، وەک ئەو ڕۆژە لە مەسا لە بیابان،
٩لەوێ باوباپیرانتان تاقییان کردمەوە، هەرچەندە کردارەکانی منیان بینی، بەڵام هەر تاقییان کردمەوە.
١٠چل ساڵ لەو نەوەیە تووڕە بووم، فەرمووم: ”ئەمانە گەلێکن دڵیان گومڕا بووە و ڕێگای منیان نەناسی.“
١١بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد: ”نایەنە ناو حەسانەوەی من.“»