کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٩٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی یەزدان، خودای تۆڵە، ئەی خودای تۆڵە، بدرەوشێوە.

٢ئەی دادوەری زەوی، ڕاپەرە، سزای لووتبەرزەکان بدەوە.

٣ئەی یەزدان، هەتا کەی بەدکاران، هەتا کەی بەدکاران دڵشاد دەبن؟

٤بەدکاران لووتبەرزی لە قسەکانیانەوە هەڵدەقوڵێت، شانازی بە خۆیانەوە دەکەن.

٥ئەی یەزدان، گەلەکەت وردوخاش دەکەن، میراتی تۆ دەچەوسێننەوە.

٦بێوەژن و نامۆ دەکوژن، هەتیو سەردەبڕن.

٧دەڵێن: «یەزدان نابینێت، خودای یاقوب ئاگای لێ نییە.»

٨ئەی دەبەنگەکان لەنێو گەل، وریابن! ئەی گێلەکان، کەی تێدەگەن؟

٩ئایا ئەوەی گوێی چاندووە، نابیستێت؟ ئایا ئەوەی چاوی دروستکردووە، نابینێت؟

١٠ئایا ئەوەی نەتەوەکان تەمبێ دەکات، سەرزەنشت ناکات؟ ئایا ئەوەی فێری مرۆڤ دەکات، زانیاری نییە؟

١١یەزدان بیرکردنەوەی مرۆڤ دەزانێت، کە پووچە.

١٢ئەی یەزدان، خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی تۆ تەمبێی دەکەیت، لە تەوراتی خۆت فێری دەکەیت،

١٣لە ڕۆژی سەختدا ئارامی بکەیتەوە، هەتا گۆڕ بۆ بەدکار هەڵبکەنرێت،

١٤چونکە یەزدان واز لە گەلی خۆی ناهێنێ، میراتی خۆی ڕەت ناکاتەوە.

١٥دادوەری بۆ ڕاستودروستی دەگێڕێتەوە، هەموو دڵڕاستەکان شوێنی دەکەون.

١٦کێ بۆم لە دژی بەدکاران هەڵدەستێتەوە؟ کێ بۆم لە دژی خراپەکاران بوەستێتەوە؟

١٧یەزدان هاریکارم بوو، ئەگینا هێندەی نەمابوو گیانم لەنێو بێدەنگی مردووان نیشتەجێ بێت.

١٨کاتێک گوتم: «پێم دەخلیسکێت،» ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت پشتی گرتم.

١٩کە خەم لە ناخم زۆر بوو، دڵنەوایی تۆ گیانی منی شاد کرد.

٢٠ئایا تەختی گەندەڵی هاوڕێیەتی لەگەڵ تۆ دەبەستێت، ئەوانەی بەگوێرەی زۆرداری خۆیان، شێوەی یاسا دادەڕێژن؟

٢١لە دژی گیانی ڕاستودروست کۆدەبنەوە، خوێنێکی بێگەرد تاوانبار دەکەن.

٢٢بەڵام یەزدان بۆم دەبێتە قەڵا، خودا بۆم بووە بە تاشەبەردی پەناگام.

٢٣ئەو خراپەیەی دەیکەن بەسەر خۆیانیدا دەداتەوە و لە سزای بەدکاری خۆیان کڕیان دەکات، یەزدانی پەروەردگارمان کڕیان دەکات.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.