١نیشانەیەکی گەورەش لە ئاسماندا دەرکەوت: ئافرەتێک خۆری پۆشیبوو، مانگ لەژێر پێیدا و تاجێکی دوازدە ئەستێرەیی لەسەر سەری بوو،
٢سکی هەبوو، ئازاری هەبوو و لەتاو ژانی منداڵبوون هاواری دەکرد.
٣نیشانەیەکی دیکەش لە ئاسماندا دەرکەوت: ئەژدیهایەکی گەورەی سوور، حەوت سەر و دە شاخی هەبوو، حەوت تاج لەسەر سەرەکانی بوون.
٤کلکیشی سێیەکی ئەستێرەی ئاسمانی ڕاکێشا و فڕێیدانە سەر زەوی. ئەژدیهاکە لەبەردەم ئەو ئافرەتەی کە منداڵی دەبوو وەستابوو، بۆ ئەوەی هەرکە منداڵەکە لەدایکبوو بیخوات.
٥ئیتر منداڵێکی نێرینەی بوو، ئەوەی لە داهاتوودا بە گۆچانێکی ئاسنین فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان دەکات. بەڵام منداڵەکەی بۆ لای خودا و تەختەکەی ڕفێنرا.
٦ئافرەتەکەش بەرەو چۆڵەوانی ڕایکرد، لەوێدا شوێنێکی هەیە لەلایەن خوداوە ئامادە کراوە، تاکو لەوێ هەزار و دوو سەد و شەست ڕۆژ بەخێو بکرێت.
٧پاشان لە ئاسماندا بووە شەڕ. میکائیل و فریشتەکانی لە دژی ئەژدیهاکە جەنگان، ئەژدیهاکە و فریشتەکانیشی دژی ئەوان،
٨بەڵام ئەژدیهاکە بەهێز نەبوو، شوێنیان لە ئاسماندا نەما.
٩ئەژدیهایە گەورەکە فڕێدرایە خوارەوە، مارە دێرینەکە کە بە ئیبلیس و شەیتان ناودەبردرێت، ئەوەی هەموو جیهان گومڕا دەکات، فریشتەکانیشی لەگەڵیدا فڕێدرانە سەر زەوی.
١٠جا گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو لە ئاسماندا دەیفەرموو: «ئێستا ڕزگاری و هێز و شانشینی خودامان و دەسەڵاتی مەسیحەکەی هاتووە، چونکە سکاڵاکار لە خوشک و براکانمان، ئەوەی کە شەو و ڕۆژ لەبەردەم خوداماندا سکاڵای لێیان دەکرد، فڕێدرایە خوارەوە.
١١ئەوان بە خوێنی بەرخەکە و بەو شایەتییەی کە دایان، بەسەریدا سەرکەوتن، ژیانی خۆیان خۆشنەویست و پێشوازییان لە مەرگ کرد.
١٢بۆیە ئەی ئاسمان و ئەوانەی تێیدا نیشتەجێن، دڵخۆش بن! بەڵام قوڕبەسەر زەوی و دەریا، چونکە ئیبلیس بۆتان دابەزیوە! تووڕەییەکی گەورەی پێیە، چونکە دەزانێت کاتێکی کورتی هەیە.»
١٣کاتێک ئەژدیهاکە خۆی بینی فڕێدراوەتە سەر زەوی، ئافرەتەکەی ڕاونا کە کوڕەکەی لێ ببوو.
١٤ئافرەتەکە هەردوو باڵی هەڵۆیەکی گەورەی پێدرا تاکو بۆ چۆڵەوانی و شوێنی خۆی بفڕێت و لەوێدا بۆ ماوەی چل و دوو مانگ دوور لە مارەکە بەخێو بکرێت.
١٥مارەکەش لە دەمیەوە ئاوێکی وەک ڕووباری بەدوای ئافرەتەکەدا فڕێدا بۆ ئەوەی ئاو بیبات.
١٦زەوی یارمەتی ئافرەتەکەی دا، زەوی دەمی کردەوە و ئەو ڕووبارەی قووت دا کە ئەژدیهاکە لە دەمیەوە فڕێیدا.
١٧ئەژدیهاکە لە ئافرەتەکە تووڕە بوو، چوو لەگەڵ نەوەکانی دیکەی بجەنگێت، ئەوانەی ڕاسپاردەکانی خودا بەجێدەگەیەنن و پابەندن بە شایەتییان بۆ عیسا.