١ئەژدیهاکەش لەسەر لمی دەریا ڕاوەستا. ئینجا دڕندەیەکم بینی لە دەریاکە دەهاتە دەرەوە، دە شاخ و حەوت سەری هەبوو، دە تاجیش لەسەر شاخەکانی بوون، لەسەر سەرەکانیشی ناوی کفرکردن هەبوو.
٢ئەو دڕندەیەی بینیم لە پڵنگ دەچوو، پێی وەک ورچ و دەمی وەک دەمی شێر بوو. ئەژدیهاکەش توانا و تەختی خۆی و دەسەڵاتێکی گەورەی دایە دڕندەکە.
٣سەرێک لە سەرەکانی دڕندەکە وەک بۆ مردن سەربڕابێت، بەڵام برینە کوشندەکەی ساڕێژ ببوو. هەموو زەویش بە سەرسامییەوە بەدوای دڕندەکە کەوتن،
٤کڕنۆشیان بۆ ئەژدیهاکە برد، چونکە دەسەڵاتی بە دڕندەکە دابوو، کڕنۆشیان بۆ دڕندەکەش برد و گوتیان: «کێ وەک دڕندەکە وایە؟ کێ دەتوانێت لە دژی بجەنگێت؟»
٥دڕندەکە دەمێکی پێدرابوو، قسەی گەورە و کفری دەکرد، هەروەها چل و دوو مانگی پێدرابوو تاکو دەسەڵات بەکاربهێنێت.
٦ئیتر دەمی کردەوە و کفری بە خودا کرد و جنێوی بە ناوی خودا و نشینگەکەی و دانیشتووانی ئاسمان دەدا.
٧ڕێگەی پێدرابوو لە دژی گەلی پیرۆزی خودا بجەنگێت و بیانبەزێنێت، دەسەڵاتیشی پێدرابوو بەسەر هەموو هۆز و گەل و زمان و نەتەوەیەکدا.
٨هەموو دانیشتووانی سەر زەویش کڕنۆشی بۆ دەبەن، ئەوانەی ناویان لە پەڕتووکی ژیانی بەرخەکەدا نەنووسراوە، ئەو بەرخەی کە لە دامەزراندنی جیهانەوە سەربڕدراوە.
٩ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت.
١٠ئەگەر یەکێک بۆ ڕاپێچکردن بچێت، ڕاپێچ دەکرێت. ئەگەر یەکێک بە شمشێر بکوژرێت، بە شمشێر دەکوژرێت. ئەم بانگەوازە بۆ دانبەخۆداگرتن و دڵسۆزی گەلی پیرۆزی خودایە.
١١دڕندەیەکی دیکەم بینی لە زەوییەوە دەهاتە دەرەوە، دوو شاخی وەک بەرخی هەبوو، بەڵام وەک ئەژدیها دەدوا.
١٢بە تەواوی دەسەڵاتی دڕندەی یەکەمی بۆ ئەو پەیڕەو دەکرد، وای لە زەوی و دانیشتووانی سەری دەکرد کڕنۆش بۆ دڕندەی یەکەم ببەن، کە برینە کوشندەکەی ساڕێژ ببوو.
١٣نیشانەی گەورەی دەکرد، تەنانەت وای دەکرد لەبەرچاوی خەڵک ئاگر لە ئاسمانەوە بێتە خوارەوە بۆ زەوی.
١٤هەروەها بەو نیشانانەی کە پێی درابوو لە پێناوی دڕندەی یەکەمدا بیکات، دانیشتووانی سەر زەویی گومڕا دەکرد. فەرمانی بە خەڵکی سەر زەوی دا پەیکەرێک بۆ ئەو دڕندەیە دابمەزرێنن کە بە شمشێر بریندار کرا و بە زیندوویی مایەوە.
١٥هەروەها ڕێگەی پێدرابوو هەناسە بداتە پەیکەری دڕندەی یەکەم تاکو پەیکەری دڕندەکە قسە بکات و وا بکات هەموو ئەوانەی کڕنۆش بۆ پەیکەری دڕندەکە نابەن بکوژرێن.
١٦وای لە هەمووانیش دەکرد، گەورە و بچووک، دەوڵەمەند و هەژار، ئازاد و کۆیلە، نیشانەیەک لەسەر دەستی ڕاستیان یان لەسەر ناوچەوانیان دروستبکرێت،
١٧تاکو کەس نەتوانێت کڕین و فرۆشتن بکات، تەنها ئەوە نەبێت نیشانەکەی پێوەیە. نیشانەکەش ناوی دڕندەکەیە یان ژمارەی ناوەکەی.
١٨ئەمە بانگەوازە بۆ دانایی: ئەوەی تێدەگات، با ژمارەی دڕندەکە لێکبداتەوە، چونکە ئەوە ژمارەی مرۆڤە کە ژمارەکەی شەش سەد و شەست و شەشە.