کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزڕۆما

ڕۆما ١٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەوەی لە باوەڕدا لاوازە پێشوازیی لێ بکەن، بەبێ حوکمدانی بیروڕاکان.

٢هەیە باوەڕی بەوەیە هەموو شتێک بخوات، بەڵام ئەوەی باوەڕی لاوازە تەنها سەوزە دەخوات.

٣با بخۆر سووکایەتی بە نەخۆر نەکات، نەخۆریش بخۆر تاوانبار نەکات، چونکە خودا پێشوازی لێکردووە.

٤تۆ کێی تاکو خزمەتکاری کەسێکی دیکە حوکم بدەیت؟ سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی خزمەتکار لە خزمەتەکەیدا پەیوەندی بە گەورەکەیەوە هەیە، بەڵام سەردەکەوێت، چونکە مەسیحی خاوەن شکۆ دەتوانێت سەریبخات.

٥کەسێک ڕۆژێک لە ڕۆژێکی دیکە بە پیرۆزتر دادەنێت، کەسێکی دیکە هەموو ڕۆژێک لەبەرچاو دەگرێت. با هەریەکە لە بیروڕای خۆی دڵنیابێت.

٦ئەوەی بایەخ بە ڕۆژ دەدات، لەبەر یەزدان بایەخی پێ دەدات. ئەوەی گوشت دەخوات، لەبەر یەزدان دەیخوات، چونکە سوپاسی خودا دەکات. ئەوەش کە ناخوات، لەبەر یەزدان ناخوات و سوپاسی خودا دەکات،

٧لەبەر ئەوەی کەسمان بۆ خۆی ناژیێت، کەسیش بۆ خۆی نامرێت.

٨لەبەر ئەوەی ئەگەر بژین بۆ مەسیحی خاوەن شکۆ دەژین، ئەگەر بشمرین لە پێناوی ئەو دەمرین. کەواتە بژین یان بمرین، ئێمە هی مەسیحین.

٩هەر لەبەر ئەم هۆیە مەسیح مرد و زیندووبووەوە تاکو ببێتە گەورەی زیندووان و مردووان.

١٠ئیتر تۆ بۆچی خوشکت یان براکەت تاوانبار دەکەیت؟ یان بۆچی سووکایەتییان پێ دەکەیت؟ چونکە هەموومان لەبەردەم تەختی دادگایی خودا ڕادەوەستین،

١١چونکە نووسراوە: ﴿یەزدان دەفەرموێ: بە گیانی خۆم، هەموو ئەژنۆیەک بۆ من چۆک دادەدات، هەموو زمانێک دان بە خودا دەنێت.﴾

١٢کەواتە، هەریەک لە ئێمە دەبێت حیسابی خۆی بداتە خودا.

١٣لەبەر ئەوە ئیتر با یەکتری تاوانبار نەکەین، بەڵکو باشترە ئەم بڕیارە بدەن: کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم خوشک یان برا دانەنرێت.

١٤بەهۆی عیسای خاوەن شکۆوە دەزانم و دڵنیام کە هیچ شتێک لە خۆیدا گڵاو نییە، بەڵام ئەگەر کەسێک بە گڵاوی بزانێت، ئەوە تەنها لە لای ئەو کەسە گڵاوە.

١٥ئەگەر بەهۆی خۆراکەوە خوشک یان براکەت دڵتەنگ بێت، ئیتر بەگوێرەی خۆشەویستی ناژیت. بەهۆی خۆراکەوە ئەو کەسە لەناو مەبە کە مەسیح لە پێناویدا مردووە.

١٦مەهێڵن خەڵکی بە خراپە باسی شتێک بکات کە بۆ ئێوە چاکە،

١٧چونکە پاشایەتی خودا خواردن و خواردنەوە نییە، بەڵکو ڕاستودروستی و ئاشتی و خۆشییە لە ڕۆحی پیرۆزدا.

١٨هەرکەسێک بەم شێوەیە خزمەتی مەسیح بکات، جێگای ڕەزامەندی خودا دەبێت و خەڵکیش متمانەی پێ دەکەن.

١٩کەواتە با تێبکۆشین لە پێناوی ئەوەی بەرەو ئاشتی و بنیادنانی یەکترمان دەبات.

٢٠لە پێناوی خۆراک کاری خودا وێران مەکە. هەموو شتەکان پاکن، بەڵام خراپە ئەگەر بێتو کەسێک بە خواردنیی ببێتە کۆسپ بۆ کەسێکی دیکە.

٢١باشە گۆشت نەخۆیت و شەراب نەخۆیتەوە و شتێک نەکەیت ببێتە هۆکاری کەوتنی خوشکەکەت یان براکەت.

٢٢ئەو باوەڕەی هەتە، با لەبەردەم خودا بۆ خۆت بێت. خۆزگە دەخوازرێت بەوەی خۆی تاوانبار ناکات لەو شتەی کە پەسەندی دەکات.

٢٣بەڵام ئەوەی گومان بکات، ئەگەر بخوات تاوانبار دەکرێت، چونکە لە باوەڕەوە نییە. هەر شتێک لە باوەڕەوە نەبێت گوناهە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.