کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزڕۆما

ڕۆما ١٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١بەڵام ئێمەی بەهێز لەسەرمانە بەرگەی کەموکوڕی لاوازان بگرین و خۆمان ڕازی نەکەین.

٢با هەر یەک لە ئێمە نزیکەکەی بۆ چاکە ڕازی بکات لە پێناوی بنیادنان.

٣تەنانەت مەسیحیش بیری لە خۆشیی خۆی نەکردەوە، بەڵکو وەک نووسراوە: ﴿جنێوی ئەوانەی جنێوت پێدەدەن کەوتە سەر من.﴾

٤چونکە هەرچی لەپێشدا نووسراوە، بۆ فێربوونی ئێمە نووسراوە، تاکو بە دانبەخۆداگرتن و هاندانی نووسراوە پیرۆزەکان هیوامان هەبێت.

٥با خودای دانبەخۆداگرتن و هاندان لەنێو خۆتان ڕێککەوتنی بیروڕاتان بداتێ بەگوێرەی بیری عیسای مەسیح،

٦تاکو بە یەک دڵ و بە یەک دەنگ ستایشی خودا بکەن کە باوکی عیسای مەسیحی پەروەردگارمانە.

٧بۆیە هەر وەک چۆن مەسیح پێشوازی لێکردین، ئێوەش بۆ شکۆمەندیی خودا، پێشوازی لە یەکتری بکەن.

٨من پێتان دەڵێم، مەسیح لەبەر ڕاستی خودا بوو بە خزمەتکاری جولەکەکان، تاکو ئەو بەڵێنانەی بۆ باوکانە بیانچەسپێنێت،

٩هەروەها تاکو نەتەوەکان ستایشی خودا بکەن لەبەر بەزەییەکەی، وەک نووسراوە: ﴿لەبەر ئەوە لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم، گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم.﴾

١٠دیسان دەفەرموێ: ﴿ئەی نەتەوەکان، لەگەڵ گەلی خودا دڵخۆش بن.﴾

١١هەروەها: ﴿ئەی هەموو نەتەوەکان، ستایشی یەزدان بکەن! ئەی هەموو گەلان، ستایشی بکەن!﴾

١٢دیسان ئیشایا دەڵێت: ﴿ڕەگی یەسا دەردەکەوێت، ئەوەی بۆ فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان هەڵدەستێتەوە، ئومێدی نەتەوەکان بەو دەبێت.﴾

١٣با خودای هیوا بە هەموو خۆشی و ئاشتییەک لە باوەڕدا پڕتان بکات، تاکو بە هێزی ڕۆحی پیرۆز سەرڕێژ بن لە هیوا.

١٤خوشک و براکانم، خۆم دڵنیام کە ئێوە پڕن لە چاکە، پڕن لە زانیاری، تواناتان هەیە ئامۆژگاری یەکتری بکەن.

١٥بەڵام دەربارەی هەندێک خاڵ ئازایانەتر بۆم نووسیون، وەک بەیادهێنانەوەتان، لەبەر ئەو نیعمەتەی خودا پێیداوم،

١٦تاکو ببمە خزمەتکاری عیسای مەسیح بۆ نەتەوەکان، وەک کاهین لە ئەرکی ڕاگەیاندنی مزگێنیی خودا، تاکو قوربانی نەتەوەکان پەسەندکراو بێت، بە ڕۆحی پیرۆز پیرۆزکراو بێت.

١٧لەبەر ئەوە بەهۆی عیسای مەسیحەوە شانازی دەکەم بەو کارانەی کە بۆ خودای دەکەم.

١٨ناوێرم باسی شتێک بکەم جگە لەوەی مەسیح بۆ گوێڕایەڵبوونی نەتەوەکان بۆ خودا لە ڕێگەی منەوە ئەنجامی داوە، بە وتە و کردار،

١٩بە هێزی نیشانە و پەرجوو، بە هێزی ڕۆحی خودا. تەنانەت لە ئۆرشەلیم و دەوروپشتی تاکو ئیللیریکوم، بە تەواوی مزگێنیی مەسیحم ڕاگەیاند.

٢٠بۆیە ئامانجی بەرزم ئەوە بووە کە مزگێنی بدەمە ئەو شوێنەی کە ناوی مەسیحی تێدا نەهێنراوە، تاکو لەسەر بناغەی یەکێکی دیکە بنیاد نەنێم.

٢١بەڵام وەک نووسراوە: ﴿ئەوانەی باسی ئەویان بۆ نەکرابوو دەبینن، ئەوانەی نەیانبیستبوو تێدەگەن.﴾

٢٢لەبەر ئەمەش بوو چەندین جار ڕێم لێ دەگیرا بێمە لاتان.

٢٣ئێستا لەم ناوچانە شوێن نەماوە ئیشی لێ بکەم و لەبەر ئەوەی کە ساڵانێکی زۆرە پەرۆشم بێمە لاتان،

٢٤دەمەوێ لە کاتی ڕۆیشتنم بۆ ئیسپانیا سەردانتان بکەم. هیوادارم بەلاتاندا تێپەڕم و بتانبینم، دوای ئەوەی چێژم لە بینینتان وەرگرت، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، ئومێدەوارم بۆ ئەوێم بەڕێبکەن.

٢٥بەڵام ئێستا دەچمە ئۆرشەلیم تاکو خزمەتی گەلی پیرۆزی خودا بکەم.

٢٦باوەڕدارانی مەکدۆنی و ئەخایا پێیان خۆش بوو هەندێک بەخشین بۆ هەژاران لەنێو گەلی پیرۆزی خودا لە ئۆرشەلیم کۆبکەنەوە.

٢٧ئەوان بە خۆشییەوە بڕیاریان دا، لە ڕاستیشدا ئەمە ئەرکێک بوو لەسەریان، چونکە باوەڕدارە جولەکەکان بەرەکەتی ڕۆحییان پێشکەش بە ناجولەکەکان کردبوو. لەبەر ئەوە ئەرکی باوەڕدارە ناجولەکەکانە کە بە شتە ماددییەکان یارمەتی باوەڕدارە جولەکەکان بدەن.

٢٨بۆیە، کاتێک ئەمەم تەواو کرد و ئەم بەرهەمەم بۆ مۆرکردن، لەسەر ڕێگام بۆ ئیسپانیا، سەردانتان دەکەم.

٢٩دەزانم کە بێمە لاتان، بە پڕیی بەرەکەتی مەسیحەوە دێم.

٣٠ئێستاش ئەی خوشک و برایان لێتان دەپاڕێمەوە، لەبەر عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ و بە خۆشەویستی ڕۆحی پیرۆز، لەگەڵم تێبکۆشن لە نوێژەکان بۆ خودا لە پێناوی من،

٣١تاکو لەدەست بێباوەڕانی یەهودیا ڕزگاربم، هەروەها تاکو خزمەتەکەم بۆ ئۆرشەلیم لەلای گەلی پیرۆزی خودا پەسەندکراو بێت،

٣٢بۆ ئەوەی بە خواستی خودا بە دڵشادییەوە بێمە لاتان و لەگەڵتان پشوو بدەم.

٣٣خودای ئاشتی لەگەڵ هەمووتان بێت. ئامین.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.