١سەبارەت بە فیبی خوشکمان کە خزمەتکارە لە کڵێسای کەنخریا، ڕاتاندەسپێرم
٢بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە پێشوازی لێ بکەن، بە پێشوازییەک کە شایانی خوشک و برای پیرۆز بێت. لە هەر شتێک پێویستی پێتان بوو یارمەتی بدەن، چونکە یارمەتی زۆر کەسی دا، بە منیشەوە.
٣سڵاو لە پریسکیلا و ئەکیلا بکەن کە هاوکاری منن لە خزمەتکردنی عیسای مەسیحدا،
٤ئەوانەی لە پێناو ژیانی من ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە، تەنها من سوپاسی ئەوانە ناکەم، بەڵکو هەموو کڵێساکانی ناجولەکەکانیش.
٥سڵاو لەو کڵێسایە بکەن لە ماڵەکەیانە. سڵاو لە ئەپینەتوسی خۆشەویستم بکەن کە نۆبەرەی ئاسیایە بۆ مەسیح.
٦سڵاو لە مریەم بکەن کە زۆر پێتانەوە ماندوو بوو.
٧سڵاو لە ئەندرونیکۆس و یونیاسی خزمانم بکەن، کە لەگەڵم بەند کرابوون، ئەوانەی دیارن لەناو نێردراوان و پێش من لەگەڵ مەسیحدا بوونەتە یەک.
٨سڵاو لە ئەمپلیاتۆس بکەن، کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆدا بووە بە هاوڕێیەکی خۆشەویستم.
٩سڵاو لە ئوربانۆس بکەن کە هاوکارمانە لە خزمەتکردنی مەسیحدا، هەروەها ستاخیسی خۆشەویستم.
١٠سڵاو لە ئەپیڵەس بکەن، ئەوەی کە دڵسۆزی خۆی بۆ مەسیح سەلماند. سڵاو لە ماڵی ئەرستۆبوڵس بکەن.
١١سڵاو لە هیرودیۆنی خزمم بکەن. سڵاو لەوانە بکەن کە لە ماڵی نێرگزدا لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆدا بوونەتە یەک.
١٢سڵاو لە خوشکان تریفینا و تریفۆسا بکەن، کە لە پێناوی مەسیحی خاوەن شکۆدا ماندوو دەبن. سڵاو لە پەرسیسی خوشکی خۆشەویست بکەن، کە لە پێناوی مەسیحی خاوەن شکۆدا زۆر ماندوو دەبێت.
١٣سڵاو لە ڕوفوس بکەن کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆدا هەڵبژێردراوە، هەروەها لە دایکی کە وەک دایکمە.
١٤سڵاو بکەن لە ئەسینکریتۆس، فلیگۆن، هەرمەس، پەتروباس، هرماس و ئەو خوشک و برایانەی لەگەڵیانن.
١٥سڵاو بکەن لە فیلۆلۆگۆس و جولیا، نیریۆس و خوشکەکەی و ئۆلەمپاس و هەموو ئەو خەڵکە پیرۆزەی خودا کە لەگەڵیانن.
١٦بە ماچی پیرۆز سڵاو لە یەکتری بکەن. هەموو کڵێساکانی مەسیح سڵاوتان لێدەکەن.
١٧ئەی خوشک و برایان، لێتان دەپاڕێمەوە، ئاگاتان لەوانە بێت کە ناکۆکی و کۆسپ دەنێنەوە، بە پێچەوانەی ئەو فێرکردنەی فێری بوون. لێیان دوور بکەونەوە.
١٨ئەو کەسانەی بەم شێوەیەن خزمەتی مەسیحی خاوەن شکۆمان ناکەن، بەڵکو خزمەتی سکی خۆیان دەکەن، بە قسەی خۆش و زمانلووسی دڵی ساکارەکان هەڵدەخەڵەتێنن.
١٩هەروەها هەواڵی ملکەچیتان بۆ خودا بە هەمووان گەیشتووە، بۆیە پێتان دڵخۆشم، بەڵام دەمەوێت لە چاکە دانا بن و لە خراپە بێبەری بن.
٢٠خودای ئاشتی بەم زووانە شەیتان لەژێر پێتان پان دەکاتەوە. با نیعمەتی عیسای خاوەن شکۆمان لەگەڵتان بێت.
٢١تیمۆساوسی هاوکارم سڵاوتان لێدەکات، هەروەها لوکیۆس و یاسون و سۆسیپاتەری خزمانم.
٢٢من، تەرتیۆس، نووسەری ئەم نامەیەم، بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە سڵاوتان لێدەکەم.
٢٣گایۆس کە خانەخوێی من و هەموو کڵێسایە سڵاوتان لێدەکات. ئەراستۆسی خەزنەداری شار و کوارتۆسی برا سڵاوتان لێدەکەن. [
٢٤با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵ هەمووتان بێت. ئامین.]
٢٥شکۆمەندی بۆ ئەو خودایەی کە توانای هەیە بتانچەسپێنێت بەگوێرەی مزگێنییەکەم و جاڕدانی عیسای مەسیح، بەگوێرەی ئاشکراکردنی ئەو نهێنییەی لە کاتە ئەزەلییەکانەوە بە شاراوەیی مابووەوە،
٢٦بەڵام ئێستا لە ڕێگەی نووسراوی پێغەمبەرانەوە، بەگوێرەی ڕاسپاردەی خودای هەمیشەیی، ئاشکرا و زانراو بووە تاکو هەموو نەتەوەکان باوەڕ بە خودا بهێنن و گوێڕایەڵی بن،
٢٧هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ تاقە خودای دانا، بەهۆی عیسای مەسیحەوە! ئامین.