کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزڕۆما

ڕۆما ٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١کەواتە ئەی مرۆڤ، هیچ بیانووێکت نییە کە حوکمی کەسێکی دیکە دەدەیت، چونکە بەوەی خەڵکی پێ حوکم دەدەیت، خۆت تاوانبار دەکەیت، لەبەر ئەوەی تۆ کە حوکم دەدەیت، خۆشت هەمان شت دەکەیت.

٢بەڵام دەزانین حوکمی خودا ڕاستە بەسەر ئەوانەی ئەم شتانە دەکەن.

٣کەواتە ئەی ئەو مرۆڤەی ئەوانە حوکم دەدەیت کە ئەم شتانە دەکەن و خۆشت هەمان شت دەکەیت، وا دەزانیت لە حوکمی خودا دەرباز دەبیت؟

٤یان گاڵتەت بە دەوڵەمەندی نەرمونیانی و ئارامی و پشوودرێژییەکەی دێت؟ نازانیت نەرمونیانی خودا بەرەو تۆبەکردنت دەبات؟

٥بەڵام تۆ لەبەر کەللەڕەقی و دڵی تۆبە نەکردووت، لە ڕۆژی تووڕەیی و ئاشکراکردنی حوکمی دادپەروەرانەی خودا، تووڕەیی لەسەر خۆت کۆدەکەیتەوە.

٦خودا ﴿پاداشتی هەر یەکێک بەگوێرەی کردارەکانی دەداتەوە.﴾

٧ژیانی هەتاهەتاییش بۆ ئەوانەیە کە بە دانبەخۆداگرتنەوە لە کاری چاکەدا داوای شکۆ و ڕێز و نەمری دەکەن.

٨بەڵام ڕق و تووڕەیی بۆ ئەوانەیە کە داوای خۆپەرستی دەکەن و ملکەچی ڕاستی نابن، بۆ ناڕەوایی ملکەچ دەبن.

٩ناخۆشی و تەنگانە بۆ هەر مرۆڤێکە کە خراپە دەکات، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە.

١٠شکۆ و ڕێز و ئاشتی بۆ هەموو چاکەکارێکە، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە،

١١چونکە خودا لایەنگری ناکات.

١٢هەموو ئەوانەی کە شەریعەتیان نییە و گوناه دەکەن، بێ شەریعەت لەناودەچن، هەموو ئەوانەش کە لەژێر دەسەڵاتی شەریعەتدا گوناه دەکەن، بە شەریعەت حوکم دەدرێن،

١٣چونکە ئەوانە لەلای خودا بێتاوان نین کە شەریعەت دەبیستن، بەڵکو ئەوانە بێتاوان دەکرێن کە کار بە شەریعەت دەکەن.

١٤بێگومان ئەو نەتەوانەی کە شەریعەتیان نییە، کاتێک بە شێوەیەکی سروشتی شەریعەتیان پەیڕەو کرد، ئەوانە بۆ خۆیان شەریعەتن، لەگەڵ ئەوەی شەریعەتیان نییە.

١٥ئەوانە بەڵگەی وا نیشان دەدەن کە فەرزەکانی شەریعەت لە دڵیاندا نووسراوە، ویژدانیان لەناویاندا شایەتی دەدات، جار هەیە بیریان تاوانباریان دەکات و جاریش هەیە بەرگرییان لێ دەکات،

١٦لەو ڕۆژەدا کاتێک خودا نهێنییەکانی خەڵک لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە حوکم دەدات، بەپێی ئەو مزگێنییەی کە من ڕایدەگەیەنم.

١٧بەڵام تۆ، ئەگەر بە جولەکە ناو دەبردرێیت و پشت بە شەریعەتی تەورات دەبەستیت و شانازی بە خوداوە دەکەیت؛

١٨ئەگەر خواستی ئەو دەزانیت، چی باشترینە پەسەندی دەکەیت، چونکە لە تەورات فێربوویت؛

١٩ئەگەر لە خۆت دڵنیایت کە ڕێبەری کوێرەکانیت و ڕووناکییت بۆ ئەوانەی لە تاریکیدان،

٢٠فێرکاری نەزانان و مامۆستای منداڵانی، چونکە لە تەوراتدا وێنەی زانین و ڕاستیت هەیە،

٢١جا تۆ کە خەڵکی دیکە فێر دەکەیت، ئایا خۆت فێر ناکەیت؟ تۆ کە ڕایدەگەیەنیت کەس دزی نەکات، ئایا خۆت دزی ناکەیت؟

٢٢تۆ کە دەڵێی داوێنپیسی نەکرێت، ئایا خۆت داوێنپیسی ناکەیت؟ تۆ کە ڕقت لە بت دەبێتەوە، ئایا پەرستگاکان تاڵان ناکەیت؟

٢٣کە شانازی بە شەریعەتی تەوراتەوە دەکەیت، ئایا بە سەرپێچیکردنی شەریعەت سووکایەتی بە خودا ناکەیت؟

٢٤وەک نووسراوە: ﴿لەبەر ئێوە لەناو نەتەوەکاندا کفر بە ناوی خودا دەکرێت.﴾

٢٥خەتەنەکردن سوودی دەبێت ئەگەر شەریعەت پەیڕەو بکەیت، بەڵام ئەگەر سەرپێچی شەریعەت بکەیت، ئەوا وەکو ئەوەیە کە هەر خەتەنە نەکرابیت.

٢٦بۆیە ئەگەر خەتەنەنەکراو کار بە داواکارییە دروستەکانی شەریعەت بکات، ئایا خەتەنە نەکردنەکەی بە خەتەنەکردن دانانرێت؟

٢٧ئیتر ئەوەی بە سروشت خەتەنە نەکراوە، بەڵام شەریعەت جێبەجێ دەکات، حوکم بەسەر تۆدا دەدات کە شەریعەتی نووسراو و خەتەنەکردنت هەیە، هەرچەندە تۆ سەرپێچی شەریعەت دەکەیت.

٢٨ئەگەر کەسێک تەنها بە ڕواڵەت جولەکە بێت، ئەوا لە ڕاستیدا جولەکە نییە، هەروەها ئەگەر خەتەنەکردن تەنها جەستەیی بێت، ئەوا لە ڕاستیدا خەتەنەکردن نییە.

٢٩بەڵام ئەوەی لە ناخەوە جولەکە بێت، ئەوا لە ڕاستیدا جولەکەیە، هەروەها ئەگەر خەتەنەکردن تەنها بەگوێرەی شەریعەتی نووسراو ئەنجام بدرێت، ئەوا خەتەنەکردن نییە، بەڵکو خەتەنەکردنی دڵ کە لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوەیە، خەتەنەکردنی ڕاستەقینەیە. ئەوەی ستایشی لەلای خەڵک نییە، بەڵکو لەلای خودایە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.