١کەواتە، جولەکەکان چییان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە؟ یان سوودی خەتەنەکردن چییە؟
٢زۆر شتیان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە! پێش هەموو شتێک، وشەکانی خودایان پێ سپێردرا.
٣کەواتە چی دەبێت ئەگەر هاتوو هەندێکیان بێباوەڕ بوون؟ ئایا دڵسۆز نەبوونیان دڵسۆزیی خودا پووچەڵ دەکاتەوە؟
٤نەخێر! بەڵکو با خودا ڕاستگۆ بێت و هەموو مرۆڤ درۆزن. وەک نووسراوە: ﴿تاکو لە قسەکانت ڕاست بیت و سەرکەوتوو بیت لە حوکمەکانت.﴾
٥بەڵام ئەگەر ناڕەواییمان ڕەوایی خودا دەردەخات، چی بڵێین؟ ئایا خودا زۆردارە ئەگەر تووڕەیی خۆی بەسەرماندا بڕژێنێت؟ (وەک مرۆڤ قسە دەکەم.)
٦نەخێر! ئەگینا چۆن خودا جیهان حوکم دەدات؟
٧لەوانەیە یەکێک بڵێ: «ئەگەر درۆی من ڕاستی خودا بۆ شکۆی ئەو زیاتر بکات، بۆچی من هێشتا وەک گوناهبارێک تاوانبار دەکرێم؟»
٨ئەی بۆ نەڵێن: «با خراپە بکەین تاکو چاکەی بەدواوە بێت،» وەک هەندێک بوختان بە دەممانەوە هەڵدەبەستن؟ ئەو کەسانە تاوانبارکردنیان دادپەروەرانەیە!
٩کەواتە چی بڵێین؟ ئایا ئێمەی جولەکە لە خەڵکانی تر باشترین؟ نەخێر، چونکە ئێمە جولەکە و ناجولەکەمان تۆمەتبار کرد کە هەردووکیان لەژێر دەسەڵاتی گوناهن،
١٠وەک نووسراوە: ﴿کەس بێتاوان نییە، تەنانەت یەک کەسیش،
١١کەس نییە تێبگات، کەس نییە بەدوای خودا بگەڕێت.
١٢هەموو ڕوویان وەرگێڕا و تێکڕا بێ سوود بوون. کەس نییە چاکە بکات، تەنانەت یەکێکیش نییە.﴾
١٣﴿قوڕگیان گۆڕێکی کراوەیە، بە زمانیان فێڵبازی دەکەن.﴾ ﴿ژەهری تیرەمار لەژێر لێویانە.﴾
١٤﴿دەمیان پڕە لە نەفرەت و تاڵاو.﴾
١٥﴿پێیان خێرایە بۆ خوێنڕشتن،
١٦وێرانی و دەردەسەری لەسەر ڕێگایانە
١٧ڕێگای ئاشتی پێنازانن.﴾
١٨﴿ترسی خودایان لەبەرچاو نییە.﴾
١٩ئێستا دەزانین هەرچی شەریعەت دەیڵێت، بەوانەی دەڵێت کە لەژێر سایەی شەریعەتدان، تاکو هەموو دەمێک دابخرێت و هەموو جیهان بکەوێتە ژێر لێپرسینەوەی خودا.
٢٠بە کرداری شەریعەت کەس لەلای خودا بێتاوان نابێت، بەڵکو گوناه لە ڕێگەی شەریعەتەوە دەناسرێت.
٢١بەڵام ئێستا بەبێ شەریعەت بێتاوانکردن لەلایەن خوداوە ئاشکرا کرا، تەورات و پەیامی پێغەمبەرانیش شایەتی بۆ دەدەن.
٢٢ئەم بێتاوانکردنە لە خوداوەیە لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح، بۆ هەموو ئەوانەیە کە باوەڕ دەهێنن، بەبێ جیاوازی،
٢٣لەبەر ئەوەی هەمووان گوناهیان کرد و لە شکۆی خودا دوورکەوتنەوە و
٢٤بەخۆڕایی بە نیعمەتی ئەو بێتاوان کران، بەو کڕینەوەیەی کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە هەیە.
٢٥خودا مەسیحی وەک کەفارەت پێشکەش کرد، ئەگەر باوەڕ بە خوێنی ئەو بهێنین. ئەمەی بۆ دەرخستنی دادپەروەرییەکەی خۆی کرد، بۆ چاوپۆشیکردن لە گوناهەکانی ڕابردوو، بە پشوودرێژیی خودا،
٢٦هەروەها بۆ دەرخستنی دادپەروەرییەکەی لە کاتی ئێستادا، تاکو دادپەروەر بێت و ئەوانە بێتاوان بکات کە باوەڕیان بە عیسایە.
٢٧بۆیە لەخۆباییبوون لەکوێیە؟ نەماوە. بەپێی چ بنەمایەک؟ ئایا بەپێی بنەمای کردار؟ نەخێر، بەڵکو بەپێی بنەمای باوەڕ.
٢٨کەواتە بۆمان دەردەکەوێت کە مرۆڤ بە باوەڕ بێتاوان دەکرێت، نەک بە جێبەجێ کردنی فەرزەکانی شەریعەت.
٢٩ئایا خودا تەنها هی جولەکەیە؟ ئەی هی نەتەوەکانی دیکەش نییە؟ بەڵێ، هی نەتەوەکانی دیکەشە،
٣٠چونکە تەنها یەک خودا هەیە کە خەتەنەکراو بە باوەڕ بێتاوان دەکات و خەتەنەنەکراویش بەهۆی هەمان باوەڕەوە بێتاوان دەکات.
٣١ئایا شەریعەت بەهۆی باوەڕەوە پووچەڵ دەکەینەوە؟ نەخێر، بەڵکو شەریعەت دەچەسپێنین.