١ئیتر چی بڵێین، ئیبراهیم کە بە جەستە باوکمانە، چی بۆ دەرکەوت؟
٢ئەگەر ئیبراهیم بە کردار بێتاوان بووایە شانازی دەکرد، بەڵام نەک لەلای خودا.
٣ئایا لەو بارەیەوە نووسراوە پیرۆزەکە چی دەفەرموێ؟ ﴿ئیبراهیم باوەڕی بە خودا هێنا و ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا.﴾
٤ئەو کەسەی کار دەکات، کرێیەکەی بە دیاریی دانانرێت، بەڵکو مافی خۆیەتی.
٥بەڵام ئەوەی کار ناکات، بەڵکو باوەڕی بەوە هەیە کە خودا گوناهبار بێتاوان دەکات، ئەوا باوەڕەکەی بە ڕاستودروستی بۆ دادەنرێت.
٦داود لە خۆزگەخواستن بەو کەسەی کە خودا بەبێ کردار ڕاستودروستیی بۆ دادەنێت، هەمان شت دەڵێت:
٧﴿خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە یاخیبوونەکانیان بەخشراون، گوناهەکانیان داپۆشراون.
٨خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی کە یەزدان گوناهی لەسەر ناژمێرێت.﴾
٩ئایا ئەم خۆزگەخواستنە تەنها بۆ خەتەنەکراوانە یان بۆ خەتەنەنەکراوانیشە؟ ئێمە دەڵێین باوەڕ بۆ ئیبراهیم بە ڕاستودروستی دانرا.
١٠کەواتە چۆن دانرا؟ بە خەتەنەکردن یان بێ خەتەنەکردن؟ بە خەتەنەکردن نا بەڵکو بێ خەتەنەکردن!
١١ئیتر ئیبراهیم نیشانەی خەتەنەکردنی وەرگرت، لە ڕێگەی باوەڕەوە بێ خەتەنەکردن مۆری ڕاستودروستی وەرگرت، تاکو ببێتە باوکی هەموو ئەوانەی باوەڕ دەهێنن و خەتەنە نەکراون، تاکو بۆیان بە ڕاستودروستی دابنرێت.
١٢هەروەها باوکی ئەوانەی کە نەک تەنها خەتەنە کراون، بەڵکو کەوتوونەتە شوێن ئەو باوەڕەی کە ئیبراهیمی باوکمان هەیبوو پێش ئەوەی خەتەنە بکرێت.
١٣جا ئەو بەڵێنەی بە ئیبراهیم یان بە نەوەکەی درابوو کە ببێتە میراتگری جیهان، بەهۆی شەریعەتەوە نەبوو، بەڵکو بەهۆی ئەو ڕاستودروستییەوە بوو کە لە ڕێگەی باوەڕەوە بوو،
١٤چونکە ئەگەر ئەوانەی کە پشت بە شەریعەت دەبەستن میراتگر بن، ئەوا باوەڕ بێ سوود دەبێت و بەڵێنی خوداش پووچەڵ،
١٥چونکە شەریعەت تووڕەیی خودای لێ دەکەوێتەوە. ئەگەر شەریعەت نەبێت، سەرپێچییش نییە.
١٦بۆیە بەڵێن لە باوەڕەوەیە، تاکو بەگوێرەی نیعمەت بێت و بۆ هەموو نەوەکانی ئیبراهیم مسۆگەر بێت، نەک تەنها بۆ ئەوانەی کە پشت بە شەریعەت دەبەستن، بەڵکو بۆ ئەوانەش کە هەمان باوەڕی ئیبراهیمیان هەیە. ئەو باوکی هەموومانە،
١٧وەکو نووسراوە: ﴿من تۆم کردووە بە باوکی چەندین نەتەوە.﴾ ئیبراهیم باوکمانە لەبەرچاوی خودا کە باوەڕی پێ هێنا، ئەوەی مردوو زیندوو دەکاتەوە و ئەو شتەی بوونی نییە دەیهێنێتە بوون.
١٨هەرچەندە هیچ هیوا و ئومێدێک بەدی نەدەکرا، بەڵام ئیبراهیم ئومێدەوار بوو و باوەڕی بەوە هێنا کە دەبێتە باوکی چەندین نەتەوە، بەگوێرەی ئەوەی گوترابوو: ﴿نەوەکەت بەم شێوەیە دەبێت.﴾
١٩باوەڕیشی لاواز نەبوو کە بینی لەشی وا مردووە، چونکە تەمەنی نزیکەی سەد ساڵ بوو، هەروەها سارای ژنیشی لە سکوزا چووبووەوە.
٢٠بە بێباوەڕی گومانی لە بەڵێنی خودا نەکرد، بەڵکو باوەڕی بەهێز بوو و خودای شکۆدار کرد،
٢١دڵنیابوو کە خودا توانای هەیە بەڵێنی خۆی بباتەسەر.
٢٢لەبەر ئەمە ﴿بە ڕاستودروستی بۆی دانرا.﴾
٢٣ئەوەی نووسراوە: ﴿بۆی دانرا﴾ تەنها لە پێناوی ئەودا نەبوو،
٢٤بەڵکو لە پێناوی ئێمەشدا بوو، جا بۆمان بە ڕاستودروستی دادەنرێت، کە باوەڕمان هەیە بەوەی عیسای خاوەن شکۆمانی لەنێو مردووان هەستاندەوە.
٢٥ئەوەی لە پێناوی گوناهەکانمان بە گرتن درا و لە پێناوی بێتاوانکردنمان هەستێنرایەوە.