کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزگۆرانی گۆرانییەکان

گۆرانی گۆرانییەکان ١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١گۆرانی گۆرانییەکانی سلێمان. ئەویندار

٢با بە ماچەکانی دەمی ماچم بکات، چونکە ئەوینی تۆ لە شەراب خۆشترە.

٣بۆنی عەترەکەت خۆشە؛ ناوت عەتری پرژاوە، مایەی سەرسوڕمانی نییە کە پاکیزەکان تۆیان خۆشدەوێ.

٤پەلم بگرە و با پێکەوە بڕۆین! با پاشا بمهێنێتە ناو ژوورەکەی خۆی. دەستەخوشکەکان شاد و دڵخۆش دەبین پێت، لە شەراب زیاتر یادی ئەوینی تۆ دەکەینەوە. ئەویندار بەڕاستی تۆیان خۆشدەوێ.

٥ئەی کچانی ئۆرشەلیم، من ئەسمەرێکی جوانم، وەک ڕەشماڵەکانی قێدار، وەک نێوبەندی ڕەشماڵەکانی سلێمان.

٦تەماشام مەکەن کە من ئەسمەرم، ئەوە خۆر لێیداوم. کوڕانی دایکم لە من تووڕە بوون، منیان کردە چاودێری ڕەزەمێو، لەبەر ئەوەی ناچار کرام، چاودێری ڕەزەمێوەکەم نەکرد.

٧ئەی خۆشەویستی گیانم، پێم بڵێ، لەکوێ مێگەلی خۆت دەڵەوەڕێنیت، کاتی نیوەڕۆش پشتیری مەڕەکانت لەکوێیە؟ بۆچی وەک پەچەکراوێک بم، لەلای مێگەلی هاوڕێیەکانت؟ دەستەخوشکەکان

٨ئەی جوانترینی نێو ئافرەتان، ئەگەر نازانیت بە شوێن پێی مەڕاندا بڕۆ و کارەبزنەکانت بلەوەڕێنە لەلای نشینگەی شوانەکان. دڵدار

٩یارەکەم، بە ئەسپێک لە گالیسکەکانی فیرعەون لێکم چوواندی،

١٠گۆنات بە خشڵەوە جوانە، گەردنت بە گەردانەوە.

١١خشڵی زێڕت بۆ دەکەین، لەگەڵ نقێمی زیو. ئەویندار

١٢هەتا پاشا لە کۆڕی خۆیەتی، ناردینی من بۆنی خۆی بڵاو دەکاتەوە.

١٣دڵدارەکەم چەپکێک موڕە کە لەنێو مەمکەکانم شەو بەسەردەبات.

١٤دڵدارەکەم هێشووی خەنەیە لەناو ڕەزەمێوەکانی کانی گەدی. دڵدار

١٥ئەی یارەکەم، تۆ چەند جوانیت، چەند جوانیت! چاوەکانت کۆترن. ئەویندار

١٦ئەی دڵدارەکەم، تۆش چەند قۆزیت، چەند شیرینیت! جێگاکەمان سەوزە. دڵدار

١٧کاریتەی خانووەکەمان لە داری ئورزە، تەختەدارەکانی سەروون.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.