کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزگۆرانی گۆرانییەکان

گۆرانی گۆرانییەکان ٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١من گوڵاڵە سوورەی شارۆن و سەوسەنی دۆڵانم. دڵدار

٢وەک گوڵی سەوسەن لەناو دڕکوداڵ یارەکەم ئاوایە لەناو کچان. ئەویندار

٣وەک دار سێو لەنێو دارەکانی دارستان دڵدارەکەم ئاوایە لەناو کوڕان. حەزم لە دانیشتنە لە سێبەرەکەی مێوەکەشی بۆ دەمم شیرینە.

٤با بمباتە هۆڵی خوانەکە، خۆشەویستییەکەی وەک ئاڵا لەسەر سەرم بشەکێتەوە.

٥بە کشمیش گڕوتینم پێ ببەخشن، بە سێو بمگەشێننەوە، چونکە من بە شەیدای خۆشەویستی ئەوم.

٦دەستی چەپی لەژێر سەرمە و دەستی ڕاستی لە ئامێزم دەگرێت.

٧ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم، بە مامز یان مێینەی ئاسکی دەشتودەر، کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن هەتا خۆی حەز دەکات.

٨گوێ بگرە! ئەوە دەنگی دڵدارەکەمە! تەماشا بکە! وا دێت، لەسەر چیاکان هەڵدەبەزێتەوە، بەسەر گردەکاندا باز دەدات.

٩دڵدارەکەم وەک ئاسک یان وەک کارمامزە، وا لە پشت دیوارەکەمان ڕاوەستاوە، لە دەلاقەوە سەیر دەکات، لە کڵاوڕۆژنەوە تەماشا دەکات.

١٠دڵدارەکەم قسەی کرد، پێی گوتم: «یارەکەم، هەستە، شیرینەکەم، وەرە.

١١تەماشا بکە، زستان تێپەڕی، باران بەسەرچوو و نەما.

١٢گوڵ لەسەر زەوی دەرکەوت، ئێستا کاتی گۆرانییە؛ خوێندنی کوکوختی لە خاکی ئێمە دەبیسترێت.

١٣هەنجیر بەری گرتووە، بۆنی بەرسیلەی مێو بڵاو بووەتەوە. یارەکەم، هەستە، شیرینەکەم، وەرە.» دڵدار

١٤ئەی کۆترەکەم لەناو کەلەبەری هەڵدێرەکان، لە پەناگای بنارەکان، با ڕوخسارت ببینم، با دەنگت ببیستم، چونکە دەنگت ناسکە و ڕوخسارت شیرینە!

١٥ڕێوییەکانمان بۆ ڕاو بکەن، ئەو توولە ڕێوییانەی ڕەزەکانمان تێکدەدەن، چونکە ڕەزەکانمان پەسیرەیان گرتووە. ئەویندار

١٦دڵدارەکەم بۆ منە و منیش بۆ ئەوم، لەناو گوڵە سەوسەنەکان دەلەوەڕێت.

١٧بەر لەوەی ڕۆژ هەڵبێت و تاریکی بڕەوێتەوە، ئەی دڵدارەکەم، بگەڕێوە، وەک ئاسک بە، یان کارمامز لەسەر چیا فرە لووتکەکان.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.