١بە درێژایی شەو لەسەر نوێنەکەم بەدوای ئەو کەسەدا گەڕام کە گیانم خۆشی دەوێت؛ بەدوایدا گەڕام، بەڵام نەمدۆزییەوە.
٢ئێستا هەڵدەستم و بەناو شاردا دەسووڕێمەوە، بەناو شەقام و گۆڕەپانەکاندا بەدوای ئەو کەسەدا دەگەڕێم کە گیانم خۆشی دەوێت. ئیتر بەدوایدا گەڕام، بەڵام نەمدۆزییەوە.
٣تووشی ئێشکگرەکان بووم، کاتێک بەناو شاردا دەگەڕان. «ئایا ئەوەی گیانم خۆشی دەوێت ئێوە نەتانبینیوە؟»
٤ئەوەندەی نەمابوو لێیان تێپەڕم کاتێک ئەوەم بینییەوە کە گیانم خۆشی دەوێت. گرتم و بەرمنەدا، هەتا بردمە ماڵی دایکم، بۆ ژووری ئەو کەسەی کە بە من سکپڕ ببوو.
٥ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم بە مامز یان مێینەی ئاسکی دەشتودەر، کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن هەتا خۆی حەز دەکات.
٦ئەوە کێیە لە چۆڵەوانییەوە بەدەرکەوت، وەک ستوونی دووکەڵ، بە موڕ و بخوور بۆنخۆش کراوە، بە هەموو بۆنوبەرامێکی بازرگانان؟
٧ببینن! گالیسکەکەی سلێمانە، شەست پاڵەوان دەوریان داوە لە پاڵەوانەکانی ئیسرائیل،
٨هەموو شمشێر بەدەستن، شارەزای جەنگن، هەریەکە و شمشێرەکەی بە لاڕانیەوەیە، لەبەر مەترسییەکانی شەو.
٩سلێمانی پاشا گالیسکەیەکی بۆ خۆی دروستکرد لە داری لوبنان.
١٠ستوونەکانی لە زیو دروستکرد، کاریتەکانی لە زێڕ. بەرگی دۆشەکەکان ئەرخەوانییە، ناوەوەی بە ئەوین ڕازێنراوەتەوە. ئەی کچانی ئۆرشەلیم،
١١وەرنە دەرەوە، ئەی کچانی سییۆن، ببینن. سلێمانی پاشا بەو تاجەوە ببینن کە لەسەریەتی، کە دایکی لەسەری نا لە ڕۆژی زەماوەندی ژنهێنانی، لە ڕۆژی شادی دڵی.