کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزگۆرانی گۆرانییەکان

گۆرانی گۆرانییەکان ٧

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی کچە میر، پێیەکانت لەناو پێڵاو چەندە جوانن! کەوانی ڕانت وەک خشڵە دەستکردی دەستی وەستای کارامەیە.

٢ناوکت جامێکی خڕە شەرابی تێکەڵاوی لێ کەم ناکات، ناوقەدت خەرمانی گەنمە بە سەوسەن پەرژین کراوە.

٣جووتە مەمکەکەت وەک دوو کارمامزن، وەک جووتێک مامزن.

٤گەردنت قوللەیەکی عاجە. چاوەکانت وەک گۆمن لە حەشبۆن لەبەردەم دەروازەی بەت ڕەبیم. لووتت وەک قوللەی لوبنانە ڕووەو دیمەشق دەڕوانێت.

٥سەرت وەک کێوی کارمەلە بەسەرتەوە و پرچی سەرت ئەرخەوانییە، پاشا بەندی ئەگریجەکانە.

٦چەند جوان و چەند شیرینیت، ئەی ئەویندارەکەم، من بە تۆ دڵشادم!

٧ئەم بەژنەت لە دار خورما دەچێت، مەمکەکانت لە هێشوو.

٨گوتم: «بەسەر دار خورما دەکەوم، خۆم بە بەرهەمەکەی دەگرم.» با مەمکەکانت وەک هێشووە ترێ بن، بۆنی هەناسەت وەک سێو بێت،

٩دەمت وەک باشترین جۆری شەراب بێت. ئەویندار با شەرابەکە بە ئاسانی بۆ دڵدارەکەم بڕژێت، بە نەرمی بەسەر لێو و دداندا بڕوات.

١٠من بۆ دڵدارەکەمم و ئەو پەرۆشی منە.

١١دڵدارەکەم، وەرە با بچینە کێڵگە، لە گوندەکان شەو بەسەرببەین.

١٢با بەیانی زوو بگەینە سەر ڕەزەمێوەکان، ببینین ئاخۆ دار مێو چەکەرەی کردووە، پەسیرەکان کراونەتەوە، هەناریش پشکوتووە؟ لەوێ ئەوینەکەمت پێ دەبەخشم.

١٣گیائادەمە بۆن بڵاو دەکاتەوە، لە بەردەرگاکەشمان هەموو میوەیەکی بەتام هەیە، کۆن و نوێ کە بۆ تۆم هەڵگرتووە، ئەی دڵدارەکەم.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.