کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزگۆرانی گۆرانییەکان

گۆرانی گۆرانییەکان ٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١بریا برای من بووای، شیرەخۆری مەمکی دایکم! ئەوا لە دەرەوە تووشت دەهاتم و ماچم دەکردیت، بەبێ ئەوەی ڕیسوا بم.

٢دەمبردیت، دەمبردیتە ماڵی دایکم، ئەوەی منی پەروەردە کردووە. شەرابی تێکەڵاوم دەرخوارد دەدای، لە خۆشاوی هەنارەکەم.

٣دەستی چەپی لەژێر سەرمە و دەستی ڕاستی لە ئامێزم دەگرێت.

٤ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن هەتا خۆی حەز دەکات. دەستەخوشکەکان

٥ئەو کچە کێیە لە چۆڵەوانییەوە دێت و پاڵی بە دڵدارەکەیەوە داوە؟ ئەویندار لەژێر دار سێوەکە بەئاگام هێنای، لەوێ دایکت بە تۆ سک پڕ بوو، لەوێ ئەوەی تۆی بوو سکی پێت پڕ بوو.

٦بمکە مۆر لەسەر دڵت، مۆر لەسەر بازووت، چونکە خۆشەویستی وەک مردن بەهێزە، ئیرەیی وەک گۆڕ سەختە، خۆشەویستی سووتێنەرە، گڕی ئاگرە، وەک ئاگرێکی بەهێزە.

٧ئاوە زۆرەکان ناتوانن خۆشەویستی بکوژێننەوە، ڕووبارەکان نوقومی ناکەن. ئەگەر مرۆڤ هەموو سامانی ماڵەکەی لە پێناوی خۆشەویستی ببەخشێت، بە بێبەها دادەنرێت. دەستەخوشکەکان

٨خوشکێکی بچووکمان هەیە، هێشتا مەمکی نەهاتووە. چی بکەین بۆ خوشکمان، ئەو ڕۆژەی داخوازیکەری بێت؟

٩ئەگەر شوورا بێت، قوللەی زیوین لەسەری بنیاد دەنێین. ئەگەر دەرگا بێت، بە تەختەداری ئورز دەوری دەدەین. ئەویندار

١٠من شوورام و مەمکەکانم وەک قوللەن، بەم جۆرە لە چاوەکانی پەسەندی بەدی دەکەم.

١١سلێمان ڕەزەمێوێکی هەبوو لە بەعل‌هامۆن، ئەم ڕەزەمێوی دایە ڕەزەوانان، هەریەکە و لەبری بەرهەمەکەی هەزار شاقل زیوی دەدا.

١٢بەڵام ڕەزەمێوەکەی خۆم بە ویستی خۆمە بیبەخشم؛ ئەی سلێمان، هەزار شاقل بۆ تۆ بێت، دوو سەد شاقلیش بۆ ڕەزەوانەکان. دڵدار

١٣ئەی دانیشتووی ناو باخچەکان! هاوڕێیان گوێیان لە دەنگت گرتووە، با گوێم لێت بێت. ئەویندار

١٤ڕابکە، دڵدارەکەم، وەک ئاسک بە یان وەک کارمامز لەسەر ئەو چیایانەی پڕ بۆنوبەرامن.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.