کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزتیتۆس

تیتۆس ٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١بەڵام تۆ دەبێت بە فێرکردنی دروست خەڵکی فێر بکەیت.

٢پیرەمێردەکان فێر بکەن کە وریابن، بەڕێز، ژیر، دروست بن لە باوەڕ و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن.

٣هەروەها پیرێژنەکان فێر بکەن کە بە ڕێزەوە بژین، بوختانکەر نەبن و خوو بە شەرابەوە نەگرن، بەڵکو شتی چاک فێری خەڵکی بکەن،

٤تاکو ئامۆژگاری ژنە گەنجەکان بکەن کە مێرد و منداڵیان خۆشبوێت،

٥ژیر و پاک بن، بە ماڵەوە سەرقاڵ بن، چاک بن و ملکەچی مێردەکانیان بن، نەوەک کفر بە وشەی خودا بکرێت.

٦بە هەمان شێوە، هانی پیاوە گەنجەکان بدە ژیر بن.

٧لە هەموو شتێکدا بۆیان ببە بە نموونەی چاکەکاری. لە فێرکردندا دروستی و دڵسۆزی پیشان بدە،

٨با قسەت دروست بێت و ڕەخنەی لێ نەگیرێت، تاکو ناحەز شەرمەزار بێت، چونکە هیچی خراپ نادۆزێتەوە لە دژتان بیڵێت.

٩کۆیلەکانیش لە هەموو شتێکدا ملکەچی گەورەکانیان بن، ڕازییان بکەن، بەرپەرچیان نەدەنەوە،

١٠هیچیان لێ نەدزن، بەڵکو ئەوپەڕی دەستپاکی پیشان بدەن، تاکو لە هەموو شتێکدا فێرکردنی خودای ڕزگارکەرمان بڕازێننەوە.

١١نیعمەتی خودا دەرکەوت و ڕزگاری پێشکەشی هەموو خەڵک دەکات.

١٢ئەوەی فێرمان دەکات نکۆڵی لە خوانەناسی و هەوەسە دنیاییەکان بکەین، بە ژیری و ڕاستودروستی و لەخواترسی بژین لەم دنیایە،

١٣لە چاوەڕوانی هیوای بەرەکەتدار، دەرکەوتنی شکۆی خودای گەورە و ڕزگارکەرمان، عیسای مەسیح،

١٤ئەوەی بۆ ئێمە خۆی بەختکرد، تاکو لە هەموو سەرپێچییەک بمانکڕێتەوە و گەلێکی تایبەت بۆ خۆی پاک بکاتەوە، دڵگەرم بۆ چاکەکاری.

١٥ئەو شتانە فێری خەڵکی بکە، هانیان بدە و بە هەموو دەسەڵاتێک سەرزەنشتیان بکە. ڕێگا مەدە کەس بە کەمت بزانێت.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.