کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزتیتۆس

تیتۆس ٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١یادی باوەڕداران بخەرەوە ملکەچی فەرمانڕەوایان و دەسەڵاتداران بن، گوێڕایەڵ بن، بۆ هەموو کارێکی چاک ئامادەبن،

٢قسە بە کەس نەڵێن، شەڕفرۆش نەبن، خۆنەویست بن، لەگەڵ هەموو خەڵک دڵنەرمی پیشان بدەن.

٣پێشتر ئێمەش گێل و یاخی و گومڕا بووین، کۆیلەی هەموو جۆرە هەوەسبازی و چێژ وەرگرتنێک بووین، لە قین و ئیرەییدا دەژیاین، ئێسکگران بووین، ڕقمان لە یەکتری بوو.

٤بەڵام، کاتێک میهرەبانی خودای ڕزگارکەرمان و خۆشەویستییەکەی دەرکەوت،

٥نەک بەهۆی کاری ڕاستودروست کە ئێمە کردوومانە، بەڵکو بە بەزەیی خۆی ڕزگاری کردین، ئەویش لە ڕێگەی ئەو شوشتنەوەیە بوو، کە بەهۆیەوە ڕۆحی پیرۆز لەدایکبوونەوەیەکی نوێ و ژیانێکی نوێی پێ بەخشین،

٦ئەوەی لە ڕێگەی عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمانەوە بە دڵفراوانییەوە ڕشتی بەسەرماندا،

٧تاکو، پاش ئەوەی بە نیعمەتی ئەو بێتاوان کراین، بەگوێرەی هیوای ژیانی هەتاهەتایی ببینە میراتگر.

٨ئەم قسەیە ڕاستە. دەمەوێ سوور بیت لەسەر ئەم شتانە، تاکو ئەوانەی باوەڕیان بە خودا هێنا بایەخ بەوە بدەن کە بۆ کرداری چاک خۆیان تەرخان بکەن. ئەم شتانە باش و سوودبەخشە بۆ خەڵک.

٩بەڵام لە گفتوگۆی گێلانە و ڕەچەڵەک و ناکۆکی و شەڕ لەسەر تەورات دووربکەوە، چونکە بێ سوود و پووچە.

١٠ناکۆکیکار ئاگادار بکەوە، لەدوای جارێک و دووان، لێی دووربکەوە.

١١دەزانیت کەسانی وەک ئەو، لادەر و گوناهبارە و خۆی حوکمی بەسەر خۆیدا داوە.

١٢کاتێک ئەرتیماس یان تیخیکۆس دەنێرمە لات، هەوڵ بدە لە نیکۆپۆلیس بێیت بۆ لام، چونکە بەتەمام زستان لەوێ بمێنمەوە.

١٣هەوڵ بدە زیناسی پارێزەر و ئەپۆلۆس بنێری، تاکو پێویستیان بە هیچ نەبێت.

١٤پێویستە خەڵکەکەمان فێربن کە خۆیان بۆ کرداری چاک و پێداویستییە گرنگەکان تەرخان بکەن، تاکو بێ بەرهەم نەبن.

١٥هەموو ئەوانەی لەگەڵمدان سڵاوت لێدەکەن. سڵاو لەوانە بکە کە لە باوەڕدا ئێمەیان خۆشدەوێت. با نیعمەت لەگەڵ هەمووتان بێت.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.