کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەکەریا

زەکەریا ١٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بە سروش سەبارەت بە ئیسرائیل. یەزدان، ئەوەی کە ئاسمانی ڕاخستووە، زەوی دامەزراندووە، شێوەی ڕۆحی مرۆڤی لە ناخی مرۆڤدا کێشاوە، ئەمە دەفەرموێت:

٢«من خەریکم ئۆرشەلیم دەکەمە جامێک هەموو گەلانی دەوروبەری سەرخۆش دەکات. یەهودا و ئۆرشەلیمیش گەمارۆ دەدرێن.

٣لەو ڕۆژەدا کاتێک هەموو گەلانی زەوی لە دژی ئەو کۆدەبنەوە، ئۆرشەلیم بۆ هەموو گەلان دەکەمە بەردێکی سەنگین. ئەوەی بییەوێت بیجوڵێنێت خۆی بریندار دەکات.»

٤یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا هەموو ئەسپێک تووشی سەرلێشێوان دەکەم و سوارەکەشی تووشی شێتی دەکەم. چاودێری بنەماڵەی یەهودا دەکەم، هەموو ئەسپی گەلان تووشی کوێری دەکەم.

٥ئینجا سەرکردەکانی یەهودا لە دڵی خۆیاندا دەڵێن: ”خەڵکی ئۆرشەلیم بەهێزن، چونکە یەزدانی سوپاسالار خودایانە.“

٦«لەو ڕۆژەدا سەرکردەکانی یەهودا وەک ئاگردانێک لێ دەکەم لەنێو کۆمەڵە دار و وەک مەشخەڵێکی ئاگر لەنێو مەڵۆ، جا بەلای ڕاست و بەلای چەپدا دەست دەکەن بە خواردنی هەموو گەلانی دەوروبەریان، بەڵام ئۆرشەلیم لە جێی خۆی بە سەلامەتی دەمێنێتەوە.

٧«یەزدان سەرەتا گەلی یەهودا ڕزگار دەکات، بۆ ئەوەی شان و شکۆی بنەماڵەی داود و خەڵکی ئۆرشەلیم لەسەر یەهودا گەورەتر نەبن.

٨لەو ڕۆژەدا یەزدان دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەپارێزێت، ئەوەی لاوازە لەنێویان وەک داودی لێدێت، ماڵی داودیش وەک خودای لێدێت، وەک فریشتەی یەزدان لەپێشیان دەڕوات.

٩لەو ڕۆژەدا مکوڕ دەبم لەسەر لەناوبردنی هەموو ئەو نەتەوانەی کە هێرش دەکەنە سەر ئۆرشەلیم.

١٠«ڕۆحی میهرەبانی و پاڕانەوە بەسەر بنەماڵەی داود و بەسەر دانیشتووانی ئۆرشەلیمدا دەبارێنم. جا تەماشای من دەکەن، ئەوەی کە ڕمیان لێداوە، هەروەها شیوەنی بۆ دەگێڕن وەک کەسێک شیوەن بۆ تاقانەکەی بگێڕێت، زۆر دەگریێن، هەروەک گریان بۆ نۆبەرەیەک.

١١لەو ڕۆژەدا شیوەنێکی گەورە لە ئۆرشەلیم دەبێت، وەک شیوەنی هەدەد ڕیمۆن لە دەشتی مەگیدۆ.

١٢خاکەکە شیوەن دەگێڕێت، خێڵ بە خێڵ هەریەکە و بە جیا: خێڵی بنەماڵەی داود و ژنەکانیان، خێڵی بنەماڵەی ناتان و ژنەکانیان،

١٣خێڵی بنەماڵەی لێڤی و ژنەکانیان، خێڵی شیمعی و ژنەکانیان.

١٤هەموو ئەو خێڵانەی مابوونەوە خێڵ بە خێڵ بە جیا و ژنەکانیشیان بە جیا.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.