کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەکەریا

زەکەریا ١١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی لوبنان، دەرگاکانت بکەرەوە، تاکو ئاگر دار ئورزەکانت بخوات!

٢ئەی دار سنەوبەر، واوەیلا بکە، چونکە دار ئورز کەوت، دارە گەورەکان تێکشکێنران! ئەی دار بەڕووەکانی باشان، واوەیلا بکەن، چونکە دارستانە چڕەکان تێکدران!

٣گوێ لە واوەیلای شوانەکان بگرن، چونکە لەوەڕگا دەوڵەمەندەکانیان وێران بوون! گوێ لە نەڕەی شێرەکان بگرن، چونکە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردون وێران بوون.

٤یەزدانی پەروەردگارم ئەمە دەفەرموێت: «ئەو مێگەلەی بۆ سەربڕینە بیلەوەڕێنە.

٥ئەوانەی دەیانکڕن و سەریان دەبڕن، سزاش نادرێن. فرۆشیارەکانیان دەڵێن: ”ستایشی یەزدان دەکەم، کە دەوڵەمەندی کردم!“ شوانەکانیان بەزەییان پێیاندا نایەتەوە.»

٦یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئیتر بەزەییم بە دانیشتووانی خاکەکەدا نایەتەوە، بەڵکو هەریەکەیان دەدەمە دەست نزیکەکەی و پاشاکەی. ئەوان خاکەکە وێران دەکەن، کەسیش لە دەستی ئەوان دەرباز ناکەم.»

٧ئەو مێگەلەم لەوەڕاند کە بۆ سەربڕینە، بە تایبەتی کڵۆڵترینی مەڕەکان. ئینجا دوو گۆچانم بۆ خۆم برد، یەکێکیانم ناو نا «پەسەندی» و ئەوی دیکەشم ناو نا «یەکگرتن» و مێگەلەکەم لەوەڕاند.

٨لە یەک مانگدا هەر سێ شوانەکەم دەرکرد. مێگەلەکە ڕقی لێم بووەوە، من ئارامیم لێیان نەما و

٩فەرمووم: «ناتانلەوەڕێنم. ئەوەی مردار دەبێتەوە، با مردار ببێتەوە؛ ئەوەی لەناودەچێت، با لەناوبچێت؛ ئەوانەش کە دەمێننەوە، با گۆشتی یەکتری بخۆن.»

١٠ئینجا ئەو گۆچانەم برد کە ناوی «پەسەندی» بوو و شکاندم، تاکو ئەو پەیمانەم هەڵوەشێنمەوە کە لەگەڵ هەموو گەلاندا بەستم.

١١لەو ڕۆژەدا پەیمانەکە هەڵوەشایەوە، بەو شێوەیە کڵۆڵترینی مەڕەکان، ئەوانەی چاویان تێبڕیبووم زانییان کە ئەوە فەرمایشتی یەزدان بووە.

١٢ئینجا پێم گوتن: «ئەگەر پێتان باشە، کرێیەکەم بدەنێ، ئەگەر نا لێیگەڕێن.» ئینجا سی پارچە زیوی کرێیەکەی منیان کێشا.

١٣یەزدان پێی فەرمووم: «فڕێیبدە بۆ گۆزەکەرەکە.» ئەو نرخە بەهادارەی کە منیان پێی هەڵسەنگاند! منیش سی پارچە زیوەکەم وەرگرت و فڕێمدا بۆ گۆزەکەرەکەی ناو ماڵی یەزدان.

١٤ئینجا گۆچانەکەی دیکەم شکاند، کە ناوی «یەکگرتن» بوو، تاکو برایەتی نێوان یەهودا و ئیسرائیل هەڵبوەشێنمەوە.

١٥جا یەزدانم پێی فەرمووم: «جارێکی دیکە کەلوپەلی شوانێکی گێل بۆ خۆت ببە،

١٦چونکە من شوانێک لە خاکەکە هەڵدەستێنمەوە کە گرنگی بە ونبووەکان نادات، لە ساواکان ناگەڕێت، بریندارەکان چارەسەر ناکات، ئەوانەی تەندروستییان باشە نایانلەوەڕێنێت، بەڵام گۆشتی قەڵەوەکان دەخوات و سمیان دەردێنێت.

١٧«قوڕبەسەر شوانی هیچوپووچ، ئەوەی وازی لە مێگەلەکە هێناوە! با شمشێر لەسەر قۆڵ و چاوی ڕاستی بێت! با قۆڵی بە تەواوی وشک بێت و چاوی ڕاستی بە تەواوی کۆرە بێت!»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.