کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەکەریا

زەکەریا ١٠

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١لە بەهاردا داوای باران لە یەزدان بکەن، یەزدانە کە هەورەتریشقە دروستدەکات. ئەو شەستە باران دەبارێنێت، کێڵگەی سەوز دەداتە هەمووان.

٢بتەکان قسەی هەڵخەڵەتێنەر دەکەن، فاڵگرەوەکان بە درۆ باسی بینین دەکەن، خەونی درۆ دەگێڕنەوە، بەبێ سوود دڵنەوایی دەکەن، بۆیە گەل وەک مەڕ پەرتەوازە بوون، سەرگەردان بوون لەبەر بێ شوانی.

٣«تووڕەییم لەسەر شوانەکان گڕی گرت، ڕابەرەکان سزا دەدەم، چونکە یەزدانی سوپاسالار مێگەلەکەی خۆی، بنەماڵەی یەهودا بەسەردەکاتەوە، دەیانکاتە ئەسپی شکۆی خۆی لەنێو جەنگ.

٤بەردی بناغە لە یەهوداوە دێت، مێخی ڕەشماڵ لەوێوە دێت، کەوانی جەنگ لەوێوە دێت، هەموو سەرۆکێک لەوێوەیە.

٥پێکەوە وەک پاڵەوان دەبن، ئەوانەی دوژمنەکانیان لەنێو قوڕی کۆڵانەکان دەشێلن، دەجەنگن، چونکە یەزدان لەگەڵیانە، ئەسپ سوارەکانی دوژمن شەرمەزار دەکەن.

٦«بنەماڵەی یەهودا بەهێز دەکەم، بنەماڵەی یوسف ڕزگار دەکەم. دەیانگەڕێنمەوە، چونکە بەزەییم پێیاندا هاتەوە، وایان لێدێت وەک ئەوەی کە ڕەتم نەکردبنەوە، چونکە من یەزدانی پەروەردگاری ئەوانم، وەڵامیان دەدەمەوە.

٧ئەفرایم وەک پاڵەوانەکانیان لێدێت، دڵیان خۆش دەبێت هەروەک بە شەراب، منداڵەکانیان ئەمە دەبینن و دڵخۆش دەبن، دڵیان بە یەزدان شاد دەبێت.

٨ئاماژەیان بۆ دەکەم، پێکەوە کۆیان دەکەمەوە. بە دڵنیاییەوە دەیانکڕمەوە، هەروەکو پێشتر زۆر دەبن.

٩هەرچەندە لەنێو گەلاندا پەرتەوازەیان دەکەم، بەڵام لە خاکە دوورەکانەوە یادم دەکەنەوە. ئەوان لەگەڵ کوڕەکانیان لە ژیان دەمێننەوە و دەگەڕێنەوە.

١٠لە خاکی میسرەوە دەیانگەڕێنمەوە و لە ئاشورەوە کۆیان دەکەمەوە. دەیانهێنمە خاکی گلعاد و لوبنان، جێیان نابێتەوە.

١١بەناو دەریای تەنگدا تێدەپەڕن، شەپۆلەکانی دەریا کپ دەبن و هەموو قووڵاییەکانی ڕووباری نیل وشک دەبن. لووتبەرزی ئاشور تێکدەشکێنرێت و داردەستی میسر نامێنێت.

١٢بە یەزدان بەهێزیان دەکەم و بە ناوی خۆیەوە دەیپەرستن و گوێڕایەڵی دەبن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.