کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەکەریا

زەکەریا ٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بە سروش لە دژی خاکی حەدراخ و لە دیمەشق دەمێنێتەوە، چونکە هەموو خەڵک و هۆزەکانی ئیسرائیل چاویان لە یەزدانە.

٢هەروەها لە دژی حەماتی هاوسنووری، لە دژی سور و سەیدایە، کە ئەوانە زۆر دانان.

٣سور قەڵای بۆ خۆی بنیاد نا، زیوی وەک خۆڵ خڕکردەوە، زێڕیش وەک قوڕی کۆڵانەکان.

٤بەڵام پەروەردگار دەستی بەسەردا دەگرێت و لە دەریا هێزەکەی لەناودەبات، هەروەها بە ئاگر دەسووتێنرێت.

٥ئەسقەلان دەیبینێت و دەترسێت، غەزەش زۆر بە ئازار دەبێت، عەقرۆنیش، چونکە هیواکانی مایەی شەرمەزارین. غەزە پاشاکەی لەدەست دەدات، ئەسقەلانیش ئاوەدانی تێدا نامێنێت.

٦خەڵکی زۆڵ ئەشدۆد داگیر دەکەن، لووتبەرزی فەلەستییەکان لەناودەبەم.

٧گۆشتی بە خوێنەوە لەبەردەمیان لادەبەم و خواردنی قەدەغەکراو لەبەر ددانەکانیان. ئەو فەلەستییانەش کە دەمێننەوە دێنە پاڵ خوداکەمان و وەک هۆزێک دەبن لە یەهودا و عەقرۆنیش وەک یەبوسییەکان.

٨بەڵام لە چواردەوری پەرستگاکەم هەڵدەدەم، بۆ پارێزگاریکردن لە لەشکری تاڵانکەر. ئیتر هەرگیز سەرکاری بێگاری نایەتە سەریان، چونکە ئێستا چاوم لەسەریانە.

٩ئەی شاری سییۆن، زۆر دڵخۆش بە! ئەی شاری ئۆرشەلیم، هاواری خۆشی بکە! ئەوەتا پاشاکەت دێتە لات، دادپەروەرە و ڕزگارکەرە، بێفیزە و سواری ماکەرێک و جاشی ماکەرێک بووە.

١٠گالیسکەی جەنگ لە ئەفرایم لەناودەبەم و ئەسپیش لە ئۆرشەلیم، کەوانی جەنگ دەشکێنرێت. ئەو پاشایە ئاشتی بۆ گەلان ڕادەگەیەنێت، فەرمانڕەوایەتییەکەی لە دەریاوە بۆ دەریایە و لە ڕووباری فوراتیشەوە هەتا ئەوپەڕی زەوییە.

١١هەروەها بۆ تۆش، لەبەر خوێنی پەیمانەکەم لەگەڵ تۆ، دیلەکانت لە بیری بێ ئاو بەڕەڵا دەکەم.

١٢ئەی ئەو دیلانەی هیواتان هەیە، بگەڕێنەوە قەڵاکانتان، ئەمڕۆ من ڕایدەگەیەنم کە دوو هێندە قەرەبووتان دەکەمەوە.

١٣من یەهودام وەک کەوانەکەی خۆم چەماندووەتەوە، ئەفرایمم کردووەتە تیرەکانم، ئەی سییۆن، کوڕەکانی تۆم ڕاپەڕندووە، لە دژی کوڕەکانی تۆ، ئەی یۆنان، تۆم کردووە بە شمشێری پاڵەوان.

١٤ئینجا یەزدان لەسەر سەریانەوە دەردەکەوێت، تیرەکەی وەک بروسک دەبریسکێتەوە. یەزدانی باڵادەست فوو بە کەڕەنادا دەکات، بەناو گەردەلوولەکانی باشووردا دەڕوات،

١٥یەزدانی سوپاسالار گەلەکەی دەپارێزێت. بە بەردی قۆچەقانی دوژمن تێکدەشکێنن، دەخۆنەوە و دەنەڕێنن هەروەک شەرابیان نۆشی بێت، وەک تاسی خوێنپرژێن پڕ دەبن، کە بۆ پرژاندنی گۆشەکانی قوربانگا بەکاردێت.

١٦لەو ڕۆژەدا یەزدانی پەروەردگار گەلی خۆی ڕزگار دەکات، هەروەک شوان مێگەلەکەی دەپارێزێت. لە خاکەکەی خۆی دەیانڕازێنێتەوە وەک بەردی گرانبەهای تاج.

١٧چەند سەرنجڕاکێش و جوان دەبن! دانەوێڵە گەشە بە لاوەکان دەکات و شەرابی نوێش بە پاکیزەکان.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.