کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزسەفەنیا

سەفەنیا ١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١پەیامی یەزدان بۆ سەفەنیای کوڕی کووشی کوڕی گەدەلیاهوی کوڕی ئەمەریای کوڕی حەزقیا، لە سەردەمی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهودا:

٢«هەموو شتێک لەسەر ڕووی زەوی بە تەواوەتی دادەماڵم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

٣«مرۆڤ و ئاژەڵ دادەماڵم، باڵندەکانی ئاسمان و ماسییەکانی دەریا دادەماڵم. بەدکاران تووشی کۆسپ دەکەم و مرۆڤ لەسەر ڕووی زەوی بنبڕ دەکەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

٤«دەستم بۆ سەر یەهودا و بۆ سەر هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم درێژ دەکەم. ئەو بەعل پەرستانەی ماونەتەوە لەم شوێنە بنبڕیان دەکەم، ناوی کاهینە بتپەرستەکان و کاهینە هەڵگەڕاوەکان،

٥ئەوانەی لە سەربانەکان کڕنۆش دەبەن بۆ ئەستێرەکانی ئاسمان، ئەوانەی کڕنۆش دەبەن و سوێند بە یەزدان دەخۆن، هەروەها سوێند بە مۆلەخیش دەخۆن،

٦لەگەڵ ئەوانەی لە یەزدان هەڵگەڕاونەتەوە و ئەوانەی ڕوو لە یەزدان ناکەن و پرسیاری لێ ناکەن.»

٧لەبەردەم یەزدانی باڵادەست بێدەنگ بە، چونکە ڕۆژی یەزدان نزیکە. یەزدان قوربانی ئامادە کردووە، بانگکراوانی خۆی تەرخان دەکات.

٨لە ڕۆژی قوربانی یەزدان میران سزا دەدەم هەروەها کوڕانی پاشا و هەموو ئەوانەی جلوبەرگی نامۆیان لەبەرە.

٩لەو ڕۆژەدا هەموو ئەوانە سزا دەدەم کە خۆیان لەوە دەپارێزن پێ لە سەکۆی دەروازەکە بنێن، ئەوانەی پەرستگای خوداوەندەکانیان پڕ دەکەن لە ستەم و فێڵبازی.

١٠یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا، دەنگی هاوار لە دەروازەی ماسی بەرزدەبێتەوە، ناڵەناڵ لە ”گەڕەکی نوێ“ دێت، دەنگی تێکشکانێکی گەورەش لە گردەکانەوە.

١١ئەی دانیشتووانی ناوچەی مەکتیش بناڵێنن، هەموو بازرگانەکانتان لەناودەچن، هەموو بازرگانەکانی زیو بنبڕ دەکرێن.

١٢لەو سەردەمەدا، بە چرا ئۆرشەلیم دەپشکنم و ئەو کەسانە سزا دەدەم کە لەخۆڕازین، ئەوانە وەک شەرابن بەسەر خڵتەکەیەوە، لە دڵی خۆیاندا دەڵێن: ”یەزدان نە چاکە دەکات و نە خراپە.“

١٣ئەوانە سامانیان تاڵان دەکرێت، ماڵیان وێران دەبێت. ماڵ بنیاد دەنێن و تێیدا دانانیشن؛ ڕەز دەچێنن و لە شەرابەکەی ناخۆنەوە.

١٤«ڕۆژی گەورەی یەزدان نزیکە، نزیکە و زۆر بە پەلەیە. هاواری ڕۆژی یەزدان تاڵ دەبێت، پاڵەوانە مەزنەکە نەعرەتەی جەنگ دەکێشێت.

١٥ئەو ڕۆژە ڕۆژی تووڕەییە، ڕۆژی تەنگانە و ئازارە، ڕۆژی کاولبوون و وێرانییە، ڕۆژی تاریکی و ئەنگوستەچاوە، ڕۆژی هەور و تەمی چڕە،

١٦ڕۆژی کەڕەنا لێدان و نەعرەتەی جەنگە لە دژی شارە قەڵابەندەکان و لە دژی قوللە بەرزەکان.

١٧«تەنگ بە مرۆڤ هەڵدەچنم، وەک کوێر بە پەلکوتان دەڕۆن، چونکە دەرهەق بە یەزدان گوناهیان کرد. ئینجا خوێنیان وەک خۆڵ دەڕژێت و هەناویشیان وەک زبڵ.

١٨نە زیو و نە زێڕەکەیان ناتوانن دەربازیان بکەن، لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان. «بە ئاگری ئیرەییەکەی هەموو زەوی هەڵدەلووشێت، چونکە لەناوچوونێکی کتوپڕ دروستدەکات بۆ هەموو دانیشتووانی زەوی.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.