١ئەی نەتەوە بێ شەرمەکە، خۆت کۆبکەرەوە، خۆت کۆبکەرەوە،
٢بەر لەوەی کاتی دیاریکراوتان لەدەست بچێت، بەر لەوەی ئێوە وەک پوشوپەڵاشی بەردەم باتان بەسەربێت، پێش ئەوەی گڕی تووڕەیی یەزدان بێتە سەرتان، پێش ئەوەی ڕۆژی تووڕەیی یەزدان بێتە سەرتان.
٣ئەی هەموو بێفیزەکانی سەر زەوی، ڕوو لە یەزدان بکەن، ئێوە ئەوانەی حوکمەکانی ئەو جێبەجێ دەکەن. داوای ڕاستودروستی بکەن، داوای بێفیزی بکەن، بەڵکو لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان دابپۆشرێن.
٤غەزە چۆڵ دەکرێت و ئەسقەلان وێران دەبێت، ئەشدۆد لە نیوەڕۆدا کاول دەکرێت و عەقرۆنیش ڕیشەکێش دەکرێت.
٥قوڕبەسەر دانیشتووانی کەناری دەریا، نەتەوەی کریتییەکان! فەرمایشتی یەزدان لە دژی ئێوەیە، ئەی کەنعان، خاکی فەلەستییەکان، یەزدان دەفەرموێت: «لەناوت دەبەم، کەست ناهێڵمەوە.»
٦کەناری دەریاش دەبێتە لەوەڕگا، دەبێتە شوێنی شوانەکان، بۆ پشتیری مەڕ.
٧دەبێتە موڵکی پاشماوەی بنەماڵەی یەهودا، لەسەری دەلەوەڕێنن، ئێواران لە ماڵەکانی ئەسقەلان لادەدەن، چونکە یەزدانی پەروەردگاریان بەسەریان دەکاتەوە، ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنێتەوە.
٨«گوێم لە جنێوەکانی مۆئاب و قەشمەرییەکانی عەمۆنییەکان بوو، ئەوانەی جنێویان بە گەلەکەم دا و هەڕەشەیان لە خاکەکەیان کرد.»
٩یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم، لەبەر ئەوە بێگومان مۆئاب وەک سەدۆمی لێدێت، عەمۆنییەکانیش وەک عەمۆرا، هەتاهەتایە دەبێتە شوێنی گەزگەزکە و چاڵی خوێ و وێرانییە. پاشماوەی گەلەکەم تاڵانیان دەکەن و پاشماوەی نەتەوەکەم دەبنە میراتگری خاکەکەیان.»
١٠لە بەرامبەر لووتبەرزییان ئەمەیان بەسەردێت، لەبەر جنێودان و سووکایەتییان بە گەلی یەزدانی سوپاسالار.
١١یەزدان ترسناک دەبێت بۆیان، چونکە هەموو خوداوەندەکانی سەر زەوی تێکدەشکێنێت. هەموو خەڵک هەریەکە و لە شوێنی خۆیەوە کڕنۆشی بۆ دەبەن، هەریەکە و لە خاکەکەی خۆی.
١٢«ئێوەش ئەی کوشییەکان، بە شمشێری من دەکوژرێن.»
١٣دەستی بۆ باکوور درێژ دەکات و ئاشوریش لەناودەبات، نەینەوا وێران دەکات وەک بیابان وشک دەبێت.
١٤ئینجا لەوێدا مێگەلەکان خۆیان دەکێشنەوە، هەموو جۆرە ئاژەڵێک. هەم کوندەپەپووی بیابان و هەم بایەقووش، لەسەر ستوونەکانی شەو بەسەردەبەن، لە پەنجەرەکانیەوە دەنگیان دێت، کاول بوون لە بەردەرگایە، چونکە دار ئورزەکانی ڕووت کراونەتەوە.
١٥ئەمە شارە دڵخۆشەکەیە کە لە ئاسوودەییدا دەژیا. ئەوەی لە دڵی خۆیدا دەیگوت: «تەنها من، کەسی دیکە هاوتای من نییە.» ئاخ، چۆن وێران بوو، لانەی گیانلەبەران! هەموو ئەوانەی بەلایدا تێدەپەڕن گاڵتەی پێ دەکەن و فیکە لێدەدەن.