١قوڕبەسەر شاری ستەمکارەکان ئەوەی یاخی بووە و گڵاوە!
٢گوێی لە کەس نەگرت، تەمبێ نەبوو، پشتی بە یەزدان نەبەست، لە خودای خۆی نزیک نەبووەوە.
٣میرەکانی ناوەڕاستی شێرن دەنەڕێنن، دادوەرەکانی گورگی ئێوارانن، هیچ بۆ بەیانی ناهێڵنەوە.
٤پێغەمبەرەکانی لەخۆبایین، خەڵکانێکی ناپاکن، کاهینەکانی پیرۆزگایان گڵاو کردووە، تەوراتیان پێشێل کردووە.
٥یەزدان لەو شارەدا ڕاستودروستە، ناڕەوایی ئەنجام نادات. بەیانییان دادپەروەرییەکەی پەیڕەو دەکات، کەموکوڕی تێدا نییە، بەڵام ستەمکار واتای سەرشۆڕی نازانێت.
٦«نەتەوەکانم ڕیشەکێش کرد، قەڵاکانیان وێران بوون، شەقامەکانی ئەوانم چۆڵ کرد، بەبێ ڕێبوارن، شارەکانیان وێران کران، بەبێ مرۆڤن، بێ دانیشتووان.
٧ئینجا سەبارەت بە ئۆرشەلیم گوتم: ”بێگومان ئیتر لێم دەترسیت و تەمبێ دەبیت!“ هەتا نشینگەکەی ڕیشەکێش نەکرێت، هەموو سزای خۆم بەسەریدا ناسەپێنم. بەڵام چالاک بوون لە گەندەڵکردنی هەموو کردەوەکانیان.»
٨یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە چاوەڕێم بکەن، هەتا ئەو ڕۆژەی هەڵدەستم بۆ شایەتیدان، چونکە بڕیارم دا نەتەوەکان کۆبکەمەوە، پاشایەتییەکان خڕبکەمەوە، بۆ ئەوەی هەڵچوونم بەسەریاندا هەڵبڕێژم، هەموو گڕی تووڕەییم، بە ئاگری ئیرەییم هەموو زەوی هەڵدەلووشێت.
٩«ئینجا لێوی هەموو گەلان پاک دەکەمەوە، هەتا هەموویان بە ناوی یەزدانەوە نزا بکەن، تاکو هاوشانی یەکتر خزمەتی بکەن.
١٠لەوبەری ڕووبارەکانی کوشەوە ئەوانەی دەمپەرستن، گەلە پەرتوبڵاوکراوەکەم، دیارییەکانم پێشکەش دەکەن.
١١لەو ڕۆژەدا بەهۆی کردەوەکانت سەرشۆڕ نابیت کە پێیان لە من یاخی بوویت، چونکە من لەم شارە دایاندەماڵم، ئەوانەی بە لووتبەرزییان دڵخۆشن. ئیتر ناگەڕێیتەوە بۆ سەر لووت بەرزی لە کێوی پیرۆزم.
١٢بەڵام گەلێکت تێدا دەهێڵمەوە سادە و ساکار، پشت بە ناوی یەزدان دەبەستێت.
١٣پاشماوەی ئیسرائیلیش چیدی خراپە ناکەن، درۆ ناکەن، لە دەمیاندا زمانی هەڵخەڵەتێنەر نامێنێت، چونکە بە ئاسوودەیی دەخۆن و ڕادەکشێن، کەسیش نییە بیانترسێنێت.»
١٤ئەی سییۆنی کچ، گۆرانی بڵێ، ئەی ئیسرائیل، هاواری خۆشی بکە! بە هەموو دڵتەوە شادمان و دڵخۆشبە، ئەی ئۆرشەلیمی کچ!
١٥یەزدان سزاکەی تۆی داماڵی، دوژمنەکەت کشایەوە. یەزدان، پاشای ئیسرائیل، لەگەڵ تۆیە، جارێکی دیکە لە خراپە ناترسیت.
١٦لەو ڕۆژەدا بە ئۆرشەلیم دەگوترێت: «ئەی سییۆن مەترسە، دەستت شل مەکە.
١٧یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵتدایە، لە ڕزگارکردن قارەمانە. بە شادییەوە پێت دڵخۆش دەبێت، لەناو خۆشەویستییەکەی دەتبووژێنێتەوە، بە گۆرانییەوە پێت شاد دەبێت.»
١٨«ئەوانەی بۆ نەمانی جەژن دەگریێن لە تۆ دایاندەماڵم، لەمەودوا شەرمەزاری هەڵناگریت.
١٩لەو کاتەدا من سزایان دەدەم هەموو ئەوانەی زەلیلیان کردیت؛ شەلەکە ڕزگار دەکەم و ئەوانەی دوورخراوبوونەوە کۆیان دەکەمەوە. ستایش و ناوبانگیان پێ دەبەخشم لە هەموو خاکێک کە شەرمەزار بوون.
٢٠لەو کاتەدا کۆتان دەکەمەوە، لەو کاتەدا دەتانگەڕێنمەوە خاکی خۆتان. ستایش و ناوبانگتان پێ دەبەخشم لەنێو هەموو گەلانی زەوی، کاتێک ڕاپێچکراوەکانتان و بەختیاریتان لەبەرچاوتان دەگەڕێنمەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.