کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەکەم پوختەی مێژوو

یەکەم پوختەی مێژوو ٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ڕەئوبێن کوڕە نۆبەرەی ئیسرائیل بوو، بەڵام کاتێک کە پێخەفی باوکی گڵاوکرد، مافی نۆبەرایەتییەکەی درا بە نەوەی یوسفی کوڕی ئیسرائیل، ئیتر لە ڕەچەڵەکنامە بە نۆبەرە تۆمارنەکرا.

٢هەرچەندە یەهودا لە هەموو براکانی بەهێزتر بوو و پاشایەک لە پشتی ئەو دەرچوو، بەڵام نۆبەرایەتییەکە بۆ یوسف بوو.

٣کوڕەکانی ڕەئوبێنی کوڕە نۆبەرەی ئیسرائیل: حەنۆک، پەڵو، حەسرۆن و کەرمی.

٤نەوەکانی یۆئێل: شەمەعیا کوڕی یۆئێل، گۆگ کوڕی شەمەعیا، شیمعی کوڕی گۆگ،

٥میخا کوڕی شیمعی، ڕەئایا کوڕی میخا، بەعل کوڕی ڕەئایا،

٦بئێرە کوڕی بەعل. بئێرەش ئەو کەسە بوو کە تگلەت پلەسەری پاشای ئاشور ڕاپێچی کرد. بئێرە سەرۆکی ڕەئوبێنییەکان بوو.

٧خزمەکانیان بەگوێرەی خێڵەکانیان و بەپێی تۆمارکردنیان لە ڕەچەڵەکنامە: یەعیێلی سەرکردە، زەکەریا و

٨بەلەعی کوڕی عازازی کوڕی شەمەعی کوڕی یۆئێل. لە عەرۆعێرەوە هەتا نیبۆ و بەعل‌مەعۆن نیشتەجێ بوون.

٩بەرەو ڕۆژهەڵاتیش هەتا دەهاتە بیابانی دەم ڕووباری فورات پەلیان هاویشت، چونکە ئاژەڵەکانیان لە خاکی گلعاددا زۆر ببوون.

١٠لە سەردەمی پاشایەتی شاولدا، جەنگیان لە دژی هاجەرییەکان بەرپا کرد و بەزاندنیان و لە خێوەتەکانی هاجەرییەکان نیشتەجێ بوون لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی گلعاددا.

١١نەوەی گادیش لەتەنیشت نەوەی ڕەئوبێنەوە نیشتەجێ بوون لە خاکی باشانەوە هەتا سەلخە:

١٢لە باشان یۆئێل سەرکردە و شافام لە پلەی دووەم و یەعنەی و شافات لە پلەی سێیەم بوون.

١٣خزمەکانیان بەپێی بنەماڵەکانیان حەوت بوون: میکائیل، مەشولام، شەڤەع، یۆرەی، یەعکان، زیەع و ئێبەر.

١٤ئەمانەش کوڕەکانی ئەبیحەیلی کوڕی حوریی کوڕی یارۆحای کوڕی گلعادی کوڕی میکائیلی کوڕی یەشیشەیی کوڕی یەحدۆی کوڕی بووز بوون.

١٥ئەحیی کوڕی عەبدیێلی کوڕی گۆنی گەورەی بنەماڵەکانیان بوو.

١٦جا گادییەکان لە گلعاد، لە باشان، لە گوندەکانیدا و لە هەموو دەشتاییەکانی شارۆن لەسەر سنوورەکانی نیشتەجێ بوون.

١٧ڕەچەڵەکی هەموو ئەمانە لە ماوەی پاشایەتی یۆتامی پاشای یەهودا و یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیلدا تۆمار کران.

١٨نەوەی ڕەئوبێن و گادییەکان و نیوەی هۆزی مەنەشە، لە پیاوە ئازاکان ئەوانەی قەڵغان و شمشێریان هەڵگرتبوو، تیرئەنداز بوون و مەشقی جەنگیان کردبوو، چل و چوار هەزار و حەوت سەد و شەست جەنگاوەر بوون.

١٩جەنگیان لە دژی هاجەرییەکان و یەتور و نافیش و نۆداڤ بەرپا کرد و

٢٠یارمەتییان بۆ هات. هاجەرییەکان و هەموو ئەوانەی لەگەڵیاندا بوون درانە دەستیانەوە، چونکە لە جەنگەکەدا هاواریان بۆ خودا کرد، ئەویش وەڵامی دانەوە، لەبەر ئەوەی پشتیان پێی بەست.

٢١هەروەها دەستیان بەسەر ئاژەڵە ماڵییەکانی هاجەرییەکاندا گرت، پەنجا هەزار وشتر و دوو سەد و پەنجا هەزار سەر مەڕ و دوو هەزار گوێدرێژ و لە مرۆڤیش سەد هەزار کەس و

٢٢ژمارەیەکی زۆر کوژران، لەبەر ئەوەی جەنگەکە لە خوداوە بوو. ئیتر هەتا ڕاپێچکردنەکە لە جێی ئەوان نیشتەجێ بوون.

٢٣نیوەی هۆزی مەنەشەش لە خاکەکە نیشتەجێ بوون، لە باشانەوە هەتا بەعل‌حەرمۆن پەلیان هاویشت، کە پێی دەگوترێ سنیر، یان چیای حەرمۆن.

٢٤ئەمانەش گەورەکانی بنەماڵەکانیان بوون: عێفەر، یەشعی، ئەلیێل، عەزریێل، یەرمیا، هۆدەڤیا و یەحدیێل، کە هەموو ئەمانە پیاوانی پاڵەوانی ئازا و پیاوانی ناودار و گەورەی بنەماڵەکانیان بوون.

٢٥بەڵام ناپاکییان لە خودای باوباپیرانیان کرد و بەدوای خوداوەندەکانی گەلانی خاکەکەوە لەشفرۆشییان کرد، ئەوانەی خودا لەبەردەمیاندا لەناوی بردن.

٢٦لەبەر ئەوە خودای ئیسرائیل ڕۆحی پولی پاشای ئاشوری هەژاند، کە بە تگلەت پلەسەر بەناوبانگە، ئەویش ڕەئوبێنی و گادییەکان لەگەڵ نیوەی هۆزی مەنەشەی ڕاپێچ کرد. ئەوانی هێنایە حەلەح و خابوور و هارا و ڕووباری گۆزان، هەتا ئەمڕۆش لەوێ ماونەتەوە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.