کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٥٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی خودایە، گوێ لە نوێژم بگرە، پاڕانەوەم پشت گوێ مەخە،

٢گوێم لێ بگرە و وەڵامم بدەوە. سەرم لێ شێواوە لە نەگبەتی خۆم و بێزارم،

٣لە بیستنی دەنگی دوژمن، لە چاو لێ سوور کردنەوەی بەدکاران، چونکە ئەمانە تووشی گرفتم دەکەن و بە تووڕەییەوە دەمچەوسێننەوە.

٤دڵم لە ناخمدا پڕ لە ئازارە، ترسی مەرگ هاتووەتە سەرم.

٥ترس و لەرز دایگرتووم، تۆقین باڵی بەسەرمدا کێشاوە.

٦گوتم: «خۆزگە وەک کۆتر باڵم دەبوو، دوور دەفڕیم و دەحەسامەوە،

٧بە ڕاستی دووردەکەوتمەوە و لە چۆڵەوانی دەمامەوە.

٨پەلەم دەکرد بۆ شوێنی پەناگای خۆم، دوور لە ڕەشەبا و لە گەردەلوول.»

٩ئەی پەروەردگار، سەریان لێ بشێوێنە، زمانیان تێک بئاڵێنە، چونکە زۆرداری و دووبەرەکی لە شاردا دەبینم.

١٠شەو و ڕۆژ بەسەر شووراکانیدا دەسووڕێنەوە و خراپە و ناڕەوایی لە ناوەڕاستیدایە.

١١وێرانکاری لە ناوەڕاستیدایە، دەستدرێژی و ساختەکاری هەرگیز شەقامەکانی بەرنادەن.

١٢ئەگەر دوژمن سووکایەتی پێم بکردایە، بەرگەم دەگرت، ئەگەر ناحەز بەسەرمدا زاڵ بووایە، دەمتوانی خۆمی لێ بشارمەوە.

١٣بەڵام ئەوە تۆی! هاوشێوەی من مرۆڤی، هاوڕێمی، نزیکترین برادەری منی،

١٤کە بەیەکەوە پەیوەندییەکی شیرینمان هەبوو، بەیەکەوە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا بەرەو ماڵی خودا دەچووین.

١٥با مەرگ چەواشەیان بکات، با بە زیندوویی دابەزنە ناو جیهانی مردووان، چونکە خراپە شوێنی خۆی کردووەتەوە لەنێویان.

١٦بەڵام هاواری من بۆ خودایە، یەزدانیش ڕزگارم دەکات.

١٧ئێواران و بەیانییان و نیوەڕۆیان گلەیی دەکەم و دەناڵێنم، ئەویش گوێم لێ دەگرێت.

١٨گیانمی بە تەواوی کڕییەوە لەو جەنگەی دژم هەڵگیرساوە، چونکە زۆرن بەرهەڵستکارانم.

١٩خودا، ئەوەی لە ئەزەلەوە لەسەر تەخت دانیشتووە، گوێی لێ دەبێت و ڕیسوایان دەکات؛ ئەوانەی ناگۆڕێن و ترسی خودایان لە دڵدا نییە.

٢٠هاوڕێکەم دەستدرێژی دەکاتە سەر دۆستەکانی، پەیمانی خۆی دەشکێنێت.

٢١زمانی وەک کەرە لووسە، بەڵام دڵی پڕ لە شەڕە. قسەی لە ڕۆن نەرمترە، بەڵام شمشێری هەڵکێشراوە.

٢٢خەمەکانت بە یەزدان بسپێرە، ئەو پشتگیریت دەکات، هەرگیز ناهێڵێت ڕاستودروستان بهەژێن.

٢٣بەڵام تۆ ئەی خودایە، فڕێیان بدە ناو قووڵترین بیر، خوێنڕێژ و فێڵبازەکان، ڕۆژگاریان ناگاتە نیوە. بەڵام من پشت بە تۆ دەبەستم.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.