کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٥٦

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی خودایە، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە خەڵک ڕاوم دەنێن، بە درێژایی ڕۆژ لە دژی من دەجەنگن.

٢دوژمنانم بە درێژایی ڕۆژ ڕاوم دەنێن، چونکە زۆرن ئەوانەی بە لووتبەرزییەوە دەمچەوسێننەوە.

٣کاتێک ترسم لێ دەنیشێت، من پشت بە تۆ دەبەستم.

٤بە خودا، کە ستایشی پەیامەکەی دەکەم، پشت بە خودا دەبەستم، من ناترسم، مرۆڤ چیم لێ دەکات؟

٥بە درێژایی ڕۆژ دەستکاری قسەکانم دەکەن، هەمیشە پیلان بۆ خراپەم دەگێڕن.

٦گیروگرفت دەنێنەوە، خۆیان مات دەکەن، چاویان لە هەنگاوەکانمە، بۆ ئەوەی لە دەرفەتێکدا بمکوژن.

٧لە پێناوی تاوانیان سزایان بدە، ئەی خودایە، بە تووڕەیی خۆت گەلان ژێر بخە.

٨خۆت ئاگاداری سەرگەردانی منی، فرمێسکەکانم بخەرە مەشکەی خۆتەوە، ئایا ئەوان لە پەڕتووکی تۆدا نەنووسراون؟

٩لەو ڕۆژەی هاوار بۆ تۆ دەکەم، دوژمنەکانم بەرەو پاش دەکشێنەوە. بەمە دەزانم کە خودا لەگەڵمە.

١٠بە خودا، کە ستایشی پەیامەکەی دەکەم، بە یەزدان، کە ستایشی وشەکەی دەکەم،

١١بە خودا پشت دەبەستم، من ناترسم. مرۆڤ چیم لێ دەکات؟

١٢ئەی خودایە، نەزرەکانی خۆم بۆ تۆ بەجێدەهێنم، قوربانی سوپاسگوزاری پێشکەش دەکەم.

١٣بێگومان تۆ لە مردن فریای گیانم دەکەویت، تۆ پێیەکانی من لە خلیسکان دەپارێزیت، تاکو دۆستایەتی لەگەڵ خودا بکەم و لە ڕووناکی ژیاندا بڕۆم.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.