١ئەی فەرمانڕەوایان، ئایا لە ڕاستیدا بە ڕاستودروستی بڕیار دەدەن؟ ئایا دادپەروەرانە حوکمی ئادەمیزاد دەکەن؟
٢بەڵکو ئێوە لە دڵەوە کار بە خراپە دەکەن، هەروەها دەستتان توندوتیژی لەسەر زەوی ئەنجام دەدات.
٣بەدکاران لە کاتی لەدایکبوونەوە گومڕان، لە سکی دایکیانەوە درۆ دەکەن.
٤ژەهریان وەک ژەهری مارە، وەک ماری کۆبرا کە کەڕە و گوێی خۆی داخستووە،
٥کە ئاوازی ئەفسونگەران نابیستێت، هەرچەندە بە شارەزاییش ئەفسون بکەن.
٦ئەی خودایە، ددانیان لە دەمیان بشکێنە، ئەی یەزدان، کەڵبەی شێران وردوخاش بکە!
٧با بتوێنەوە و وەک ئاو بڕۆن، با تیرەکانیان بشکێت کاتێک کەوان ڕادەکێشن.
٨وەک لولپێچ کە دەتوێتەوە کاتێک دەڕوات، وەک منداڵی لەبارچوو، با خۆر نەبینن.
٩پێش ئەوەی مەنجەڵەکانتان هەست بە ئاگری دڕکەکان بکەن، چ تەڕ بن چ وشک بن، خراپەکانیان ڕادەماڵرێت.
١٠کەسی ڕاستودروست کە تۆڵە دەبینێت شاد دەبێت، پێی خۆی بە خوێنی خراپەکار دەشوا.
١١ئینجا خەڵکی دەڵێن: «بێگومان کەسی ڕاستودروست پاداشتی هەیە، بێگومان خودایەک هەیە کە دادگایی زەوی دەکات.»