کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٥٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی خودای من، فریام بکەوە لە دەست دوژمنەکانم، بمپارێزە لە بەرهەڵستکارانم.

٢فریام بکەوە لە دەست خراپەکاران، ڕزگارم بکە لە دەست خوێنڕێژان.

٣ببینە چۆن خۆیان بۆم مات داوە! ئەی یەزدان، زۆرداران گەمارۆیان داوم، بەبێ ئەوەی تاوان و گوناهم کردبێ.

٤هەرچەندە هەڵەم نەکردووە، ئامادەن بۆ پەلاماردانم. ڕاپەڕە بۆ فریاکەوتنم، بڕوانە گرفتەکەم!

٥تۆ ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، هەستە بۆ سزادانی هەموو نەتەوەکان، لەگەڵ خیانەتکارە بەدکارەکان میهرەبان مەبە.

٦دەمەو ئێواران دەگەڕێنەوە، وەک سەگ دەمڕێنن و بەناو شاردا دەسووڕێنەوە.

٧ئەوەتا تاڵاو لە دەمیانە و شمشێر لە لێویانە، دەڵێن: «کێ گوێی لێمان دەبێت؟»

٨بەڵام تۆ ئەی یەزدان، پێیان پێدەکەنیت، گاڵتە بە هەموو نەتەوەکان دەکەیت.

٩ئەی هێزی من، چاوەڕێی تۆ دەکەم، ئەی خودایە، تۆ پەناگای منیت.

١٠خودا بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دێتە لام، سەرکەوتنم نیشان دەدات بەسەر دوژمنەکانم.

١١ئەی پەروەردگار، قەڵغانی ئێمە، مەیانکوژە، ئەگینا گەلی من لەبیریان دەچێت. بە هێزی خۆت دەربەدەریان بکە و بەریان بدەوە.

١٢لەبەر گوناهەکانی دەمیان، لەبەر وتەکانی لێویان، با گرفتاری لووتبەرزی خۆیان بن. لەبەر ئەو درۆ و نەفرەتانەی کردوویانە،

١٣لە تووڕەییدا بیانفەوتێنە، بیانفەوتێنە هەتا نەمێنن. ئەوسا دەزانن کە خودا فەرمانڕەوایەتی یاقوب دەکات، هەتا ئەوپەڕی زەوی.

١٤دەمەو ئێواران دەگەڕێنەوە، وەک سەگ دەمڕێنن و بەناو شاردا دەسووڕێنەوە.

١٥بەدوای خواردندا وێڵ دەبن، دەوەڕن ئەگەر تێر نەبن.

١٦بەڵام من سروود بەسەر هێزی تۆدا دەڵێم، بەیانییان گۆرانی بەسەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتدا دەڵێم، چونکە تۆ قەڵای منیت، لە ڕۆژی تەنگانەدا پەناگای منیت.

١٧ئەی هێزی من، گۆرانی ستایشت بۆ دەڵێم، ئەی خودایە، تۆ پەناگای منیت، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆتم بۆ دەردەخەی.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.