کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٦٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١با خودا هەستێت، با دوژمنانی پەرشوبڵاو ببنەوە! با ناحەزانی لە ڕووی هەڵبێن!

٢وەک بەباکردنی دووکەڵ بەبایان بکەیت، وەک توانەوەی مۆم لەبەردەم ئاگر، با بەدکارانیش لەبەردەم خودا لەناوبچن.

٣بەڵام با ڕاستودروستان لەبەردەم خودا شاد و دڵخۆش بن، لە خۆشییان شاگەشکە بن.

٤گۆرانی بۆ خودا بڵێن، مۆسیقا بۆ ناوی بژەنن، ئەوەی سواری گالیسکەیە بەسەر هەورەکان بەرزی بکەنەوە، ناوی یەزدانە، لەبەردەمی دڵشاد بن.

٥باوکی هەتیوان و پارێزەری بێوەژنان، خودایە لە چادری پەرستنی پیرۆزی خۆی.

٦خودا ماڵ بۆ لانەوازان دابین دەکات، بەندکراوەکان ئازاد دەکات، بەڵام یاخییەکان لە خاکێکی سووتاو نیشتەجێ دەبن.

٧ئەی خودایە، کاتێک تۆ پێشڕەویی گەلەکەتت کرد، کاتێک بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتیت،

٨زەوی لەرزی و ئاسمان دڵۆپەی کرد لەبەردەم خودا، خودای سینا، لەبەردەم خودا، خودای ئیسرائیل.

٩ئەی خودایە، بارانێکی چاکت باراند، میراتەکەت ماندوو بوو، تۆ بەهێزت کرد.

١٠کۆمەڵەکەت تێیدا نیشتەجێ دەبن، خودایە، بە چاکەی خۆت، بۆ هەژارانت دابین کرد.

١١پەروەردگار فەرمانی دا و کۆمەڵی ژنانی مزگێنیدەر زۆرن:

١٢«پاشایان و لەشکرەکانیان بە خێرایی هەڵدێن! ژنەکان کە لە ماڵ ماونەتەوە تاڵان دابەش دەکەن،

١٣تەنانەت ئەوانەشی کە لەناو تەویلەشن، باڵی کۆترە لە زیو هەڵکێشراوەکەم و پەڕەمووچەی زێڕی بێگەردیان بەردەکەوێ.»

١٤کە خودای هەرە بەتوانا پاشاکانی پەرتەوازە کرد، وەک بارینی بەفر بوو لەسەر کێوی چەلمۆن.

١٥چیای باشان چیای خودایە، چیای باشان چیای فرە لووتکەیە.

١٦ئەی چیا فرە لووتکەکان، بۆچی چاو دەبڕنە ئەو چیایە کە خودا ئارەزووی دەکات تێیدا نیشتەجێ بێت، بەڵێ، ئەوەی یەزدان هەتاهەتایە تێیدا نیشتەجێیە؟

١٧گالیسکەکانی خودا هەزاران هەزارانە، پەروەردگار لە سیناوە هاتە پیرۆزگا.

١٨ئەی یەزدان، کاتێک بەرزبوویتەوە بۆ بەرزایی، دیلێکی زۆرت لەگەڵ خۆت برد، دیاریت لە خەڵک وەرگرت، تەنانەت لە یاخییەکانیش، ئەی خودایە، بۆ ئەوەی تۆ لەوێ نیشتەجێ بیت.

١٩ستایش بۆ پەروەردگار، بۆ خودای ڕزگاریمان، ڕۆژ بە ڕۆژ بارمان هەڵدەگرێت.

٢٠خودا بۆ ئێمە خودای ڕزگارییە، لە مردن دەربازبوونیش لە یەزدانی پەروەردگارەوەیە.

٢١بێگومان خودا سەری ناحەزانی پان دەکاتەوە، تەوقی سەری ئەوانەی بە ڕێگای گوناهدا دەڕۆن.

٢٢پەروەردگار دەفەرموێ: «لە باشانەوە دوژمنانت دەهێنمەوە، لە قووڵایی دەریاکانەوە دەیانهێنمەوە،

٢٣بۆ ئەوەی پێت بە خوێنیان سوور بێت، زمانی سەگەکانت بەشیان هەبێت لێیان.»

٢٤ئەی خودایە، کەژاوەی تۆیان بینی، کەژاوەی خودا و پاشای من بەرەو پیرۆزگا.

٢٥گۆرانیبێژەکان لەپێشەوەن و ساز لێدەرەکان لە دواوە، کچۆڵە دەف لێدەرەکان لە ناوەڕاستیان.

٢٦لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی خودا بکەن، ئەی ڕەچەڵەکی ئیسرائیل، ستایشی یەزدان بکەن.

٢٧ئەوەتا هۆزی بنیامینی بچکۆڵە پێشەوایانە، کۆمەڵێک سەرکردەی یەهودا، سەرکردەکانی زەبولون و نەفتالی.

٢٨ئەی خودایە، تواناکەتمان بۆ دەربخە، ئەی خودایە، پاڵپشتیت دەربخە، هەروەک بۆ ئێمەت کرد.

٢٩لە پەرستگاکەتەوە، لە ئۆرشەلیم، پاشاکان دیاریت پێشکەش دەکەن.

٣٠سەرزەنشتی گیانداری ناو قامیشەڵان بکە، ڕەوە گا و گوێرەکەی گەلان، تاکو بە ملکەچییەوە پارچە زیو پێشکەش بکات. ئەو گەلانەی حەزیان لە شەڕە، پەرتیان بکە.

٣١باڵوێز لە میسرەوە دێن، کوش دەستی خۆی بۆ خودا درێژ دەکات.

٣٢ئەی شانشینەکانی زەوی، گۆرانی بۆ خودا بڵێن، مۆسیقا بۆ پەروەردگار بژەنن،

٣٣بۆ سواری ئاسمان، ئاسمانی دێرین، ئەوەتا دەنگی بەرز دەکاتەوە، بە دەنگێکی بەهێزەوە.

٣٤با هێزی خودا ڕابگەیەنرێت، ئەوەی شکۆمەندییەکەی بەسەر ئیسرائیلەوەیە، ئەوەی هێزی لەناو هەورەکانە.

٣٥خودایە، لە پیرۆزگاکەت سامدارتریت، خودای ئیسرائیل هێز و توانا دەدات بە گەلەکەی. ستایش بۆ خودا!

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.