کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٦٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی خودایە، ڕزگارم بکە، چونکە ئاو هەتا لووتم هاتووە.

٢لە زەلکاوێکی قووڵ نوقوم دەبم، جێی پێی تێدا نییە. چوومەتە ناو قووڵایی ئاو، لافاو ڕایماڵیوم.

٣ماندوو بووم لە هاوارکردن، گەرووم ژان دەکات، چاوەکانم کز بوون هێندە چاوەڕوانی خودام بکەن.

٤ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە لە مووی سەرم زۆرترن، زیاد بوون ئەوانەی دەیانەوێت تێکم بشکێنن، ئەوانەی بە ناڕەوا لە دژی منن. ئەوەی نەمدزیوە ئێستا دەبێت بیدەمەوە.

٥ئەی خودایە، تۆ دەبەنگی من دەزانیت، تاوانەکانم لە تۆ شاراوە نین.

٦ئەی یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، با ئەوانەی هیوایان بە تۆیە، بەهۆی منەوە ڕیسوا نەبن. ئەی خودای ئیسرائیل، با ئەوانەی ڕوو لە تۆ دەکەن، بەهۆی منەوە شەرمەزار نەبن.

٧لە پێناوی تۆ بەرگەی ڕیسواییم گرت، شەرمەزاری ڕووی داگرتم.

٨لەلای براکانم بووم بە بیانی، لەلای کوڕانی دایکم بووم بە بێگانە.

٩دڵگەرمی بۆ ماڵەکەت دەمسووتێنێت، جنێوی ئەوانەی جنێوت پێدەدەن کەوتە سەر من.

١٠کاتێک گریام و بە ڕۆژووگرتن گیانم نزم کردەوە، بوو بە سووکایەتی بۆم.

١١جلوبەرگی گوشم پۆشی، بووم بە پەند لەلایان،

١٢بووم بە جێی سەرنجی ئەوانەی لەبەر دەروازە دادەنیشن، مەستەکانیش دەربارەی من گۆرانی گاڵتەئامێز هەڵدەبەستن.

١٣ئەی یەزدان، من نوێژم بۆ تۆیە، لە کاتی ڕەزامەندیت، ئەی خودایە، بە گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت، بە ڕزگارییە دڵسۆزانەکەت وەڵامم بدەرەوە.

١٤دەربازم بکە لە زەلکاو، با نوقوم نەبم، لە دوژمنەکانم و لە قووڵایی ئاو دەرباز دەبم.

١٥با لافاو ڕام نەماڵێت، قووڵایی ئاو هەڵمنەلووشێت، زەوی قووتم نەدات.

١٦ئەی یەزدان، بەدەنگمەوە وەرە، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چاکە، بەگوێرەی زۆری بەزەییەکەت ئاوڕم لێ بدەوە،

١٧ڕووت لە خزمەتکاری خۆت مەپۆشە، چونکە لە تەنگانەدام، زوو وەڵامم بدەوە.

١٨لێم نزیک بەرەوە و گیانم دەرباز بکە، لەبەر دوژمنانم بمکڕەوە.

١٩تۆ بە سووکایەتی و شەرمەزاری و ڕیسوایی من دەزانیت، هەموو دوژمنەکانم لەبەردەمتن.

٢٠ڕیسوایی دڵی شکاندووم، نەخۆش کەوتووم، چاوەڕێی سۆز بووم، نەبوو، چاوم لە دڵنەوایی گێڕا، دەستم نەکەوت.

٢١ژەهری تاڵیان دەرخواردم دا، لە تینوویەتیم سرکەیان دەرخوارد دام.

٢٢با خوانەکەی بەردەمیان ببێتە داویان، ببێتە سزا و تەڵەیان.

٢٣با بەرچاویان تاریک بێت تاکو نەبینن، هەمیشە پشتیان چەماوە بێت.

٢٤هەڵچوونی خۆتیان پێدا هەڵبڕێژە، با ئاگری تووڕەییت بیانگاتێ.

٢٥با خێوەتگاکانیان چۆڵ بێت، کەس نەبێت لە ڕەشماڵیان نیشتەجێ بێت!

٢٦ئەوەی تۆ لێت داوە، ئەوان دەیچەوسێننەوە و ئەوەی تۆ بریندارت کردووە، باسی ئازارەکانی دەکەن.

٢٧تاوان بخەرە سەر تاوانەکانیان، بێبەشیان بکە لە ڕاستودروستیت.

٢٨لە پەڕتووکی ژیاندا بیانسڕەوە، لەگەڵ ڕاستودروستان ناویان مەنووسە.

٢٩ئەی خودایە، من لە ئازار و تەنگانەدام، با ڕزگاریت بمپارێزێت.

٣٠بە گۆرانی ستایشی ناوی خودا دەکەم، بە سوپاسگوزارییەوە گەورەیی ڕادەگەیەنم.

٣١ئەمە لەلای یەزدان لە گا چاکترە، لە گوێرەکەی بە قۆچ و سم.

٣٢هەژاران دەبینن و شاد دەبن، ئەی ئەوانەی ڕوو لە خودا دەکەن، با دڵتان ببووژێتەوە!

٣٣یەزدان بە دەنگ ستەملێکراوانەوە دەچێت، بە سووکییەوە تەماشای دیلەکانی ناکات.

٣٤با ئاسمان و زەوی ستایشی بکەن، دەریاکانیش و هەرچی تێیاندا دەجوڵێت،

٣٥چونکە خودا سییۆن ڕزگار دەکات و شارەکانی یەهودا بنیاد دەنێتەوە، لەوێ نیشتەجێ دەبن و دەبێتە موڵکیان،

٣٦دەبێتە میرات بۆ منداڵی خزمەتکارەکانی، ئەوانەی ناوی ئەویان خۆشدەوێت تێیدا دەژین.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.