١هەوەڵی ئینجیلی یەسووع مەسیح.
٢چلۆنێکی نووسراوە دە ئەشعیا پێغەمبەردا، ئەوەتا دەنێرمە پێش ڕووی تۆ مەلایکەتی خۆم، ئەوەی کە ڕێک دەخا ڕێی تۆ.
٣دەنگی بانگکەرێکی دە چۆڵیدا دەڵێ: «ڕێی ڕەب حازر بکەن و جادانی وی ڕاست بکەن.»
٤یوحەننا تەعمیددەر دە چۆڵیدا پەیدا بوو و تەعمیدی تۆبەی بۆ بەخشینی گوناحان وەعز دەکرد.
٥و وەدەر کەوتنە کن ئەوی تەواو وڵاتی یەهوودییە و هەموو خەڵکی ئورشەلیمی و لە وێ تەعمید دەکران دە چۆمی ئوردنشوێندا بە ئیقرارکردنی گوناحانی خۆیان.
٦و یوحەننا جلی لە تووکی وشتری بوو و پشتێندێکی چەرم دە پشتیدا و کوللە و هەنگوینی کێوی دەخوارد.
٧و وەعزی دەکرد، دەیگوت: «لەدوای من دێ ئەوەی کە لە من بە قووەتترە، ئەوەی کە ئەمن لایق نیم کە دابێمەوە و بەندی کەوشی وی بکەمەوە.
٨ئەمن ئەنگۆم بە ئاوی تەعمید کرد، بەڵا ئەو ئەنگۆ بە ڕوحولقودوس تەعمید دەکا.»
٩و بوو دەو ڕۆژانەدا کە یەسووع لە ناسرەی جەلیلی هات و لە یوحەننا دە ئوردندا تەعمید کرا.
١٠و جێبەجێ کە لە ئاوی وەدەر کەوت دیتی ئاسمانان ئاواڵە بوونەوە و ڕوح وەکوو کۆترێک هاتە خوارێ سەر ئەوێ.
١١و دەنگێک لە ئاسمانان هات: «ئەتۆ کوڕی خۆشەویستی منی، لە تۆ خۆشحاڵم.»
١٢و زوو ڕوح ئەوی وەدەر خستە چۆڵی.
١٣و چل ڕۆژان دە چۆڵیدا بوو لە شەیتان تەجرەبە دەکرا و دەگەڵ جانەوەران بوو و مەلایکەتان خزمەتی وییان دەکرد.
١٤و لە پاش ئەوەی کە یوحەننا تەسلیم کرا، یەسووع هاتە جەلیلی و وەعزی ئینجیلی خوڵای دەکرد.
١٥و دەیگوت: «وەعدە تەواو بووە و پادشایەتی خوڵای نیزیک بووە. تۆبەی بکەن و ئیمان بە ئینجیلی بێنن.»
١٦و کە بە قەراغی بەحری جەلیلێدا دەڕۆیی، شەمعوونکەس و ئەندرییاسکەس برای شەمعوونی دی کە تۆڕیان دە بەحرێ داویشت؛ چونکە تۆڕەوان بوون.
١٧و یەسووع بە وانی گوت: «لەدوای من وەرن، و ئەنگۆ دەکەمە تۆڕەوانی ئینسانان.»
١٨و جێبەجێ تۆڕانیان بەجێ هێشت و وەدوای وی کەوتن.
١٩و کە کەمێک وەپێش کەوتبوو، یەعقوب کوڕی زەبدی و یوحەننا برای وی دی. ئەوانیش دە گەمێدا تۆڕانیان دەچنیەوە.
٢٠و زوو ئەوانی بانگ کرد و بابی خۆیان زەبدی، دە گەمێدا دەگەڵ کرێکاران بەجێ هێشت و وەدوای وی کەوتن.
٢١و هاتنە نێو کەفەرناحوم و زوو دە شەمۆیدا چوو نێو کەنێشتی و تەعلیمی دا.
٢٢و لە تەعلیمی وی مات بوون، چونکە ئەوانی تەعلیم دەدا وەکوو کەسێکی کە حیکماتی بێ و نە وەکوو خوێندەواران.
٢٣و زوو دە کەنێشتی واندا پیاوێک هەبوو کە ڕوحی پیسی دەگەڵ بوو و قیژاندی.
٢٤دەیگوت: «چمان دەگەڵ تۆ هەیە، ئەی یەسووع ناسری؟ ئەرێ هاتووی کە ئەمە هیلاک بکەی؟ ئەتۆ دەناسم کە کێی، ئەی موقەدەسی خوڵای.»
٢٥و یەسووع هەڕەشەی لێ کرد، دەیگوت: «بێدەنگ بە و لەوی وەدەر بکەوە.»
٢٦و ڕوحی پیس ئەوی ئاڵۆز کرد و قیژاندی بە دەنگێکی گەورە و لەوێ وەدەر کەوت.
٢٧و هەموو عەجایب مان وەها کە لە یەکتریان دەپرسی دەیانگوت: «ئەوە چییە؟ تەعلیمێکی تازەی بە قووەت، لەسەر ڕوحانی پیسیش ئەمر دەکا و ئیتاعەتی دەکەن.»
٢٨و نێوبانگی وی زوو وەدەر کەوت هەموو جێ دە تەواوی وڵاتی دەوری جەلیلیدا.
٢٩و جێبەجێ کە لە کەنێشتی وەدەر کەوتن، هاتنە ماڵی شەمعوون و ئەندرییاس دەگەڵ یەعقووب و یوحەننا.
٣٠و خەسووی شەمعوون بە نۆبەتێ کەوتبوو و زوو خەبەریان لە وی بە وی دا.
٣١و چوو کن ئەوی، دەستی گرت، هەڵی ئەستاند و نۆبەتێ بەری دا و خزمەتی وانی کرد.
٣٢و کە ئێوارێ بوو، وەختی ڕۆژئاوای، هەموو نەخۆشان و جندارانیان هێنا کن ئەوی.
٣٣و تەواوی شاری لە بەر دەرکەی خڕ بوونەوە.
٣٤و زۆرانی کە نەخۆش بوون بە نەخۆشیانی جوێ جوێ ساغ کردەوە و جننانی زۆری دەر کرد و نەییێشت کە جننان قسان بکەن، چونکە ئەویانی ناسی.
٣٥و سبحەینێ زوو هەڵستا و وەدەر کەوت و چوو جێیەکی چۆل و لەوێ نوێژی دەکرد.
٣٦و شەمعوون و ئەوانەی کە دەگەڵ ئەوی بوون، لە دوای وی کەوتن.
٣٧و ئەویان پەیدا کرد و بە وییان گوت: هەموو لە تۆ دەگەڕێن.
٣٨و بە وانی گوت: «با بڕۆینە جێیەکی دیکە، بۆ قەسەبانی نیزیک، کە لەوێش وەعز بکەم، چونکە بۆ ئەوێ وەدەر کەوتووم.»
٣٩و هات و دە تەواوی جەلیلی دە کەنێشتانی واندا وەعزی دەکرد و جننانی دەر دەکرد.
٤٠و گولێک هاتە کن ئەوی، لێی تەڵەب کرد و چۆکی لەپێش دادا و بە وی گوت: «ئەگەر بتەوێ دەتوانی ئەمن پاک بکەیەوە.»
٤١و یەسووع ڕەحمی کرد، دەستی درێژ کرد، دەستی لێ دا و بە وی گوت: «دەمەوێ، پاک بەوە.»
٤٢و جێبەجێ، گولێتی لەسەر ئەوی لاچوو و پاک بۆوە.
٤٣و قەدەغەی لێ کرد و جێبەجێ ڕەوانەی کرد.
٤٤و بە وی گوت: «هۆشیار بە و بە هیچکەس مەڵێ، بەڵا بڕۆ خۆت بە کاهین نیشان بدە و ئەو قوربانییە بەرە بۆ پاکبوونەوەی خۆت کە مووسا ئەمری کردووە بۆ شایەدی لەسەر ئەوان.»
٤٥بەڵا ئەو وەدەر کەوت و دەستی پێ کرد کە زۆری خەبەر بدا و کە ئەو قسەی بڵاو بکا وەها کە ئەو نەیدەتوانی بە ئاشکرا بچێتە نێو شارێکی، بەڵا لە دەرەوە دە جێی چۆڵدا بوو لە هەموو لایان دەهاتنە کن ئەوی.