١و کە ئەو لە هەیکەلێ وەدەر دەکەوت یەکێک لە شاگردان بە وی گوت: «ئەی مامۆستا! تەماشا بکە چی بەردانێ و چی جور عیمارەتان.»
٢و یەسووع بە وی گوت: «ئەرێ دەبینن ئەو عیمارەتانەی گەورە؟ بەرد لەسەر بەرد قەت نامێنێ کە نەڕوخێندرێ.»
٣و کە ئەو لەسەر کێوی زەیتوونێ بەرامبەری هەیکەلێ ڕۆدەنیشت، پیترۆس و یەعقووب و یوحەننا و ئەندریاس بەتەنێ لێیان پرسی.
٤«بە مە بڵێ کەنگی ئەوانە دەبن؟ و نیشانەی چییە وەختێکی ئەوانە هەموو تەواو دەبن؟»
٥بەڵا یەسووع دەستی پێ کرد کە بە وان بڵێ: «هۆشیار بن کە هیچکەس ئەنگۆ هەڵنەخەڵەتێنێ.
٦زۆران بە نێوی من دێن و دەڵێن کە ئەمنم و زۆران هەڵدەخەڵەتێنن.
٧ئەمما وەختێکی لە شەڕان دەبیێن مەشێوێن، لازمە کە ببێ، بەڵا هێشتا ئاخیری نییە.
٨چونکە میللەت لەسەر میللەت ڕاست دەبێتەوە و پادشایەتی لەسەر پادشایەتی و زلزلان دە جێ جێیاندا دەبن و قاتییان دەبن، ئەوانە هەوەڵی ژانانن.
٩بەڵا ئەنگۆ بۆخۆتان هۆشیار بن، ئەوان ئەنگۆ بە مەجلیسی کەیخودایان تەسلیم دەکەن و دە کەنێشتاندا دەکوترێن و لە پێش حاکمان و پادشایان ڕادەگیرێن لەبەر خاتری من، بۆ شایەدی لەسەر ئەوان.
١٠و لازمە کە هەوەڵی ئەو ئینجیلەی بۆ هەموو میللەتان وەعز بکرێ.
١١وە وەختێکی ئەوان ئەنگۆ دەبەن و تەسلیموو دەکەن، خەمێ مەخۆن دە پێشدا کە چی قسان بکەن، بەڵا هەر چی کە بە ئەنگۆ دەو سەعاتەیدا بدرێ، ئەوی قسان بکەن، چونکە ئەنگۆ نین کە قسان دەکەن بەڵا ڕوحولقدوسە.
١٢و برا، برای بە مردنێ تەسلیم دەکا و باب ئەولادی و ئەولادان لەسەر والدەین ڕاست دەبنەوە و دەیانکوژن.
١٣و ئەنگۆ لەکن هەموو خەڵکی دەبوغزێندرێن لەبەر نێوی من، بەڵا ئەوەی کە هەتا ئاخیرێ سەبرێ بکا ئەو خڵاس دەبێ.
١٤بەڵا وەختێکی ناحەزی وێرانی ڕاوەستاو لە جێیەکی کە نابێ ببێ دەبینن ئەوەی کە دەیخوێنێ با بفامێ- ئەو وەختی ئەوانەی کە دە یەهوودی دان با بۆ کێوان هەڵێن.
١٥ئەوەی کە لە سەر بانییە با نێتە خوارێ و نەچیتە ژوورێ کە چتێکی لە ماڵی خۆی هەڵگرێ.
١٦و ئەوەی کە دە زەویدایە با نەگەڕێتە ئەو چتانەی پاشەوە کە جلی خۆی هەڵگرێ.
١٧ئەمما وای بۆ ئاوسان و شیردەران دەو ڕۆژانەدا.
١٨بەڵا دوعا بکەن کە دە زستانیدا نەبێ.
١٩چونکە دەو ڕۆژانەدا وەها تەنگانەیەک دەبێ کە وەکوو ئەوەی لە هەوەڵی خەڵقکردنێ کە خوڵا خەڵقی کرد هەتا ئەوێستا نەبووە و قەتیش نابێ.
٢٠و ئەگەر ڕەب ئەو ڕۆژانەی کورت نەکردبایە هیچ گیانێک خڵاس نەدەبوو، بەڵا لەبەر هەڵبژێراوان کە هەڵیبژاردووە ئەو ڕۆژانەی کورت کردووە.
٢١و ئەو وەختی ئەگەر کەسێک بە ئەنگۆ بڵێ، ئەوەتا مەسیح لێرەیە یان ئەوەتا لەوێ، باوەڕ مەکەن.
٢٢چوونکە مەسیحانی درۆزن و پێغەمبەرانی درۆزن ڕاست دەبنەوە و نیشانان و عەجایبان دەکەن هەتاکوو ئەگەر مومکین ببێ، هەڵبژێراوانیش هەڵبخەڵەتێنن.
٢٣بەڵا ئەنگۆ هۆشیار بن. هەموو چتم دە پێشدا بە ئەنگۆ کوتووە.
٢٤بەڵا دەو ڕۆژانەدا، لە پاش ئەو تەنگانەی، ڕۆژ تاریک دەبێ و مانگ ڕووناکایی خۆی نادا.
٢٥و ئەستێران لە ئاسمانێ بەر دەبنەوە و قووەتان کە دە ئاسماناندان دەلەرزن.
٢٦و ئەو وەختی کوڕی ئینسانی دەبینن دە هەوراندا بە قووەتی زۆر و جەلال دێ.
٢٧و ئەو وەختی مەلایکەتان دەنێرێ و هەڵبژێراوانی خۆی خڕ دەکاتەوە لە چوار لایان، لە پەڕی ئەرزێ، هەتا پەڕی ئاسمان.
٢٨بەڵا لە دارەهەنجیری ئەو مەسەلەی فێر بن: وەختێکی لکی وی تازە شیرەدار بووە و گەڵای دەر دەکا، دەزانن کە هاوین نیزیکە.
٢٩هەر واش ئەنگۆ وەختێکی بوونی ئەو چتانە دەبینن بزانن کە نیزیکە لە بەر دەرکەی.
٣٠ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەو سلسلە قەت ڕانابرێ هەتا ئەو چتانە هەموو دەبن.
٣١ئەرز و ئاسمان ڕادەبرن، بەڵا کەلامی من قەت ڕانابرن.
٣٢بەڵا لە ئەو ڕۆژە یان سەعاتە کەس نازانێ، نە مەلایکەتان دە ئاسماندا و نە کوڕ بێجگە لە باب.
٣٣هۆشیار بن، بە خەبەر بن، چونکە نازانن ئەو وەعدە کەنگییە.
٣٤وەکوو پیاوێکی سفرەی ماڵی خۆی بەجێ هێشت و بە خزمەتکارانی خۆی حیکماتی دا. بە هەر یەکەی کاری خۆی و بە دەرکەوانی ئەسپارد کە بەخەبەر بێ.
٣٥دەنا بەخەبەر بن، چونکە نازانن ساحیب ماڵی، کەنگێ دێ، یان ئێوارەی یان نیوەشەوێ یان کەڵەباب خوێندنێ یان سبحەینێ زوو.
٣٦نەبا کە وەختێکی لەناکاو بێ، ئەنگۆ نووستوو ببینێ.
٣٧بەڵا ئەوەی کە بە ئەنگۆ دەڵێم، بە هەمووان دەڵێم: بەخەبەر بن.»