١و لە پاش دوو ڕۆژان جێژنی فەسح و فەتیری بوو و کاهینانی گەورە و خوێندەواران حەولیان دەدا چلۆن ئەوی بە فێڵ بگرن و بیکوژن.
٢چونکە کوتیان دە جێژنیدا نە، نەبا شێواوی لەنێو قەومی ببێ.
٣و وەختێکی ئەو دە بەیت عەنیا دە ماڵی شەمعوونی گولدا بوو و کە لەسەر سفرەی ڕۆنیشتبوو، ژنێک هات کە شووشەیەکی ڕۆنی ناردینی خالس و زۆر بە قیمەتی هەبوو. شووشەکەی شکاند و بە سەری ویدا ڕشت.
٤و هێندێک دە خۆیاندا ناقایل بوون و کوتیان، «بۆچی زایەی ئەو ڕۆنەی بووە؟
٥چونکە مومکین بوو کە ئەو ڕۆنە بە پتر لە سێسەد دینار بفرۆشرێ و بە فەقیران بدرێ.» و بۆڵەبۆڵیان لەسەر ئەوەی کرد.
٦بەڵا یەسووع کوتی: «لێی گەڕێن، بۆچی ئەوی عاجز دەکەن؟ عەمەلێکی چاکی بۆ من کردووە.
٧چونکە فەقیرانوو هەمیشە دەگەڵ خۆتان هەیە و هەر وەختێکی کە بتانەوێ دەتوانن چاکەی دەگەڵیان بکەن، بەڵا ئەمنوو هەمیشە نییە.
٨ئەوەی کە توانی کردی، بەدەنی منی دە پێشدا چەور کردەوە بۆ ناشتنێ.
٩ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر جێیەکی کە ئینجیل وەعز دەکرێ دە هەموو دنیایدا، خەبەریش دەدرێ لە ئەوەی کە ئەو کردی بۆ یادگاری وی.»
١٠و یەهودای ئێسخەریوتی یەکێک لەو دوازدانە چۆ کن کاهینانی گەورە کە ئەوی بە وان تەسلیم بکا.
١١و کە ئەوان بیستیان خۆشحاڵ بوون و وەعدەیان کرد کە دراو بە وی بدەن. و حەولی دەدا چلۆن ئەوی بە فورسەت تەسلیم بکا.
١٢و دە ڕۆژی هەوەڵی جێژنی فەتیرێدا کە بەرخی فەسحیان دەکوشتەوە، شاگردان بە وییان گوت: «بۆ کوێ دەتەوێ کە بچین و حازر بکەین کە فەسحی بخۆی؟»
١٣و دوانی لە شاگردانی خۆی نارد و بە وانی گوت: «بڕۆنە شاری و پیاوێک تووشوو دەبێ کە جەڕێک ئاو هەڵدەگرێ، وەدوای وی بکەون.
١٤و دە هەر جێیەکیدا کە بچیتە ژوورێ بە ساحیب ماڵی بڵێن کە مامۆستا دەڵێ: «لە کوێیە ئەو مەنزڵەی من کە لەوێ دەگەڵ شاگردانی خۆم فەسحی بخۆم؟
١٥و ئەو بە ئەنگۆ نیشان دەدا باڵاخانەیەکی گەورە، فەڕشکراو و حازر و لەوێ بۆ مە حازر بکەن.»
١٦و شاگردان وەدەر کەوتن و هاتنە نێو شاری و هەر وەکوو ئەو بە وانی کوتبوو پەیدایان کرد و فەسحیان حازر کرد.
١٧و کە ئێوارێ بوو، دەگەڵ ئەو دوازدانە هات.
١٨و کە ئەوان ڕۆنیشتبوون و دەیانخوارد یەسووع کوتی: «ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم کە یەکێک لە ئەنگۆ، ئەمن تەسلیم دەکا، ئەوەی کە دەگەڵ ئەمن دەخوا.»
١٩و دەستیان پێ کرد کە خەمناک ببن و بە وی بڵێن؛ یەک یەک، مەگەر ئەمنم؟
٢٠بەڵا ئەو بە وانی گوت: «یەکێک لەو دوازدانە، ئەوەی کە دەگەڵ ئەمن دەست دە قاپی دەخا.
٢١چونکە هەڵبەتە کوڕی ئینسانی دەڕوا چلۆنێکی بەحسی وی نووسراوە؛ بەڵا وای بۆ ئەو کەسەی کە کوڕی ئینسانی بە سەبەبی وی تەسلیم دەکرێ. بۆ ئەو کەسە چاکتر دەبوو ئەگەر بە وەلەد نەبووبایە.»
٢٢و کە ئەوان نانیان دەخوارد، یەسووع نانی هەڵگرت؛ ممبارەکی کرد، لەتی کرد و دای بە وان و کوتی: «وەرگرن، ئەوە بەدەنی منە.»
٢٣و پیاڵەیەکی هەڵگرت، شوکری کرد، دای بە وان و هەموویان لە وییان خواردەوە.
٢٤و بە وانی گوت: «ئەوە خوێنی منە ئەی عەهدی تازە، کە بۆ زۆران دەڕێژێندرێ.
٢٥ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم کە ئیدی قەت ناخۆمەوە لە حاسڵی مێوی هەتا ئەو ڕۆژەی کە دە پادشایەتی خوڵایدا ئەوی تازە دەخۆمەوە.»
٢٦و کە زەبووریان خوێندبوو بۆ کێوی زەیتوونی وەدەر کەوتن.
٢٧و یەسووع بە وانی گوت: «هەمووتان لە من هەڵدەنگوترێن، چونکە نووسراوە لە شوانی دەدەم و مەڕان بڵاو دەبن.
٢٨بەڵا لە پاش هەڵستانەوەی من وەپێش ئەنگۆ دەکەوم بۆ جەلیلێ.»
٢٩و پیترۆس بە وی گوت: «ئەگەر هەموو هەڵبنگوترێن بەڵا ئەمن نە.»
٣٠و یەسووع بە وی گوت: «ڕاستی بە تۆ دەڵێم کە ئەتۆ ئەوڕۆ، دەو شەوەیدا، لە پێش ئەوەی کە کەڵەباب دوو جار بخوێنێ، سێ جار لە من حاشا دەکەی.»
٣١بەڵا ئەو هەر زۆر زیاتر کوتی: «ئەگەر بۆ من لازم بێ کە دەگەڵ ئەتۆ بمرم، قەت لە تۆ حاشا ناکەم» و هەر واش هەموو کوتیان.
٣٢و هاتنە جێیەکی کە نێوی گتسمانی بوو و بە شاگردانی خۆی گوت: «ڕۆنیشن لێرە هەتا دوعا بکەم.»
٣٣و پیترۆس و یەعقوب و یوحەننای دەگەڵ خۆی هەڵگرت و دەستی پێ کرد بە ترسان و دڵتەنگی.
٣٤و بە وانی گوت: «گیانی من زۆر خەمناکە هەتا مردنێ، لێرە بمێنن و بەخەبەر بن.»
٣٥و کەمێک چۆ پێش و کەوتە سەر ئەرزێ و دوعای کرد کە ئەگەر مومکین بێ ئەو سەعاتە لەسەری ڕاببرێ.
٣٦و کوتی: «یا ئەببا بابە، هەموو چت بۆ تۆ مومکینە. ئەو پیاڵەی لە من هەڵگرە؛ ئەمما نە ئەوەی کە ئەمن دەمەوێ، بەڵا ئەوەی کە ئەتۆ دەتەوێ.»
٣٧و هات و ئەوانی نووستوو پەیدا کرد و بە پیترۆسی گوت: «ئەی شەمعوون نووستووی؟ ئەرێ نەتدەتوانی سەعاتێک بەخەبەر بی؟
٣٨بە خەبەر بن و دوعا بکەن هەتاکوو دە تەجرەبەی نەکەون. هەڵبەتە ڕوح ڕازییە، بەڵا بەدەن زەعیفە.»
٣٩و دیسان چوو و دوعای کرد، هەر ئەو قسەی دەگوت.
٤٠و کە دیسان گەڕاوە ئەوانی نووستوو پەیدا کرد چونکە چاوی وان گران بوون. و نەیاندەزانی چی جواب بە وی بدەن.
٤١و جاری سێیەم هات و بە وانی گوت: «ئەوێستا بنوون و بحەسێنەوە. بەسە ئەو سەعاتە هاتووە ئەوەتا کوڕی ئینسانی بە دەستانی گوناحکاران تەسلیم دەکرێ.
٤٢هەڵستن با بڕۆین، ئەوەتا ئەوەی کە ئەمن تەسلیم دەکا نیزیکە.»
٤٣و جێبەجێ کە هێشتا ئەو قسەی دەکرد، یەهوودا، یەکێک لەو دوازدانە هات و غەڵەبایییەک دەگەڵ ئەوی بە شیران و کوتکان لە لای کاهینانی گەورە و خوێندەواران و پیران.
٤٤و تەسلیمکەری وی نیشانێکی بە وان دابوو دەیگوت: «ئەوەی کە ماچی دەکەم هەوە، بیگرن و بە هۆشیاری بیبەن.»
٤٥و کە هات جێبەجێ وەپێش کەوتە کن ئەوی و کوتی؛ ئەی مامۆستا و ئەوی ماچ کرد.
٤٦و ئەوان دەستانیان هاویشتە سەر ئەوی و گرتیان.
٤٧بەڵا یەکێک لە حازران شیری هەڵکێشا و لە خزمەتکاری کاهینی گەورەی دا و گوێی وی بڕی.
٤٨و یەسووع جوابی دا و بە وانی گوت: «وەکوو بۆ سەر جەردەیەکی وەدەر کەوتوون بە شیران و کوتکان هەتاکوو ئەمن بگرن.
٤٩هەر ڕۆژ دەگەڵ ئەنگۆ دە هەیکەلێدا بووم و تەعلیمم دەدا و ئەمنوو نەگرت، بەڵا هەتاکوو کتێبان تەواو ببن، ئەوە بووە.»
٥٠و هەموو ئەویان بەجێ هێشت و هەڵاتن.
٥١و جحێڵێک وەدوای وی دەکەوت کە چارشێوێکی کەتانی لە بەدەنی ڕووتی خۆی هاڵاندبوو و ئەویان گرت.
٥٢بەڵا ئەو چارشێوی بەجێ هێشت و بە ڕووتی هەڵات.
٥٣و یەسووعیان بردە کن کاهینی گەورە. و هەموو کاهینانی گەورە و پیران و خوێندەواران خڕ بوونەوە.
٥٤و پیترۆس لە دوورەوە وەدوای وی کەوت هەتا ژوور حەساری کاهینی گەورە و دەگەڵ خزمەتکاران ڕۆنیشتبوو و خۆی لەبەر ئاوری گەرم دەکردەوە.
٥٥و کاهینانی گەورە و هەموو مەجلیسی کەیخودایان لە شایەدی لەسەر یەسووع دەگەڕان هەتاکوو بیکوژن و وەدەستیان نەدەکەوت.
٥٦چونکە زۆران شایەدی بە درۆیان لەسەر ئەوی دەدا و شایەدییان یەک نەبوون.
٥٧و هێندێک ڕاست بوونەوە و شایەدی بە درۆیان لەسەر ئەوی دا، دەیانگوت:
٥٨«ئەمە بیستمان لە ئەوی کە دەیگوت: ئەمن ئەو هەیکەلەی بە دەست دروستکراو دەڕوخێنم و بە سێ ڕۆژان یەکی دیکە بە دەست دروستنەکراو دروست دەکەم.»
٥٩و بە ئەوەش شایەدی وان یەک نەبوو.
٦٠و کاهینی گەورە هەڵستا نێوەڕاستی لە یەسووع پرسیاری کرد دەیگوت: «ئەرێ هیچ جواب نادەی؟ ئەوانە لەسەر ئەتۆ چی شایەدی دەدەن؟»
٦١بەڵا ئەو بێدەنگ بوو و هیچ جوابی نەدا. دیسان کاهینی گەورە لێی پرسی و بە وی گوت: «ئەرێ ئەتۆی مەسیح کوڕی ئەو ممبارەکەی؟»
٦٢و یەسووع کوتی: «ئەمنم و ئەنگۆ کوڕی ئینسانی دەبینن کە لەلای ڕاستی قووەتی ڕۆدەنیشێ و دەگەڵ هەورانی ئاسمان دێ.»
٦٣بەڵا کاهینی گەورە جلی خۆی دڕی و کوتی: «ئیدی چی ئیحتیاجیمان بە شایەدی هەیە؟
٦٤کفروو بیستووە تەگبیروو چییە؟ و ئەوان هەموو حوکمیان لەسەر ئەوەی کرد کە لایقی مردنێیە.»
٦٥و دەستیان پێ کرد، هێندێک کە تفی لێ بکەن و کە ڕووی وی دابپۆشن و مستی لێ بدەن و بە وی بڵێن پێغەمبەرێتی بکە! و فراشاندەقی نائاشکرا بە زللان ئەویان وەرگرت.
٦٦و کە پیترۆس لە خوارێ دە حەسارێدا بوو یەکێک لە قەرواشانی کاهینی گەورە هات.
٦٧و کە پیترۆسی دی کە خۆی گەرم دەکردەوە، تەماشای وی کرد و کوتی: «ئەتۆش دەگەڵ یەسووع ناسری بووی.»
٦٨بەڵا ئەو حاشای کرد دەیگوت: «نازانم و نافامم ئەتۆ دەڵێی چی.» و وەدەر کەوتە دەرێ دە داڵانیدا.
٦٩و کە قەرواشەکە ئەوی دی، دیسان دەستی پێ کرد کە بە حازران بڵێ؛ ئەوە لە وانە.
٧٠بەڵا ئەو دیسان حاشای کرد. و لە پاش کەمێک دیسان حازران بە پیترۆسیان گوت: «بەڕاستی ئەتۆ لە وانی چونکە ئەتۆش جەلیلی.»
٧١بەڵا ئەو دەستی پێ کرد کە لەعنەت بکا و سوێند بخوا، ئەو پیاوەی ناناسم کە ئەنگۆ قسەی لێ دەکەن.
٧٢و جێبەجێ کەڵەباب جاری دوویەم خوێندی. و پیترۆس ئەو قسەی وەبیر هاتەوە چلۆنێکی یەسووع بە وی کوتبوو: «لە پێش ئەوەی کە کەڵەباب دوو جار بخوێنێ، سێ جار لە من حاشا دەکەی.» و کە فکری لێ کردەوە گریا.