١و جێبەجێ سبحەینێ زوو کاهینانی گەورە دەگەڵ پیران و خوێندەواران و هەموو مەجلیسی کەیخودایان تەگبیریان کرد، یەسووعیان بەست و بردیان و بە پیلاتۆسیان تەسلیم کرد.
٢و پیلاتۆس لێی پرسی: «ئەرێ ئەتۆ پادشای یەهوودیانی؟» بەڵا ئەو جوابی بە وی دا و کوتی: «ئەتۆ دەڵێی.»
٣و کاهینانی گەورە گلەیییان زۆر لە وی دەکرد.
٤و پیلاتۆس دیسان لێی پرس، دەیگوت: «ئەرێ هیچ جواب نادەی؟ ئەوەتا چەند چتان لە تۆ گلەیی دەکەن.»
٥بەڵا یەسووع ئیدی هیچ جوابی نەدا وەها کە پیلاتۆس عەجایب ما.
٦بەڵا دە جێژنیدا گرتوویەکی بەرەڵڵا دەکرد، هەر کەس کە تەڵەبیان کردبا.
٧و یەکێک هەبوو نێوی براباس کە گیرابوو دەگەڵ شلۆقان کە دە شلۆقیدا قەتڵیان کردبوو.
٨و خەڵکی چوونە سەری و دەستیان پێ کرد کە تەڵەب بکەن کە وەکوو هەمیشە بۆ وانی دەکرد، وا بکا.
٩و پیلاتۆس بە وان جوابی دا، دەیگوت: «ئەرێ دەتانەوێ کە پادشای یەهوودیان بۆ ئەنگۆ بەرەڵڵا بکەم؟»
١٠چونکە دەیزانی کە کاهینانی گەورە لە بەخیلی ئەویان تەسلیم کردبوو.
١١بەڵا کاهینانی گەورە خەڵکیان فێر کرد کە براباسی بۆ وان بەرەڵڵا بکا.
١٢و پیلاتۆس دیسان جوابی دا و بە وانی گوت: «دەنا چوو دەوێ کە دەگەڵ ئەوی بکەم، کە پێی دەڵێن پادشای یەهوودیان؟»
١٣بەڵا ئەوان دیسان قیژاندیان: «ئەوی لە سێدارەی بدە!»
١٤و پیلاتۆس بە وانی گوت: «دەنا چی خراپییەکی کردووە؟» بەڵا ئەوان هەر پتر قیژاندیان، ئەوی لە سێدارەی بدە!
١٥و کە پیلاتۆس کەیفی لێ بوو کە خەڵکی ڕازی بکا؛ براباسی بۆ وان بەرەڵڵا کرد. و کە لە یەسووع قامچی لێ دابوو تەسلیمی کرد کە لە سێدارەی بدرێ.
١٦و عەسکەران ئەویان بردە ژوور حەسارێ کە دیوانخانەیە و هەموو فەوجیان بانگ کرد.
١٧و جلێکی سوور دەبەر ئەویان کرد و تاجێکیان لە دڕووی چنی و لە سەریان دانا.
١٨و دەستیان پێ کرد کە سڵاوی لێ بکەن، سەلام ئەی پادشای یەهوودیان!
١٩و بە قامیشێکی لە سەری وییان دەدا و تفیان لێ دەکرد و چۆکیان دادەدا و سجدەیان لێ دەکرد.
٢٠و کە گەپیان پێ دابوو؛ جلە سوورەکە لەبەر ئەویان داکەند و جلی خۆی دەبەریان کرد و بردیانە دەرێ کە لە سێدارەی بدەن.
٢١و ڕێبوارێکی کە لە زەوی دەهات، شەمعوون کووڕێنی، بابی ئەسکەندەر و ڕوفوسیان مەجبوور کرد کە سێدارەی وی هەڵگرێ.
٢٢و ئەویان بردە جێیەکی نێوی گۆلگۆتا کە تەرجەمە دەکرێ بە جێی کاسەی سەر.
٢٣و شەراپی تێکەڵ بە مۆریان بە وی دا، بەڵا ئەو قەبوڵی نەکرد.
٢٤و ئەویان لە سێدارەی دا و جلی وییان بەش کرد کە پشکیان لێ داویشت کە هەر یەکە چی وەرگرێ.
٢٥بەڵا سەعاتی سێیەم بوو و ئەویان لە سێدارەی دا.
٢٦و سەرنامی خەتای وی وا نووسرابوو: «پادشای یەهوودیان.»
٢٧و دەگەڵ ئەوی دوو جەردەیان لە سێدارەی دا، یەکێک لە لای ڕاستی و یەکێک لە لای چەپی.
٢٨و ڕێبواران کفریان پێ دەکرد و سەری خۆیان ڕادەوەشاند و دەیانگوت.
٢٩ها ئەی خراپکەری هەیکەلێ و دروستکەری وی دە سێ ڕۆژاندا!
٣٠خۆت خەڵاس بکە و وەرە خوارێ لە سێدارەی.
٣١و هەر واش کاهینانی گەورە دەگەڵ خوێندەواران، دەنێو خۆیاندا گەپیان پێ دەدا و کوتیان: «ئی دیکانەی خەڵاس کردووە، خۆی ناتوانێ خەڵاس بکا.
٣٢مەسیح پادشای ئیسرائیل، با ئەوێستا بێتە خوارێ لە سێدارەی هەتاکوو ببینین و ئیمان بێنین.» و ئەوانەش کە دەگەڵ ئەوی لە سێدارەی درابوون خراپیان بە وی دەگوت.
٣٣و کە سەعاتی شەشەم داهات؛ تاریکایی لەسەر هەموو ئەرزێ بوو هەتا سەعاتی نۆیەم.
٣٤و دە سەعاتی نۆیەمدا یەسووع بە دەنگێکی بڵند قیژاندی: «ايلوی ايلوی لما سبختنیعەرەبی!» کە تەرجەمە دەکرێ «یا خوڵای من، یا خوڵای من؛ بۆچی ئەمنت بەجێ هێشتووە؟»
٣٥و هێندێک لە حازران وەختێکی بیستیان، کوتیان: «ئەوەتا ئەو ئەلیاسی بانگ دەکا.»
٣٦و یەکێک لنگی دا و هەورییەکی لە سرکە پڕ کرد و لەسەر قامیشێکی دانا و دای بە وی کە بخواتەوە، دەیگوت: «لێی گەڕێن! با ببینین ئەگەر ئەلیاس بێ کە ئەوی بهێنێتە خوارێ.»
٣٧و یەسووع بە دەنگێکی بڵند قیژاندی و ڕوحی تەسلیم کرد.
٣٨و پەردەی هەیکەلێ دوو لەت بوو لە سەرڕا هەتا خوارێ.
٣٩و کە یوزباشی کە بەرامبەری وی ڕاوەستابوو دیتی کە وەها ڕوحی تەسلیم کرد، کوتی: «بەڕاستی ئەو پیاوە کوڕی خوڵای بوو.»
٤٠و چەند ژنانیش هەبوون کە لە دوورەوە تماشایان دەکرد، کە لەنێو ئەوان مریەم مەگدەلیش بوو و مریەم دایکی یەعقووبی چکۆلە و یوسی و سالۆمە.
٤١ئەوانەی کە وەدوای وی دەکەوتن و خزمەتیان دەکرد، وەختێکی دە جەلیلێدا بوو و زۆرانی دیکە کە دەگەڵ ئەوی وەسەر کەوتبوونە ئورشەلیمی.
٤٢و کە ئێوارە داهات، چونکە ڕۆژی تەداروک بوو کە لە پێش شەمۆیە.
٤٣یوسف، ئەوەی کە لە ئەریماتییە؛ موشیرێکی ماقوڵ هات کە بۆخۆشی چاوەنۆڕی پادشایەتی خوڵای بوو و جورئەتی کرد، چۆ کن پیلاتۆس و مەیتی یەسووعی تەڵەب کرد.
٤٤و پیلاتۆس عەجایب ما ئەگەر ئەلان مردبێ و یوزباشی بانگ کرد و پرسیاری لێ کرد ئەگەر لەمێژ بوو مردبوو.
٤٥و کە یوزباشی زانی، مەیتی بە یوسفی بەخشی.
٤٦و کەتانی کڕی و ئەوی هێنا خوارێ و بەو کەتانەی پێچایەوە و دە قەبرێکی نا کە دە شاخیدا هەڵقەندرابوو و بەردێکیان لەسەر دەرکی قەبری خللۆر کردەوە.
٤٧و مریەم مەگدەلی و مریەم دایکی یوسی تەماشایان دەکرد لە کوێ داندرابوو.